بەشدار عوسمان:سەردەشت کوڕی هەموو کوردستانە

نۆ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت، بنەماڵەکەی سوورن لەسەر ئەوەی، کە “بکەرانی ئەم تیرۆرە ئاشکرا بکرێن”، دەشڵین: سەردەشت دوای تیرۆرکردنی بووە کوڕی هەموو کوردستان، نەک خانەوادەیەک.

سەردەشت عوسمان، قوتابی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین بوو لە شاری هەولێر، رۆژی 4/5/2010 لە نزیك كۆلێژەكەی ناک ڕفێندرا، ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی‌ لە نزیک موسڵ دۆزرایەوە، ئەگەرچی دادگا چەند بڕیارێکی دەرکرد و بەشێوەیەک لە شێوەکان سەردەشتی بە تیرۆرست لەقەڵەم دا و گوایە بکوژەکانیان دەستگیرکردووە، کە بە وتەی ئەوان هاوکاری سەردەشت بوون، بەڵام خانەوادەکەی و ئازادیخوازان هەر ئەوکاتیش ئەو دادگاییەیان بە سیناریۆ لەقەڵەم دا و داوای ئاشکراکردنی بکوژرانی ڕاستەقینەی سەردەشتیان کرد.

ئەمساڵیش بڕیاڕە لە شاری هەولێر و چەند شوێنێکی دیکەی باشوری کوردستان، هەروەها لە چەند وڵاتێکی دەرەوە ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان بەرز رابگیرێت.

بەشدار عوسمان، برای شەهید سەردەشت، لە ساڵیادی تیرۆری براكەیدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و، دەڵێت:”ئێمە لە نۆیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسماندا، هەمان داواكاری دووپاتدەكەینەوە و دەمانەوێت ئەوانەی كە لە پشت ئەو تیرۆرە بوون بە سزا بگەیەندرێن، ئێستا دوای نۆ ساڵ ئێمە بە شوێنێك گەیشتووین، كە سەردەشت عوسمان تەنها كوڕی ئێمە نییە، كوڕی سەرجەم خەڵكی كوردستانە، لە 5/5/2010 سەردەشت كە تیرۆر كرا كوڕی خانەوادەیەك بوو، ئێستا كوڕی سەرجەم كوردستانە”.

بەشدار عوسمان، بەبێ ئەوەی ناوی لایەنەک بهێنێت، ڕەخنەی لەلایەنێکی سیاسیی گرت، کە لە ڕابردوودا داکۆکییان لە کەسیسی شەهید کردووە، بەڵام ئیستا نا، “لە ئێمە بەرزتر و لە ئێمە زوڵاڵتر دەسەڵاتدارانی یەكێتی و پارتی-یان ڕیسوا دەكرد لەسەر تیرۆری سەردەشت عوسمان، بەڵام ئەوان ئێستا پێشبڕکێیانە بۆ ئەوەی دەستی ئەو ستەمكارانە بگوشن و حكومەتیان لەگەڵ پێك بێنن و بۆ ماوەی 4 ساڵ”.

سەرچاوە:رۆژ نیوز

https://rojnews.news/%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%D8%A8%DB%95%D8%B4%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%B9%D9%88%D8%B3%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%B3%DB%95%D8%B1%D8%AF%DB%95%D8%B4%D8%AA-%DA%A9%D9%88%DA%95%DB%8C-%D9%87%DB%95%D9%85%D9%88%D9%88-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%95-38307?fbclid=IwAR0FZuzGanJsIShimuqPqpgWSd-iHuRQeNmgay8DFQZGOJ_7jidsXOJXbVw

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.