بۆ ( سەردەشت عوسمان )

جەمال حەمید: 
هەردوو حیزبی دەسەڵات ، هەروەکو چۆن ڕێککەوتوون، لە سەر دزینی سامانی ئەم وڵاتە، ئاواش تەبان لە (شەهید کردنی ڕۆژنامەنووسان، ئەوە نییە هەر کە زۆنی زەرد ( سەردەشتی شەهید کرد، دوای دوو ساڵ زۆنی سەوزیش ، کاوە گەرمیانی تیرۆر کرد)

ئەم بەیانییە،
لە هەولێری پڕ له کۆشکو تەلاری
بڵندو جواندا،

لە شەقامی ڕەنگاوڕەنگ و
پڕ رووناکی و چراخاندا،

لە پایتەختی ترس و تاوان و ستەمدا،
خوێندکارێکی ئازادیخواز،
لە زانکۆی سەلاحەدیندا،
بەرەو قەسابخانەی ( موسڵ )، ڕاپێچکرا…!

ئەو موسڵەی هەتا دوێنێ،
سنگی شۆڕشگێڕی کوردی،
تیادا گولە باران دەکرا…

من نازانم جیایی چییە،
لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا…!؟
لەدوێنێدا بە نەهێنی، لاوان دەبرا،
لە ئەمڕۆدا ، بە ئاشکرا…!

سەیرە لە لام!
خوێندکاری کۆلێجی زمان،
نەوێرێ زمان هەڵهێنێ،
بینێرن، بۆ دونیای نەمان!

چۆن دڵتانهات،
بێبەشیکەن، لە دواین خولی دەرچوان!
چۆن توانیتان،
لە بری گوڵ و نوقڵی شیرین،
سنگ و دەمی، ئەم خوێنکارە،
پڕ ،پڕ، بکەن،
لە قوڕقوشم و گولەی ئاگرین!

لەبری عەبای ڕەشی سەر شان،
کفنی سپی بۆ هەمیشە، بێتە میوان.،!

من تێناگەم!
لە پایتەختی کوردوستاندا،
هەر شتێک ئارەزووی بکەی،
هەمووی هەیە،
بە تەنیا ئازادی نەبێ، قەدەغەیە!

لەباڵەخانەی بڵندا، بێ وێنەیە!
ئا ئەمەیە، ئەو ( هەولێرەی )
بانگی ئازادی تیا نادرێ و
دەڵێن هاوشێوەی (دوبەیە ..!)

٭ ئەم شیعرە چاپ و بڵاوکراوەتەوە لە ( بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسماندا ) لە سوید هاوڕێیەکم پێیگوتم.

٭ شەهید کردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان، گەورەترین،
پەڵەی شەرمەزارین، بە ناوچاوانی هەموو دەسەڵاتێکەوە…!

jamal hamid
9 – 5 – 2010, slemany

Leave A Reply

Your email address will not be published.