چواری پێنج ،پێنوسێک شکا !

ئەو ڕۆژەی کە باخێک خەریک بوو بەر بگرێ
بەیانییەک چاوی لە گزنگ و سپێدەی پڕ لە بەخت بوو
تازە دارچنار باڵای شڵ و مل ببوو
هەڵدەکشا بەرەو ئاسمان
بەرخۆڵەی بەهاری و شیرەخۆرەی دایکی لە ناو پوشوپاوان هەڵدەپەڕی
ئەو بەرخۆڵە بەهارییەی کە نەتوانێ بچێتە نێو ڕانە مەڕ
لە ترسی کەوتنە بەر پێیان ئەرێ کەس هێڵانەی پەراسیلکەی تێکداوە؟
دەڵێن کوشتنی [ کەو]
لەم دەڤەرە قەدەغەکراوە
ئەرێ ئەی بۆچی ئەم کەوە نێر و دەنگ خۆشە لێرە شەهید کراوە؟
کەس هەیە پێم بڵێ لەم شارە گەورەیە
چۆن ئەم پەپوولەیە ڕفێنراوە
نا ئەو لێرەیە و بارگەی بۆ ئاهەنگی دەرچوون تێکناوە
ئەوەتا ئەو لەناو دڵی هەمووماندایە
چواری پێنج پێنوسێک شکا
هەرێمێک عەیبەدار کرا شارێک خەمبار کرا
گولـلەیەک لە ویژدان درا !
چواری پێنج
هەنگێک مژینی شیلەی گوڵوگوڵزاری لێ قەدەغەکرا
چواری پێنج
کانییەکی پڕ وشەی جوان و حەقبێژ وشک کرا
رووی ڕەشی حوکمڕانی چارەگە سەدەیەک بە ڕۆژی رووناک بە خەڵک ناسێنرا
چواری پێنج
پەڵکە زێڕینەی ڕەنگاو ڕەنگ لە ئاسمانی نوسینی وشەی پڕ لە بوێری بە هەوری ڕەش رووی جوانی گیرا !
چواری پێنج
کوردستان تاریکبوو دەزانن بۆ ؟
چونکە مۆمێک کوژایەوە
دەمامکی دەسەڵاتێک هەڵدرایەوە
ئەندازیارانەی شەڕی پێنە و پەڕۆ تێنوێتیان بە ڕژانی خوێنی کوڕە کوردێکی هەژار شکایەوە


ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دلاوەر شێخ محمد هرکی
4 ـــ 5 ـــ 2019

Leave A Reply

Your email address will not be published.