وەحشیگەری .. گەڕانەوەی مافیاکان

وەحشیگەری..گەڕانەوەی مافیاکان

ئاسۆ جەبار

   تا ئێستا ئەو پرسیارە جەھەنەمیانەمان لەخۆمان نەکردووە، ئایا ئەوانە کێن بەرژەوەندیان لەکوشتن و بەرپاکردنی فەزایەکی وەحشیگەریی نائارام و پڕ ترس و تۆقاندندا هەیە..؟ کێن ئەوانەی فیشەک دەنێن بە زمان و مێشکی رۆژنامەنوس و نوسەرو رەخنەگرەکانەوە..؟ ئەو ھێزانە لەکوێوە سەرچاوە دەگرن و سەر بە چ دەزگایەکی ئیستیخباراتی و تەسفیەگەران و لەسەر چ نەخشەیەکی مەرگ قوربانییەکان ریز دەکەن و لیستی مەرگ دەنوسنەوە..؟ ئایا ئیشی مافیاکان تەنھا تاڵانکردنی نیشتیمانە یان ئەرکێکی جەھەنەمی دیکەشیان ھەیە، وەک رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنوس و داپڵۆسین و گەلەکۆمەکێ و تۆقاندنی خەڵک و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران..؟ 

 زۆر بە سادەیی ئەوانەی سەرسەختانە شەڕی مانەوەو گەشەپێدانی ھەرچی زیاتری گەندەڵی و ناعەدالەتی و  نائینسانیەتیان بەرپاکردووە، سودمەندی یەکەمن لەدەمکوتکردن و شەرعیەتدان بە کوشتن و لێدان و  داپڵۆسین. ئەوانەی کوشندەیەکی راستەقینەی میدیای ئازاد و جیاوازییە رۆشنبیرییەکانن؛ خوازیارن تا قیامەت وەک جەلاد بمێننەوە. ئەوانەی تاسەرئێسک دژایەتی رۆژنامەنوسان و میدیای ئازاد دەکەن و دەستی تاوان و خیانەتیان بۆ رادەکێشن، ئەوانەی خاوەنی چەندین دەزگای مافیایی و میلیشیایین پێکڕا ھەمیشە گومانی جدیان لەسەرە کە داڕێژەرو خولقێنەری فەزایەکی کوشندەو تۆقێنەرن.

  کوشتنی رۆژنامەنوس و داخستنی دۆسیەکەی جۆرێکی نوێیە لەوەحشیگەری، لێدان و تێھەڵدانی رۆژنامەنوسێک بەڕۆژی رووناک لەپایتەختی وڵاتێکداو، تەقەکردن لەرۆژنامەنوسێک و ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرنوسەری گۆڤارێکی ئەھلی و کۆکردنەوەو سوتاندنی ھەمان گۆڤارو ھوتافکێشان بۆ دیموکراسی و  مافی مرۆڤ و پڕکردنەوەی میدیای فەرمی و حیزبی بە وەھمی شارستانی و  خۆشگوزەرانی، لێدان و ھەوڵی رفاندنی بەڕێوبەری تەلەفیزۆنێک، دروستکردنی لیستی رەش بۆ ئەو رۆژنامەنوس و نوسەرە رەخنەگرە سەربەخۆیانە، داگیکردنی سەرلەبەری دەزگا رۆشنبیری و فەرھەنگی و  ئابوورییەکان لەلایەن حیزب و  بەرپرسەکانەوە، چەوسانەوەی ئابوری و  رۆشنبیریی، بەرپرسی یەکەمی راگەیاندنی حیزبێک لەتەلەفیزیۆنەکانەوە رۆژنامەنوسان و  بڵاوکراوە سەربەخۆکان بە خائین و جاسوس ناوەزەد دەکات و  خۆی بە جەنگاوەری دیموکراسی دەزانێت.

 دواجار رفاندنی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوس و  خوێندکار لەبەردەم حەرەمی زانکۆداو بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایش و  خەڵکەوە، دواتر شەھیدکردن و  فڕێدانی تەرمەکەی لەموسڵ، پێکڕا سەرجەم ئەم دیاردانە کردەگەلێکی وەحشیگەرانەن تائاستی تۆقاندن و  تائاستی سڕینەوەی ئینسان و دەستێکی ئاشکرای پیاوکوژەکانی حیزبەو هیچی دیکە.

کاتێک نوسین و  راپۆرتە شیکارییەکانی سەردەشت عوسمان دەخوێنینەوە، یەکڕا دەزانین ئەوانە کێن کە لەپشت ئەم مەرگەوە بەختەوەرن و  پیلانڕێژی کوشتنی سەردەشت عوسمانن بوون، بەڵام ھاوکێشەی کوشتنەکە ھێندە کاڵفامانەو وەحشیگەرانە ئەنجامدراوە، ئێستاکە ھەمومان دەزانین ئەم پرۆسەی کوشتنە کاری تیرۆریستە جیھانییەکانی وەک قاعیدەو شانە تیرۆریستییەکان نیە، بەڵام کاری نەگریسی مافیاکانی ناو حیزب و حکومەتە کە پێکڕا کوشندەیەکی راستەقینەی میدیاو رۆژنامەنوس و رەخنەگرەکانن، چونکە تیرۆریستەکان ھێندەی لەڕووی چەندایەتی و ھەرچی زیاتری گەورەکردنی قەوارەی مەرگەوە پلانڕێژی بۆ پراکتیزەکردنی کردە تیرۆریستییەکان دەکەن، کەمتر وردەکارن بۆ دۆزینەوەی تاکە ئینسانێک و  داڕشتنی پلانێکی گەورە بۆ کوشتنی، بەڵام دەزگا تایبەتە ئیستیخباراتی و نھێنیی و مافیاییەکان ھێندەی لەڕووی چۆنایەتی و  چڕکردنەوەی پلانڕێژی بۆ تەسفیەکردنی جەستەیی کردە وەحشیگەرییەکانیان پراکتیزە دەکەن، ھێندە پلانڕێژێکی دەوڵەمەند نیین بۆ تەقاندنەوەی تەلارێک و تیرۆرکردنی بە کۆمەڵ.

ئینسانکوژەکان وەک ھێزێکی تۆقێنەر

ئەو ھێزە وەحشیگەرییەی پێیوایە لەڕێی کوشتن و  تێھەڵدان و  ڕفاندن و سەرکوتکردنەوە قفڵ دەدەن لەدەمی نوسەران و رۆژنامەنوسان، بێگومان بەرلەوەی بگەنە ئەو ھەیەجانە دیکتاتۆرییە، زۆر بەخێرایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ھێزگەلێکی ناشارستانی و  نائینسانی پۆلێن دەکرێن و  ھەمیشە لەناو راپۆرتە جیھانییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و  بەکارھێنانی توندوتیژی و  سەرکوتکردن بەرامبەر رۆژنامەنوسان و  ئازادی رادەربڕین ریزی پێشەوە قۆنتەرات دەکەن.

ئەم دیاردەیە ھەڵگری دنیایەک بەڵگەو شیکاری گرنگە کە لەسەر ئاستی رۆشنبیری و شارستانی و  سیاسی دەرخەری ئەو راستییە حاشاھەڵنەگرەن کە چیتر شاردنەوەی پێشێلکارییەکان ناتوانێت رووی گەشی نائینسانیەت و  وەحشیگەریانەی ئەو ھێزانە بشارێتەوە.

دیاردەی لێدان و ڕفاندن و کوشتن، پێکڕا دیاردەگەلێکی چەتەگەریی رێکخراو  و  بەرنامەبۆداڕێژراوە، لەفۆرمێکی وەحشیگەری و نایاسایی و نائینسانیدا، ھەوڵێکی مەترسیدارە بۆ خولقاندنی کەشوھەوایەکی تۆقێنەرو ھەڕەشەئامێز، سازکردنی فەزایەکی وەحشیگەرییەیە کە لەسەروەختی شەڕی ناوخۆکان و پیاوکوشتن و ژنکوشتن و  ڕفاندنەکاندا خولقێنەری ترس و نائەخلاقیەتیەکی گەورە بوون. گەڕانەوەی مافیاکان گەڕانەوەی کوشتن و  رفاندن و مەرگ و  چەتەگەرییە نھێنی و  حەشارگە نادیارو تاریکەکانی مەرگە.   

دواجار پێکرا ئەم دیاردەو کردە نائینسانی و ناشارستانی و نائەخلاقیانە خولقێنەری فەرھەنگێکی وەحشیگەرانە و  چەتەگەرانەن بۆ سڕینەوەی بەرامبەرو سەرکوتکردنی حەقیقەت و  ناشرینکردنی بەھا رۆشنبیری و ئەخلاقی و  ئینسانییەکان.

-ئەم دیاردانە پێکڕا ھێزگەلێکن بۆ بچوکردنەوەی یاساو ناشرینکردنی ئاستی شارستانی و فەرھەنگی کۆمەڵگە.

-لەپشت ھەر رووداوێکی کوشتنەوە، لەپەنا ھەر دیاردەیەکی داپڵۆسین و چەتەگەرایی و ڕفاندندا، ھێزو تاقمێکی باڵادەست و حیزبی و مافیای کوتلەگەراو گەندەڵخۆرو مورتەزەقە ئامادەیە، بە بەڵگەی ئەوەی زوربەی ھەرە زۆری فایلی ئەو رووداوی کوشتن و ڕفاندن و داپڵۆسینی رۆژنامەنوس و نوسەرانە لەدادگا دادەخرێن و بەدواداچوونی بۆ ناکرێت و تائێستا ھیچ کەس لەسەر ئەو تاوانانە دەستگیر نەکراون و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی دەرنەبڕیوە.

دواجار گۆرونکردنی قوربانییەکان تەنھا کردەگەلێکی وەحشیگەریی نیین، بەڵکە ھەوڵێکی کوشندەن بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگەو دروستکردنی ترس، مافیاکان تەنھا دەستەوتاقمێکی چەکدارو پیاوکوژ نیین، بەڵکە شانەو دەستەگەلێکی رێکخراو  و داتاکراوون؛ دەزانن چی دەکەن و کێ دەڕفێنن و کێ دەکوژن، بەبەڵگەی ئەوەی کاتێک نوسین و راپۆرتە رۆژنامەگەرییکانی سۆران مامەحەمە و سەردەشت عوسمان دەخوێنینەوە یەکڕا بۆمان دەردەکەوێت بۆچی کوژراون و  کێ کوشتونی. کاتێک کولتوری داپڵۆسینی رۆژنامەنوسان لەلایەن دەسەڵات و دەزگا نھێنی و مافیاکانی حیزبەوە دەبێتە ئەخلاقێکی زاڵ و  نەگریس، ئەوکاتە ئیدی ئاشکرایە کێن ئەوانەی سەردەشت عوسمان و  سۆران مامەحەمەیان کوشت و  ئاشکراشە ئەم مافیا پشتئەستورانە لیستێکی رەشیان لەگیرفاندایە بۆ درێژەدان بە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوس و رۆشنبیرانەی کە سەرسەختانە پەردە لەسەر رووی گەشی ناعەدالەتی و  وەحشیگەری و  نائینسانیەت ھەڵدەماڵن.

دواجار هەموو تاریکی دنیا رووڕەشی ئینسانکوژەکانی بۆ ناشارێتەوە، دۆسێییەی کردەوە قێزەوەن و مافیاگەرەکانیان تا دنیا دنیایە بە داخراوی نامێنێتەوە..ئەوان بە هەموو هێزیانەوە کار لەسەر گۆڕوونکردنی قوربانییەکان و  دۆسییەکان دەکەن بەڵام دواجار دۆسێییەی قوربانییەکان لەناو خەڵک و میدیا و ناوەندە جیهانییەکاندا هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە….

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.