بەشدار عوسمان:ئەو دۆسیەیە لەلای ئێمە و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بەكراوەیی ماوەتەوە و بەكراوەیش دەمێنێتەوە

 5ی ئایاری 2020، 10 ساڵ بەسەر رفاندن و پاشان تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا بكوژانی ئەو رۆژنامەنوسەی باشوری كوردستان ئاشكرانەكراوە، كەسوكارەكەشی رایدەگەیەنن، تێپەڕبونی كات لەسەر خواست و داواكانیان سورتریان دەكات.

بەشدار عوسمان، برای سەردەشت عوسمان رۆژی سێشەممە بە خەندان-ی راگەیاند، “لە دەیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان جەختدەكەینەوە، ئەو دۆسیەیە لەلای ئێمە و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بەكراوەیی ماوەتەوە و بەكراوەیش دەمێنێتەوە، هەمان خواستی یەكەمین رۆژەكانی لەدەستدانی سەردەشت دوپاتدەكەینەوە، دەبێت بكوژانی سەردەشت و ئەوانەی لەپشت تیرۆركردنیەوە بون دادگایی بكرێن، تێپەڕبونی كاتیش لەسەر خواست و داواكانمان سورترمان دەكات”.

سەبارەت بە سەرەداوەكانی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، بەشدار عوسمان وتی، “لەسەرەتاوە بەڵگە و زانیاری زۆر لەبەردەستدا بون، چونكە لەبەردەم كۆلێژەكەیدا و لەبەرچاوی خەڵك و هێزەكانی زێڕەڤانی و پاسەوانی كۆلێژەكەیدا رفێندرا، بە بەرچاوی چەندین كامێرای چاودێریەوە بۆ شارێكی دیكە دەرباز كرا”.

باسی لەوەشكرد، دەزگاكانی دادوەری و لایەنە ئەمنیەكان دەیانتوانی كار لەسەر بەڵگەو زانیاریەكان بكەن، بەڵام “بەداخەوە كاریان نەكرد، هەوڵیاندا زانیاری ناڕاست بڵاوبكەنەوە و بكوژانی راستەقینە لەبەرچاوی ئێمە و خەڵكی كوردستان ون بكەن، بۆیە نەتوانرا بەهیچ شێوەیەك بكوژانی راستەقینە پیشانی ئێمە و رایگشتی بدرێت”.

براكەی سەردەشت عوسمان ئاماژە بەوەدەكات، “هەمان خواست و ویست بۆ دۆسیەی سەردەشت عوسمان دوپاتدەكەینەوە، كە رق و ناڕەزایەتیەكانیان فراوانتر بون، هیچ بوارێك نەماوە دەبێت بكوژانی سەردەست دادگایی بكرێن”.

لەبارەی سزادانی بكوژانی سەردەشت و تێكڕای رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لە هەرێمی كوردستان، رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بەخەندان-ی راگەیاند، “هەرێم و عێراق ژینگەیەكی لەبارن بۆ دەربازبونی بكوژان لەو تاوانانەی بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران ئەنجام دەدەرێن، بكەرانی تاوانەكان یا نەناسراون، یان ناسراون و بە ئازادنە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كەیسەكانی رۆژنامەنوسانی تیرۆركر و سۆرانی مامە حەمە، دكتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی و وەدات حسێن نمونەی زەقی دەبازبوونی بكوژانە لە تاوان.

رێكخەری سەنتەری میتر باسی لەوەشكرد، “دەربازبون لە سزا بەشێكە لە بازنەی توندوتیژی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە هەرێمی كوردستان ئیرادەیەكی سیاسی هەیە كە بیەوێت دژی بوەستێتەوە، وەڵامەكەش تا ئێستا نەخێرە، بۆیە دەبێت خەباتی مەدەنی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە جۆشتر بن بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو تاوانانە، بە ئامانجی كۆتایهێنان بە كلتوری دەربازبون لەسزا و پەلكێشكردنی ئەنجامدەرانی بۆ بەردەم یاسا”.

هاوكات، هەر لەبارەی دۆسیەی سەردەشت و ئەنجامدانی مەراسیمی 10 ساڵەی تیرۆركردنی، نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لە شاری هەولێر بە خەندان-ی راگەیاند، “پەیامەكانی سەردەشت بۆ ئێمە هەمیشە زیندون، بەتایبەت پەیامەكانی لەبارەی دادپەروەری و نەهێشتنی چینایەتی و یەكسانی و ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی”.

رونیشیکردەوە، “ئەمساڵ بڕیارماندا بۆ ئەوەی ژیاندۆستی خودی سەردەشت عوسمان بپارێزین، بۆ ئەوەی خۆشەویستانی سەردەشت و ئازادیخوازان بپارێزین كۆبونەوە و گردبونەوەمان نەكەین، بەڵكو مەراسیمی یادكردنەوەكەمان گۆڕی بۆ سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی و كورتە ڤیدۆكانی خۆمان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە و چەند رۆژێكیشە بەفراوانی دەستمان پێكردوە و ئەمڕۆش درێژەی پێدەدەین”.

سەردەشت عوسمان، خوێندكاری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین بو، رۆژی چواری ئایاری ساڵی 2010 لە نزیك كۆلێژەكەی لە شاری هەولێر رفێندرا و رۆژێك دواتر تەرمەكەی‌ لە شاری‌ موسڵ دۆزرایەوە‌.

هەرچەندە دوای روداوی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لیژنەی لێكۆڵینەوە لە روداوەكە پێكهێنرا و ئەوكات تاوانەكە خرایە ئەستۆی باندێكی سەر بە گروپێكی تیرۆرستی “ئەنسار و ئیسلام”، هۆكاری تیرۆركردنەكەشی بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە، كە سەردەشت عوسمان بەڵێنی كاركردنی پێداون و جێبەجێی نەكردوە، بەڵام هەر ئەوكات كەسوكاری ئەو رۆژنامەنوسە سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە.

سەرچاوە:سایتی خەندان

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=96916&babet=4&relat=7318&fbclid=IwAR2WD3zLTS7Xyc6r_9_KL__3QeSXcmr0JAxKoj9SACGXQ5O0MSLluWJn7LY

Leave A Reply

Your email address will not be published.