دیمانە لەگەڵ بەڕێز عەزیز رەئوف سەبارەت بەدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان

عەزیز رەئوف: هەموو گومانەکان بۆ سەرۆکی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم دەچێت کە دەستی لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا هەبێت. بۆیە ئەوە کات کوشتنە بتوانین لەناو سیستەمێکی سەقەتی وەک ئەم حوکمڕانیەی ئێمەدا چاوەڕوانی دادگایکرنی بەرپرسی باڵای سیستەمەکە بین.
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز عەزیز ڕەئوف نووسەر و ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بەدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.

بۆپێشەوە: تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان چیمان بیر دەخاتەوە؟
عەزیز ڕەئوف: تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، یەکێکە لە تیرۆرە هەرە پلان بۆداڕێژراو و قێزەونەکان کە دەسەڵاتی کوردی لەم دەڤەرە بۆ کوشتنی دەنگی ئازاد ئەنجامیدا، ئەمەش بۆ کوشتنی دەنگی ئازاد و مرۆڤی ئازادیخواز لەم دەڤەرە.
تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان دوو خاڵی سەرەکیمان بیر دەهێنێتەوە:
یەکەم: لەناو تیرۆری سەرجەم کەسە ئازادیخوازەکان و لەناو دنیای ئێمەدا ئەم خوێنە نە وشک دەبێتەوە و نە ئەم گەنجە شیکە بیر دەچێتەوە. سەردەشت ئەوە نییە بتوانین فەرامۆشی بکەین، سەردەشت لە لەبیرچوونەوە گەورەترە. ئەوەی لەماوەی ئەم دە ساڵەدا تێبینیم کردووە ئەوەیە کە سەردەشت عوسمان لەناو سەرجەم ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازانی شەهیددا جێگەی گەورەی داگیرکردوە و شوێنی لەناو هەموویان زیاتر دیارە. ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە تیرۆری ئەم گەنجە ئازادیخوازە لەناو پایتەخت، و بەناو ئەم هەموو دامەزراوەیەی هەولێر تیرۆر کرا کە دنیای دەسەڵاتداری ئێمەی خستە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە، و ئەم مەرگە وایکرد کە کەسمان هیچ ئومێدێکمان بە دامەزراوەکانی هەرێم نەمێنێت.
دووەم: تیرۆری سەردەشت عوسمان ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ مانەوەی خوێ ئامادەیە خوێنی زیاتر بڕێژێ و دەمی زیاتری خەڵکانی ئازادیخواز دابخات. ئەم تیرۆرە ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە دەسەڵات هەم بە خوێن هاتووە و هەم دەیەوێت بە خوێن بمێنێتەوە. سەردەشت عوسمان ئەوەی بیر هێناینەوە کە ئێمە دەسەڵاتێمان هەیە کە بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە خوێنی زیاتر بڕێژێ و جەرگی زیاتری دایکان بسوتێنێت، و هەم ئەوەی ئەم گەنجە ڕۆحسوکەی تیرۆر کرد هەر ئەوەیە ئێستا توانای حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی نییە، و کۆمەڵگەی ئێمەی توشی دەیان قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە.
بۆپێشەوە: ئەمساڵ لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیدا دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی لە راگەیاندنێکدا بۆ یەکەمین جار دانی بەوەدا نا کە پارتی سەردەشت عوسمان ی رۆژنامەنووسی تیرۆر کردووە، ئایا ئێستا گومانێک ماوەتەوە لەوەی کە پارتی لەپشت ئەم کردەوە تیرۆریستیەیە؟
عەزیز ڕەئوف: من تەسەور ناکەم کەسێک مابێ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەزانێت کە پارتی دەستی لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا هەبووە. پێم وایە تەنانەت پارتیش خۆی ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە. بیرمە لەسەروبەندی ئەم تیرۆرە لە کەناڵی ئین ئار تی لەگەڵ ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی بەرنامەم هەبوو، من باسی تیرۆرکرنی سەردەشت عوسمانم کرد، بەڵام ئەندام سەرکردایەتیەکەی پارتی وتی: کاک عەزیز ئێمە کۆمەڵگەیەکی عەشایەرین کەس قبوڵ ناکا باسی کچەکەی بکرێت (مەبەست لە نووسینەکەی سەردەشت لەسەر کچی سەرۆکی هەرێم)! بۆ ئەوکاتە ئەوە ئیعترافێکی ڕوون بوو کە پارتی خۆی دەستی لە تیرۆرکردنی ئەم ڕۆژنامەنوسەدا هەبووە. هەڵدانەوەی عەورەتی یەکتر لەلایەن یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی کە یەکتر تاوانبار بکەن بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان چاوەڕوانکراوە و خۆیان باش دەزانن چیان کردووە و چۆن تیرۆر و کوشتن و شەڕی ناوخۆ و خیانەت کردەی سەرەکی ئەم هێزانە بووە، و هەمووشمان ئەوە دەزانین. لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش تیرۆری سەردەشت عوسمان پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگە نییە و نە خەڵک و نە دەسەڵات و نە حزبەکان ناتوانن ئەوە بشارنەوە کە پارتی دەستی لە تیرۆری ئەم گەنجە ڕۆژنامەنوسەدا هەبووە.
بۆپێشەوە: پشراستکردنەوەی تیرۆری سەردەشت عوسمان لەلایەن دەزگایەکی هەواڵگری” دەزگای زانیاری” هێزێکی سیاسی وەکو یەکێتی نیشتیمانی، یەکێتی بەرپرس ناکات لەوەی هەرچی زووە وردەکاری ئەو کەیسە ئاشکرا بکات؟
عەزیز ڕەئوف: من تەسەور ناکەم یەکێتی وردەکاری ئەم کەیسە ئاشکرا بکا ئەمەش لەبەر دوو هۆ:
یەکەم: یەکێتیش خاوەنی کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنوسە و تا ئێستا وردەکاری ئاشکرا نەکراوە. تیرۆری کاوە گەرمیانی هەموو دەزانین هەم بەرپرسی باڵای یەکێتی ئەنجامی دا، هەم لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی ئەنجام درا هەم لەبەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنوسی لە کەلار ئەنجامدرا کە بەرپرسانی یەکێتی لەم شارە گەندەڵیان ئەنجام دابوو. ئەگەر یەکێتی بەتەنگ کەیسی ئازادی ڕۆژنامەنوسیەوە بوایە ئەوا کەیسی کاوە گەرمیانی بەلاڕێدا نەدەبرد.
دووەم: یەکێتی و پارتی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و ئەمەش وادەکا کە کەیس و تاوان و گەندەڵیەکان بۆیەکتر بپۆشن. ڕاستە لە ئاستی ڕاگەیاندن و هەندێ حەملەی ڕاگەیاندن لە میدیا سێبەرەکانیانەوە بەرامبەر بە یەکتر دەکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم دوو هێزە بەرژەوەندی هاوبەشیان نەبێت. ئەگەر یەکێتی وردەکاری کەیسی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان ئاشکرا بکات، ئەوا لەکاتێدا دەیکا کە فشار بخاتە سەر پارتی، نەک خەمی ئازادی ڕۆژنامەنوسی بێـت لە کوردستان.
لەدوای ڕاپەڕینەوە هەرێمی کوردستان گۆڕستانی چەندان خەڵکی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنوس و مرۆڤی ئازادە، و هەم یەکێتی بەوە دەزانێ و هەم پارتیش، هەم هەردوو هێزیش دەستیان لە چەندین تاواندا هەیە و تا ئێستاش هیچ کەیسێک ئاشکرا نەکراوە، و کوردستان بۆتە گۆڕستانی داپۆشینی کەیس و تاوانەکان کە ئەم دوو هێزە ئەنجامیان داوە.
بۆپێشەوە: دوای ئەوەی یەکێتی دانی نا بەوەی کە پارتی تۆمەتبارە بە تیرۆری سەردەشت عوسمان، پێویست نییە دادوەرانی ئازادیخواز و سەربەخۆ، ئەم کەیسە لە دادگا بجوڵێننەوە؟ پێویست نییە ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، بە گوڕو تینێکی تازەوە گوشار بهێنن بۆ پارتی و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم تا چارەنووسی کەیسی سەردەشت و سەرجەم کەیسەکانی تری تیرۆی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بکەنەوە؟
عەزیز ڕەئوف: سەیرکە هاوڕێ، من هیچ ئومێدێکم بە دادگای هەرێمی کوردستان نەماوە. ئەوەی لە کوردستاندا ناوی دادگایە هیچ نییە جگە لە بارەگای مەڵبەند یان لقێکی پارتی و یەکێتی، ئەوەی چاوەڕێی ئەم دادگایە بکات تا بکوژانی ئەم ڕۆژنامەنوسە بدۆزێتەوە و دادگایی بکات ئەوا تاماوە دەبێ چاوەڕوان بێت. بکوژی سەردەشت عوسمان لەسەروی دەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوەیە و هەموو دەزانین هەموو گومانەکان بۆ سەرۆکی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم دەچێت کە دەستی لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا هەبێت. بۆیە ئەوە کات کوشتنە بتوانین لەناو سیستەمێکی سەقەتی وەک ئەم حوکمڕانیەی ئێمەدا چاوەڕوانی دادگایکرنی بەرپرسی باڵای سیستەمەکە بین. بەڵام ئەگەر مەبەستت لە دەنگهەڵبڕینی خەڵکی ئازادیخوازە بۆ ئەم کەیسە؟ بەڵێ ئەوە ئەرکی هەموو کەسێکی ئازادیخوازە کە بێدەنگ نەبێت لەم کەیسە و بەردەوام ئەگەر مویەک لە بەراز بکەینەوە بتوانین ئازاری جەستەی ئەم دێوە ڕەزاگرانە بدەین کە ناوی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستان. بەڵێ ئەرکی هەموو کەسێکی ئازادیخوازە لە مافناسان و پارێزەران و نووسەران و سیاسی و ڕۆژنامەنووسان کە بەردەوام بن لە وتنەوەی دروشمی ئازادی و کۆدەنگی دروست بکەن تا ڕوخساری ناشرینی ئەم سیستەمە حوکمڕانییە ڕۆژنامەنووس کوژە ئاشکرا بکرێت، هەرچەندە ئاشکراکردنیشی ناوێت و هێزەکان خۆیان عەورەتی یەکتر هەڵدەدەنەوە و تاوانەکانی یەکتری ئاشکرا دەکەن.
بۆ من لە ئێستادا و لە یادی دەساڵەی ئەم ڕۆژنامەنوسە ئازایەدا ئەوەیە کە تەماشای چاوەکانی بکەین و بەردەوام بین لەسەر پەیامەکانی بۆ دروستکردنی دنیایەکی ئازاد، ئەم یادە دەبێت وامان لێ بکات کە بەردەوام بین لە بوونمان بە سەردەشت عوسمان، و لانی کەم سوربوون لەسەر ناشرینکردنی ڕوخساری ئەو دەسەڵاتە پیاوکوژەی کە دەستی سورە بە خوێنی سەردەشت و سەردەشتەکان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.