سەردەشت عوسمان، ..قەڵەمێک بەخوێنی خۆی

جەمال نوری:    

لەناو هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتیدا، نووسین وەک ژانرەیەکی ئەدەبی، فاکتەرێکی گرنگی پێشکەوتنیفەرهەنگ و کەلتوری هەر گەلێکە بۆ هوشیارکردنەوەی …

دەکرێت مرۆڤێک لە نیشتیمانەکەی دەرکرێت، بەڵام هەرگیز ناکرێت، نیشتمان لەناو مرۆڤ دەربکرێت.    “ئێریش کێستنەر.”

مرۆڤ چەندێک ئەزموونی دنیا بکات و بەوپەڕی کراوەییەوە بچێتە نێو جیهانەوە، هێشتا ناتوانێت دەستبەرداری ئەو ئەندێشەیە بێت کە بێ پچڕان لەناو ڕۆحیدا دەبزوێت، ئەندێشەی گەڕانەوە بۆ دەستپێکی دەرچوونی ئەو بۆ ناو جیهان، یان دروستتر بڵێم ئەوەی ئەو لەکوێوە هاتە دنیاوە و چۆن بتوانێت بۆی بگەڕێتەوەو لەڕێگای ئەو توانستەیەوە کە هەیەتی بتوانێ گوزارشت لەو پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بکات کەتیایدا دەژی.

هەڵبەتە قسەکردن لەسەر واقیعێک  کەلێوان لێو بێ لە ئازارو ژان و ناعەداڵەتی مەگەر مرۆڤ نەبێ دەنا ئاستەمە خاوەن خامەیەک بتوانێ بەرگری لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و پۆپۆلیستی و خێڵەکی بکات و لەخەڵکی بکاتە شامی شەریف، واتە مومکین نییە کەسی نووسەر یا ڕۆژنامەنووس بتوانێ و بۆی بچێتە سەر کاتێک ئەو واقیعە تاڵ و فاسدەی ناو دەسەڵاتی کوردی دەبینێ بتوانێ بینای خەیاڵی بە ئەتمۆسفیرێکی بێ ئەرزش  بینا بکات، چۆن  بینای خەیاڵ و فەنتاسیا  لەسەر ئەرزیەتی ۆاقیع و حەقیقەتی ڕوداوەکان دەتوانرێ بینا بکرێ.

سەردەشت عوسمان، وەک گەنجێکی چوست و چالاکی ناو کۆمەڵگەی کوردستان، وەک خوێندکارێکی ئەکادیمی، خەونی جوانکردنی کۆمەڵگەکەی هەبوو کە لە ئایندەدا بتوانێ شانازی پێوە بکات و خزمەت بە چینی زەحمەتکێش و کرێکارو چەوساوەی ناو هەناوی کۆمەڵگەکەی خۆی بکات، هەڵبەتە زەردەشت وەک هەر کەسێکی خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و وەک خوێندکارێکی ئازاو بوێر دەیزانی ئەو دەسەڵاتەی  کوردستانی پاوانکردوە و تەواوی دەنگە  ئازاو ئازادەکانی خەفەکردوە و خاوەن کەسە چاونەترسەکانی لەڕێگای سینارێوی جیاوازەوە تیرۆر کردوە، تاوەکو عەیب و عاری ئەوان  بڵاونەکاتەوە و ئابڕویان نەبات لە مەحافیلی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان کەداکۆکی لەمافی ئینسانەکان دەکەن .

سەردەشت عوسمان، بۆیەکەمجارو وەک هەر ژۆرنالیستێک، هەوڵیدا گۆڕانکاری ڕیشەیی لەناو کایەی  بیری سیاسی  لەکوردستاندا دروست کات، بەتایبەت دەیویست گۆڕانێکی نەوعی لەئەقڵی کەسی یەکەمی  هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان دروست بکات، تاوەکو پانتایەک بۆ ئیشکردنی بیری ئازاد  بخوڵقێ و کەسانی تر کەدیدگای سیاسی و ئایدۆلۆژیا یان جیاوازە لەئەحزابی ناسیۆنالی کوردی بتوانن ئەمانیش نەخشی خۆیان بەڕێگای دیالۆگ و میتینگ و گردبونەوە و خۆپیشاندان تاقیبکەنەوە و کێشمەکێشی سیاسیان لەڕێگای ڕەخنەو سەکۆی دەربڕینی بیری ئازادانە دیاری بکەن.

سەردەشت،  بەگیانی خۆی ئەو شێوازە لەنووسینی فۆرمەلە کرد، کە ئازایانە و خۆنەویستانە دەست ببات بۆ ژیان و گوزەران و ڕابواردنی سەرۆک خێزانی بنەماڵەیەکی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان، کە هەموو جوگە هەستیارو چارەنووسەکانی خەڵکی هێشتۆتە لای خۆی و خەڵکی بەو هۆیەوە باجی  ئەو هەموو فەسادی و بەڕەڵایی و دزی و گەندەڵیە بداتەوە کە سەرانی دووبنەماڵە لەکوردستاندا فیروعەن ئاسا ژیان دەکەن.

سەردەشت، نووسینە ڕەخنەیەکەی لەڕێگای خەون و خەیاڵەوە تەوزیفکرد، بەڵام بەئاگابوو لەوەی خەیاڵی هەر نووسەرێک لەسەر بنەمایەکی واقیعی بینا نەکرێ ئەوە ئەو باڵەخانەیەی بەخەیاڵێکی موجەرد دروستی کردوە لەکەڵکەتڕێیەک نەبێ هیچی تر نابێ و دەڕووخێ. سەردەشت زیرەکانە لەم شێوازەیدا بەکەمترین ماوە توانی پانتایەکی فراوانی بۆ خۆێندنەوەی نووسینەکەی دروستکردو نووسینەکەی   کێشمەکێش و توڕەیی قەڵەمە ئینتیهازی و عەریزه نووسینەکانی حزبی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجورێک خوێنی ئەم قەڵەمە بوێرو بەرچاوڕوونە بکرێتە کاسەوە، هەربۆیە ئەوعەریزە نووسانەی وەک  چڵکاوخۆرێک، بەناوی نووسین و ڕۆژنامەنووسیەوە بوونەتە دەربارو ماستاوکەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی فوکسیان دروستکرد و سەردەشتیان خستە تۆڕەوە بۆ بەحەڵاکردنی خوێنەکەی لەلایەن جەللادەکانی بنەماڵە، و توانیان ئەم قەڵەمە بەژنزراڤە تیرۆر بکەن، دەسەڵاتی بنەماڵەیی غافڵ لەوە لەو ڕۆژەوە کە سەردەشت عوسمان خوێنی ڕژێنرایە سەر ئەو نیشتمانەی کەلایەن ئەحزابی ناسیونالستی کوردیەوە بەردەوام مامەڵەو سەودای پێوە دەکرێ و سەروەت و سامانی دەدەن بە ئاغا و سوڵتانەکانیان تاوەکو بتوانن خزمەتکاری داگیرکەران بن و سەرکوتکەرو فاسدو تیروری بیری ئازادییش بکەن بەرامبەر  خەڵکی  کوردستان .

 “ئۆدیسە”دوای ئەو گەشتە وێڵ ئاراییەی بە دەریادا بۆ دەرەوەی گریک کردی دواتر هەر دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دەستپێک، بۆ ماڵەوە.

. “پلاتۆن” لەدەرەوەی ئەسیناوە لەسەردەمی شەڕ و قاتوقڕيیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا و ئەکادیمیاکەی دامەزراند، کە ئەو ئەکادیمیایە لەوکاتەوە بووەتە دەستپێکی لەدایکبوونی هەموو ئەکادیمیاکانی جیهان.

بەڵام بەداخەوە بیری پاوانخوازی بنەماڵەیی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا، دوایی… ئەو هەموو شکست و ئابڕوچونانەی دووچاریان بووە لەجیاتی ئەوەی فێری ئەوە ببوونایە چۆن دەتوانن لەناو واقیعی مێژوودا  کاریگەری بۆ بەرەو پێشچونی کۆمەڵگەکەیان دروست بکەن و شانازی بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندەیان  بجێبهێڵن، نەریتی تیرورو تۆقاندن و ڕفاندن و خوێنی ماستەرنامەی  زانکۆ بڕێژن.

سەردەشت، بە نووسینی نامەیەکی  لە بەرگ و فۆرمەلەی ئەدەبیدا، توانی بیسەلمێنێ کە هەر نووسەرێک نوکی قەڵەمەکەی لەسەوڵی بەلەم قورستر نەبێ، ئەوا نووسەر نییە، بەڵێ سەردەشت قەڵەمەکەی وەک سەوڵی بەلەمێکی ئازاد، بە ئاڕاستەی پێچەوانەی بیری پاشکەوتوو ئازایانە لەدەریای بیرکردنەوەدا مەلەی کرد، تا لەدوورگەی حەقیقەت پەڕیوەو  گەیشتە مێرگە ئتفرێنەرەکان و پشویەکی ئارامی دا .

Leave A Reply

Your email address will not be published.