لە نۆیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان دا، هەموو دۆسیەکان دەکەین بەیەک بۆ دادگایی کردنی ئەم دەسەڵاتە!

لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا، یادکردنەوەی ئەو تاوانە ئازارێکی بەسوێیە. نۆ ساڵە بکوژان بە ئازادی دەسورێنەوە و بەردەوامن لە ستەمکاری. لەم نۆسالەدا تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوامە. ئەم دەسەڵاتە هەڕەشەیە لەسەر سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان. ئەوانەی گوللە دەنێن بە دەمی گەنجان‌و ڕۆژنامەوانی کوردستانەوە، ئەوانەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن لەسەر سادەترین ماف‌ و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، مافیاکانی ڕفاندن ‌و شوێنبزرکردن، تاوانبارانی تیرۆرکردنی سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و ئەوانیتر … چەکدار و چەکبەدەست و ئامادەباشن بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر بەرامبەر هەرکەسێک وشەی ڕاستی و حەق بەرامبەر بەو دەسەڵاتە خێلەکی و مافیاییە بڵێت.

سوێی ئازاری لەدەستدانی سەردەشت قووڵتر دەبێتەوە، کاتێک دەبینین تەنانەت ئەو هێزە سیاسیانەی سەردەمانێک بەرژەوەندیان وایدەخواست دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بەدەستەوەبگرن، ئەمڕۆ بەرژەوەندیان وا دەخوازێ ببنە پاشکۆی سەرقافڵەی تیرۆریزمی دەسەڵاتدار. ئەو لایەنانەی سەردەمانێک بەرژەوەندیان وای دەخواست بەڕواڵەت هەڵوێستی توند دژی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بنوێنن، ئەمڕۆ بەرژەوەندیان جۆریکی تر دەخوازی، بۆیە لەگەڵ بکوژان دەبن بە هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵات. خەڵکی کوردستان دەمێکە حوکمی خۆیان لەدژی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و بکوژی رۆژنامەنوسان و دەنگەناڕازیەکان دەرکردوە، بێگومان حوکمی شایستە بەسەر ئەو هێزانەشدا دەدەن کە ئەمرۆ پێدەنێین بەسەر ئاوات ‌و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا و سەودا بە چارەنوسی ئەم خەڵکەوە دەکەن.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
بەڵێ، بکوژانی سەردەشت‌ و سۆران ‌و کاوە و ویداد و دەنگە ئازاد و عەدالەتخوزەکان، لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتی کوردی ڕاوەستاون. چەند رۆژیتر لە پەرلەمانی کوردستان ‌و لە نێو سەما و چەپڵەڕێزانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە گوایە لە چەند ساڵی ئایندەدا نوێنەرایەتی ئێوە دەکەن، دەبنە دەسەڵاتدار بەسەر هەمووتانەوە. هەر ئەمە بۆخۆی راشکاوترین بەڵگەی پڕپوچی ئەو فڕوفیشاڵەیە کە گوایە ئەوانەی لە هۆڵی پەرلەمان دانیشتون نوێنەری خەڵک و ئاوات و ئامانجەکانیانن.

ئەو لایەنانەی کە کوشتن‌ و دەم بە فیشەک داخستنیان کردووە بە پیشەی سیاسیان، پێکهێنەرانی حکومەتن لە کوردستاندا. ئەمە ناوەڕۆکی راستەقینەی ئەو گاڵتەجاڕیەیە کە ناویانناوە دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم، ئەمە بەڵگەی ریسوایی هەموو ئەوانەیە کە ناویانناوە یاسا و دادگا و پۆلیس و ئاسایش. لەراستیدا هەموو ئەمانە لەگەل پەرلەمانەکەشیاندا، دەزگای داسەپاندنی ئەم تیرۆریزم و ستەمکاریەن. دەنگدانیش جگە لە پرۆسەی بەگاڵتەجارکردن و بێنرخکردنی ژیانی چەند ملیۆن ئینسان هیچی تر نیە. ئایا ئەوە یاسای جەنگڵستان نییە کە هەرکەس بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بڵێ پشتی چاوتان برۆیە، فیشەک دەخەنە دەمیەوە؟ ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە کە بە مەنتقی ئەم بنەماڵانە، هەرکەس و لایەنێک دڕندانەتر ڕۆلەکانی خەڵک بکوژێ لە هەمووان شیاوترە بۆ چوونە سەر کورسی دەسەڵات؟
کاتێک دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن ئەنجام دەدرێت، تۆمەتباران بەبەڵگەی ڕوون لەلای سەرجەم خەڵک دیار و ئاشکران. کەچی دۆسیەکان دەکرێنە سیناریۆ، لەسەر داوای دادگایکردنی تۆمەتباران تەنانەت پەلاماری قەبری قوربانیش دەدرێ. لەسەر داواکردنی مافەکان شەو و ڕۆژت لێ دەگۆڕن. لەسەر خۆپیشاندان ‌و داوای مافی خۆ، گەنجان ‌و ئازادیخوازان لە بادینان زیندانی‌ و بێسەروشوێن دەکرێن. کێ باوەڕ دەکات خوێنی بێتاوانەکان لە دادگاکانی کوردستاندا داد و مافی دەسەنرێت؟

نۆ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، نۆ ساڵە ئێمە لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان ‌و ڕوح ‌و دڵمان خوێناوی لێ دەچۆڕێ، نۆ ساڵە ئازاردان‌ و سزادانی ڕوحی ‌و جەستەیی سەردەشت ‌و ئێمە درێژەی هەیە. نۆ ساڵە هەرچی دڵڕەقی ‌و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەکرێتەوە و ژیان ‌و بونمانی هەنجن هەنجن دەکات‌ و دەمانهاڕێت. ئێستا بەدوای نۆ ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، کارنامەی ڕەشی تاوانکاری ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە کێوێکی ڕەش. لەم نۆسالەدا تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوام بووە و ئەمە بوەتە دیوەزمەی سەر دڵی هەرکەسێک کە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم ‌و سەرکوتگەرە خیلەکیە بڵێت. هەربۆیە ئەمڕۆ وەک یەکەمین ڕۆژەکانی تیرۆری سەردەشت پێداگرین لەسەر داواکاری‌ و مافەکانمان بۆ بەسزاگەیاندنی تاونباران‌ و بکوژانی ئەو. تاکو بەسزا گەیاندنی تاوانباران ‌و بکوژان، ئەم دۆسیە لەلایەن ئێمە و ئازادیخوازانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە و بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دەبوو بکوژانی سەردەشت‌ و سۆران ‌و کاوە و ویداد و ئەوانیتر… جورئەت نەکەن لە هیچ کون ‌و کەلەبەرێک بێنە بەردەم خەڵك. پەنادانی تاوانباران چ جای دەنگپێدان‌ و تەسلیم کردنی ئایندەمان پێیان بە ئەندازەی تاوانەکانیان بە ئازارە. بەڵام ئازارەکانمان ڕق ‌و نەفرەتەمان ئەستورتر و باوەڕی قووڵمان بە مافەکانمان‌ و عەدالەتی کێشەکەمان، هەروەها ئۆمێدەکانمان گەورەتر دەکەن. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ دەبێ باجی کارە تیرۆسیتەکانی ‌و تیرۆری سەردەشت ‌و ئەوانی دیکەش بداتەوە، باجی ستەمکاریە بێسنورەکانی بداتەوە، رۆژێک دەبێ لە دادگای عادلانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکانی تر سزای عادلانەی خۆیان وەربگرنەوە.

ئێمە ئیتر تاکە هەڵبژاردەمان، تاکە ڕیگامان ئەوەیە کە دەعوای خۆمان لەگەڵ دەعواکانی سەرجەم خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا بکەین بەیەک، بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە تیرۆریست ‌و سەرکوتگەرە و دادگایی کردنی سەرانی تاوانکاری.

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت عوسمان.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.

بەکر عوسمان
2019-05-05

Leave A Reply

Your email address will not be published.