بەکر عوسمان:خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن

بەکر عوسمان: خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە مانای دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و کارتێلی دەسەڵاتداری کوردستانە

دیمانەی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەکر عوسمان… رۆژنامەنووس و برای سەردەشت عوسمان لە ٩ هەمین ساڵیادی تیرۆری نووسەر و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا

بۆپێشەوە: تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان چیمان بیر دەخاتەوە؟

بەکر عوسمان: سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم ئێمە لەگەڵ دۆسیە و مەسەلەی سەردەشت دەژین، بۆ ساتێکیش ئەو مەسەلەیە لە بیرکردنەوە و ژیانی ئێمە نەبووە بە ڕابردوو. ئەو دۆسییە بەشێکی سەرەکی پرسی ئێستاکەمانە و تا ماوەیەکی زۆر  ئایندەش درێژەی دەبێت، وەک یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی باردۆخی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان.

تیرۆری سەردەشت ڕووداوێک نییە گوزەرا بێت، تاوانێک نییە نۆ ساڵی بەسەردا تێپەڕی بیت و کۆن بووبێت. ئەگەر وەک تاوانێکی دیاریکراویش بەو جۆرە بێت، بەڵام وەک بەشێک لە واقعێکی گەورەتر ڕابوردوومان نییە، ئێستامانە و بە داخەوە ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش داهاتوومان بێت. تا ئەو کاتەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و تاڵانکردنی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتێکی خێلەکی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا بەڕێوە بچێت، تا ئەو کاتەی گەنجانی کوردستان لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە. سەردەشت هەموو رۆژێک هەڕەشەی لێ دەکرێ، ئیهانە دەکرێت، دەڕفێندرێت و تیرۆردەکرێ، هەر رۆژەی سەردەشتێکمان تیرۆر دەکرێ.

دۆسیە و پرسی سەردەشت، هەر ئێستا پرسی ئازادی، عەدالەتخوازی، یەکسانی، ڕۆژنامەوانی، یاسا و دادگا و مافە لە کوردستاندا. ئەوەی کە ئەمڕۆ لەگەڵیدا بەڕەوڕووین، دەسەڵاتی سیاسی و بنەماڵە و باندی مافیایی نێو دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا کوشتن و تیرۆری کردووە بە پیشەی سیاسی. بەدەنگی بەرز ئەوەمان پێ دەڵێن ئەو کەسانەی دڕندانەتر ڕۆلەکانی کوردستان بکوژێ، بەپێی ئەو سیستەمە دەتوانێ مەشروعیەتی بێت بۆ چوونە سەر کورسی دەسەڵات.

بۆپێشەوە: سەردەشت عوسمان بەدوای وتاری” من عاشقی کچەکەی بارزانیم” کە دیمەنی نابەرابەری کۆمەڵگەی چینایەتی دەخاتە ڕوو، سەرەتا تووشی هەڕەشە و پاشان تیرۆر دەکرێت، کەواتە کەیسەکە دیارە و نەخشە دارێژەرانیشی ئاشکران… کەچی دادگا و داواکاری گشتی هیچ رۆڵێک ناگێڕن… ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟

بەکر عوسمان: دادگا و داواکاری گشتی لەپەیوەند بە دۆسیە و تیرۆری سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و دەنگە ئازاد و عەدالەتخوازەکان، بەشێکی ڕاستەوخۆی لایەنداری بووە لە شوێن بزرکردنی ڕاستی و تاوانەکە و تاوانباران. گۆڕینی دۆسیەکە بە سیناریۆی قێزەوەن، یەکێک بووە لە پرۆسەی کاری نێو دەزگای دادوەری لە کوردستان. دادگا و داواکاری گشتی بە کردەوە ڕۆڵی پەنادانی تاوانباران و تێپەڕاندنی دۆسیەکە بە سیناریۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک گێڕاوە.

دەزگای دادوەری بەشێکە لە سیستەمی دەسەڵاتدارەتی و لە ژێر کۆنترۆڵ و خزمەتی حزب و بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی سیستەمی ئەمڕۆی کوردستان دایە. ئەمڕۆ کێ باوەڕ دەکات خوێنی بێتاوانەکان لە دادگاکانی کوردستاندا، داد و مافی دەسەنرێ؟

ئێمە گوتومانە بکوژەکانی سەردەشت و کاوە و سۆران و ویداد و ئەوانیتر لە کەس شاراوە نیین. ڕامانگەیاندووە کە دادگای سەربەخۆ لە کوردستان بوونی نییە و دادگاکان پارێزگاری لە بکوژانی دەنگە ئازادەکان دەکەن. ڕاشکاوانە گوتوومانە کە تیرۆرکردنی سەردەشت و دەنگە ناڕازیەکانی تر وەک تاوانێکی سیاسی، له‌ پێناوی ئامانجى سياسى و ماددی دەسەڵاتی سیاسیدا ئەنجامدراون. ئامانج لێیان بێدەنگکردنی گەنجان و رۆژنامەنووسان و ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بووە.

بۆپێشەوە: دوای هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی، دەسەڵاتی سیاسی سیناریۆی ساختە وەردەخات، کەسانێک وەکو تۆمەتبار دەخاتە ڕوو، لەهەموو ئەو سیناریۆیانەشدا مایەپوچ دەبێت، کەچی دەستبەرداری ئەم سیناریۆ پوچانە نابێت… چۆن دەروانە ئەم مامەڵەیە؟

بەکر عوسمان: لە زۆربەی ئەو تیرۆرانەی باستان کرد، بە ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵک ئەنجامدراون. ئەو تیرۆرانە بە ئامانجی سیاسی لە پێناوی ترساندن و پاشەکشە بە دەنگە ناڕازی و عەدالەتخوازەکان ئەنجامدراون. ئامانج لێیان بێدەنگکردنی گەنجان و رۆژنامەنووسان و ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بووە.

ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگەی کوردستان خۆی بەرهەم دێنیتەوە. ئەو دەسەڵاتە لەسەر گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی کوردستان درێژە بە بوونی خۆی دەدات.

ئەم دەسەڵاتە بە ئاشکراو بە ڕۆژی ڕۆشن، لەبەرچاوی خەڵک تیرۆر دەکات و گەنجانی عەدالەتخوازی کوردستان خەڵتانی خوێن دەکات لە پێناوی مانەوەی خۆی. ئەو تیرۆر و کوشتنانەی نەشاردۆتەوە و نکۆڵی ناکات، سیناریۆکانی نێو پرۆسەی دەزگای دادوەری تەنیا نمایشێکی تری هێزنواندنیەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان.

بۆپێشەوە: دوای نۆ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا، ئەم دۆسیەیە بەکوێ گەیشتووە؟

بەکر عوسمان: لە ماوەی پێشوودا چەند جاریتر هەمان پرسیار دووبارە بۆتەوە. لەوانەیە بۆ کەسانێک پێشووتر قسەکانی منیان بیستووە، بۆیان دووبارە بێت. دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان بەو مانایە کە دادگایی و سزادانی بکوژەکان و نەخشەدارێژەران و بریاردەرانی تاوانەکە بدات، بەئەنجامی خۆی نەگەیشتووە. دەنا ئەگەر مەبەست دەستخستنی بەڵگە و ئاشکرابوونی تاوانبار و بکوژان بێت، سەردەشت پێش ئەوەی تیرۆر بکرێ، وێنەی بکوژانی خۆی بە هەموو دونیا پیشاندا، کێشەی سەرەکی دۆسیەی سەردەشت لەسەرەتاوە کەمی بەڵگە و زانیاری لەسەر ئەنجامدەران و نەخشەدانەرانی ئەو تاوانە نەبووە و نییە. بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی دادگای سەربەخۆ و دەزگای دادوەری بێلایەنە لەکوردستاندا. دۆسیەکە دانەخراوە و بێدەنگی لێنەکراوە، بەڵکو دۆسیەکە بەکراوەیی ماوەتەوە تا ئەو ڕۆژەی داد و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. ئەوەمان ڕەتکردۆتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ڕێگای سیناریۆ قێزەونەکانی دادگاوە دۆسیەکە و ئێمە بخاتە نێو موزایەدەی ناشیرینکردن و بەکاریکاتۆری کردنی مافەکانمان.

دۆسیەی سەردەشت بەو ئەنجامە گەیشتووە، بە سەدان بەڵگە و دۆکۆمێنت، تاوانباران و تیرۆرستان و بکوژەکانی سەردەشت ئاشکران. بەو ئەنجامە گەیشتووە ئەم دەسەڵاتە لە پشتی پەنادانی تیرۆرستان و تاوانباران وەستاوە و دەسەڵاتی زوڵم و زۆرداریە. بەو ئەنجامە گەیشتووە لە چوارچێوەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەدا هیچ ماف و دادێک لەدادگاکان بەدەست نایەت.

دۆسیه‌ی تیرۆری سه‌رده‌شت لای ئێمه‌ و ئازادیخوازانی كوردستان به‌ كراوه‌یی ماوەتەوە، تا ئه‌و كاته‌ی دادگایه‌كی دادپەروەرانە و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ لە کوردستان بوونی دەبێت. بەسزا گەیاندن و دادگایی تاوانبارانی تیرۆری دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان، بەتەنیا بابەتێکی یاسایی و دادوەری نییە “ئەگەرچی ئەو دەزگایە لە بنەڕەتدا لە کوردستان ناوی هەیە و بوونی نییە”.

لە کاتێکدا ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتی ئەو تاوانە تیرۆرستیە وەستاون، لەباڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتدارەتیدان، دەسەڵاتی ئێستا ئەوانن و ئەوان زەبربەدەستی یەکەمی کوردستانن. دەمەوێت بڵێم  خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە مانای دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و کارتێلی دەسەڵاتداری کوردستانە.

ئەم دۆسیە، دۆسیەیەکی سیاسیە. کۆمەڵگەی کوردستان و ئازادیخوازان لەبەردەمی پرسی چارەنوسسازدا ڕادەگرێ. نابێت و ناکرێت تەسلیمی ویستەکانی دەسەڵاتێکی مافیایی و تاوانکار و خوێنرێژ بێت. ئێمە چ وەکو کەس و کارو خانەوادەی ئەو قوربانیانەی کە تیرۆرکراون، چ وەکو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لە خوێنی هیچ یەک لەو ئازیزانەمان خۆش نابین. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ دەبێ لە پاڵ باجی سەرجەم ستەمکاری و نقوم کردنی کۆمەڵگەی کوردستان لە کارەسات و بێدەرەتانی، باجی کارە تیرۆیستیەکانی و تیرۆری سەردەشت و ئەوانی دیکەش بداتەوە. رۆژێک دەبێ لە دادگای دادپەروەرانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆرو سەرکوتکەرەکانی تر سزای عادلانەی خۆیان وەربگرنەوە.

بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، هەر کاتێک کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بەگشتی تیرۆری رۆژنامەنووسان بەدەستەوە دەگرن، کاتیکیش بەشیان لە کێکی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قڕو قەپی لێدەکەن…. چۆن دەڕوانە مامەڵەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسێۆنانە؟

بەکر عوسمان: بەدوای نۆ ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، کارنامەی ڕەشی تاوانکاری ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە کێوێکی ڕەش. لەم نۆسالەدا تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوامە و ئەمە بوەتە دیوەزمەی سەر دڵی هەرکەسێک کە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم و سەرکوتگەرە خێڵەکییە بڵێت.

لە چ شوێنێکی دنیا بینراوە، دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن، تۆمەتبارەکان بە بەڵگەی ئاشکرا و ڕۆشن لەلای سەرجەم خەڵکی کوردستان دیار و ئاشکران، بەڵام دۆسییەکان دەکرێنە سیناریۆ. لەسەر داوای دادگایکردنی تۆمەتباران تەنانەت پەلاماری قەبری قوربانیش دەدرێ. لەسەر داواکردنی مافەکان، شەو و ڕۆژت لێ دەگۆرن. لەسەر خۆپیشاندان و بەشداری لە خۆپیشاندان، گەنجان و ئازادیخوازان لە بادینان زیندانی و بێسەروشوێن دەکرێن.

سوێی ئازاری لەدەستدانی سەردەشت لامان قووڵتر دەبێتەوە، کاتێک دەبینین تەنانەت ئەو هێزە سیاسیانەی  سەردەمانێک بەرژەوەندیان وای دەخواست دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بەدەستەوەبگرن، ئەمڕۆ بەرژەوەندیان وا دەخوازێ ببنە پاشکۆی سەرقافڵەی تیرۆریزمی دەسەڵاتدار. ئەو لایەنانەی سەردەمانێک بەرژەوەندیان وای دەخواست هەڵوێستی توند لەسەر دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بنوێنن. لەوکاتەش بەرژەوەندیان جۆریکی تر بخوازی نەک بێدەنگی دەکەن، بەڵکو لەگەڵ بکوژان دەبن بە هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵات. خەڵکی کوردستان دەمێکە حوکمی خۆیان لەدژی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و بکوژی رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازییەکان دەرکردوە، بێگومان حوکمی شایستە بەسەر ئەو هێزانەشدا دەدەن کە ئەمرۆ پێدەنێین بەسەر ئاوات ‌و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا و سەودا بە چارەنوسی ئەم خەڵکەوە دەکەن.

بۆپێشەوە: دنیای دەرەوە مەبەستمان میدیا و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتیەکانە، چ ڕۆڵێکیان لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستانەوە هەیە؟

بەکر عوسمان: بەبڕوای من ناڕەزایەتی دەرەوە و ناوەوە و جوگرافیا ناناسێ و بەرتەسکی ناکاتەوە. دونیای ئەمڕۆکە تەواو گلۆبالیزە و جیهانی بۆتەوە. هەر ناڕەزایەتی و دەنگێکی عەدالەتخواز، لە هەر شوێنێک بێت دەبێتە پشت و پەنای ستەملێکراوان.

ئەگەر بەدیاریکراوی چاوێک بە ناڕەزایەتی و دەنگە ئازادیخوازەکان لە دەرەوە لەلایەن ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و دەرەوە یا لەلایەن میدیا و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکان بخشێننین. ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پشتیوانی و بەرز ڕاگرتنی پەیام و داواکاری خەڵکی کوردستان.

لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستان، ئەو ناڕەزایەتیانە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. هەمیشە دەنگی ناڕەزایەتی و پشتیوانی ئازادیخوازان لە دەرەوە، تەواوکەری بزووتنەوە و دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بووە. تەنانەت هەندێکجار ئەو ناڕەزایەتیانە بووەتە پشتیوانی گەورە و گڕوتینیک بۆ تێکشکاندنی بەرتەسکیەکانی فشاری سەرکوتگەرانی دەسەڵاتی کوردی.

هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆرت و وتار لە کەناڵە میدیاییەکانی دەرەوە، کەمتر نییە لە بابەتەکانی میدیای دەنگە ئازادەکان کە لە کوردستان بڵاو دەبێتەوە. ئەوە وایکردووە کە خەڵک و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتی ماهیەتی سەرکوتگەرانە و مافیاییانەی دەسەڵاتی کوردی بە ڕۆشنی ببینن و بناسن. هاوکات دەبینین هەندێکجار دۆکۆمێنت و بەڵگەکانی گەندەڵی و تاوانکاری دەسەڵاتی کوردی دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵی خەڵک و میدیاکانی کوردستان.

بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

بەکر عوسمان: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا بە جۆرێک ئاماژەم بەوەکرد کە سیناریۆ و فایلسازی و هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکان. دیوێکیتری نمایش و هێزنواندنی دەسەڵاتە لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان.

دەسەڵاتی سیاسی هەزار و یەک ڕێگەیان لەبەردەمدابوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕوویان کرایەوە لە تیرۆری سەردەشت و تیرۆرەکانیتردا. هەموو کردەوەکانیان، هەموو وەڵامەکانیان، سیناریۆکانی نێو لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی هەرێم. هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانیان. هەموو ئەوانە بۆ خەلکی کوردستانی سەلماند کە ئەوان خۆیان ئەو کارەیان ئەنجامداوە. سەردەشت و ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوە سیاسیەکانیان بە شێوەیەکی رەزیلانەو دڕندانە تیرۆرکرد، تەنها لەسەر ئەوەی پەردەیان لەسەر ستەمکاری و گەندەڵی و ڕاو ڕوت و چەپەڵی دەسەڵاتەکەی ئەوان لابردوە. تەواوی سیناریۆ و مامەڵەیان لەگەڵ ئەم مەسەلەیە و وەڵامەکانیان بە تۆمەتەکان، ئەوەی سەلماند کە دەزگا تیرۆریستە تاوانکارەکان بە سەرپەرشتی و فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرانیان سەردەشتیان تیرۆرکرد. ئەمە راستیەکە کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە بۆ ئێمەو بۆ خەلکی کوردستان وەکو رۆژی روناک دیاربوو. بکوژان و جەلادی کورەکانی ئێمە دەسەڵاتی یەکەمی ئەمرۆی کوردستانن. بە کردەوە سەلماندوویانە بکوژانی سەردەشت لە بازنەی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر کورسی دانیشتوون.

سیناریۆکانی نێو پرۆسەی دەزگای دادوەری تەنیای نمایشێکی تری هێزنواندنیەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان. بەو نمایشە ئەوەمان پێ دەڵێ، تەواوی جومگەکانی ژیان و هێز و یاسا و دادگا لە دەستی ئەو دایە. بەو نمایشە دەیەوێ بێهوودەیی هەوڵەکانی بەرەی ئازادیخوازی و عەدالەتخوازی پیشان بدات. دەیەوێ گەورەیی توانای خۆی لە گەندەڵی و بەربەریەتی خۆی بە کۆمەڵگە و بەرەی ئازادیخوازی پێشان بدات، تاکو لە بێ ئومیدی و بێهیوایی لە ئاڵوگۆڕ تەسلیمی هەڕەشەکانی ئەو بن.

ئەو هێزەی پشتی بەسەرکوت و هەڕەشە و تۆقاندن بەستووە، زەلیلترین و زەبوونترین هێزی ڕەشی مێژوون. ئەو مێژووەی بەتراژیدیای  خوێنی ئێمە نووسراوەتەوە، لە ئایندەدا بە کۆمیدیای کۆتایهاتنی ئەوان تەواو دەبێ. ئێمە مێژوونووس نین، بەڵام ئەو گوزەرە لە مێژوو بزوتنەوەی ئازادی و عەدالەتخوازی ئێمەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.