ووشە حەرامەکان ..
رزگار حمە ڕەشید :
یه‌کێك له خه‌سڵه‌ته‌کانی ووشه بریتییه له له‌کارخستن یان به (مێژووکردن)، تیایداڕووداو ده‌وه‌ستێنرێت و ده‌خرێته‌پێناو سیستمێکی نوێوه که نوسین یەکێکە لە بەرهەمەکانی.
کاتێك ڕووداوێك له‌به‌ر چاوماندا ڕووده‌دات و ئێمه دێین له‌سه‌ر میراتی ڕووداوه‌که ده‌قێکی ڕۆژنامه‌گه‌ری یان هه‌ر بابه‌تێکی تری نوسین به‌رهه‌مده‌هێنین، کۆتایی به ڕووداوێك ده‌هێنین که تا ساتی گێڕانه‌وه‌کانی ئێمه ڕووداوێکه بوونێکی ڕاسته‌قینه و فیعلی هه‌یه، بەڵام ئێمه دێین له ڕێگای ئه‌و گێڕانه‌وه و ده‌ست تێوه‌ردانانه‌وه ده‌یکه‌ین بە ڕووداوێکی به‌سه‌رچوو. بەهەرحاڵ، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و به‌دواداچوونه‌ی ئێمه له ده‌قه‌که‌ماندا بووه سه‌ره‌تای پرۆژه‌یه‌کی تر له هه‌ر بوارێکی دیاریکراودا، ئه‌وا ئێمه توانیومانه به‌رده‌وامی به ڕووداو بده‌ین. به‌ڵام کاتێك نوسین ته‌نیا وه‌ك کردارێکی به‌سه‌رچوو ڕووداوەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەویادا ئیتر ده‌رفه‌تێك نامێنێته‌وه بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ماهییه‌تی ڕووداوەکە و کاریگەریەکانی لەسەر ئێستا و ئایندە. بۆیه زۆرجار نوسین ناچار ده‌بێت سنوره‌کانی خۆی تێپه‌ڕێنێت و به خام و مره‌که‌به‌که‌یه‌وه بێته ناوجه‌رگه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه. ئیتر ووشه، ئەگەر نەتوانێت بەردەوامی بە ڕووداوەکە بدات و ڕووداوی کاریگەرتری لێ دروست بکات، بە ناچاری زیندانی کتێب و لاپه‌ڕه‌کان به‌جێده‌هێڵێت و ده‌بێته فیگه‌رێکی کارا له‌ناو ڕووداوه فیعلیه‌کاندا، ئه‌و ڕووداوانه‌ی که ژیان و کاراکته‌ری ئه‌می ووشه پێکدەهێنن.
بەڵام کاتێك پێشهاته‌کان و ڕووداوه کاریگه‌ره‌کان وەك ڕۆتین تەماشا دەکرێن، کاتێك ده‌بنه مانشێتی به‌یاننامه و نوسینه ڕاگوزه‌ره‌کان، کاتێك ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی به ئه‌رکێکی سەر شانی خۆمان هه‌ستابین دێین ئیمزایان ده‌که‌ین، پاشان ده‌چینه‌وه بۆ ماڵه‌وه و به ویژدانێکی ئاسووده‌وه ده‌خه‌وین و ڕۆژی دواتریش ده‌چینه‌وه سه‌ر کاره‌کانمان. ئه‌م به ڕۆتین کردنه، ئه‌م خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه به‌وه‌ی که به ئه‌رکی خۆمان هه‌ستاوین، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستمان پێکردبێت داپۆشین و زه‌مینه خۆشکردنه بۆ به ڕابردووکردن یان بە مێژووکردنی ڕووداوەکە، له‌کاتێکدا هێشتا ڕووداوێکی ئاماده‌یه و لە تەنیشتماندایە. من وایبۆده‌چم که ئیمزاکردن له‌و هه‌موو به‌یاننامانه‌ی که ڕۆژانه دژی ڕووداوه‌کان و تاوانه‌کانی هه‌ڕه‌شه و تیرۆر ده‌رده‌کرێن، به ئاسانی که‌م کردنه‌وه‌ی کاریگەریەکانی ڕووداو‌و گەورەیی کاره‌ساته‌کانه. کەسێك کە پێیوایه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هەستاوە بەوەی به‌یاننامه‌کانی ئیمزا کردووە، لە ڕاستیدا خۆیی له بارگه‌کانی ئه‌و ڕق و تووڕه‌ییانه به‌تاڵ کردۆته‌وه که ده‌کرا ده‌ستکاری یه‌کێك له پایە و کۆڵەکەکانی ده‌سه‌ڵات بکەن و لەقی بکەن.
ڕه‌نگه له کات و شوێنێکی جیاوازدا، یان له‌ناو سیستمێکی کەمێك شارستانیتردا، ئه‌م جۆره به‌رخورده مانای خۆیی هه‌بێت و جێگای خۆی بگرێت. به‌ڵام له‌ناو سیستمێکدا کە تیرۆر یەکێکە لە کۆڵەکەکانی جێگیربوونی دەسەڵاتەکەی، ئیمزا و بەیاننامەکان هیچ جێگایەك ناگرن. دەسەڵاتێك که بڕیاری تیرۆرکردنی مرۆڤەکانی ئەوەندە بەلاوە ئاسانە، ئەوەندە له‌ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاوانانەدا خۆیی دووبارە کردۆتەوە، لەناو ڕای گشتی و تەنانەت لە میدیاکانیشدا کردوونی بە ڕووداوی ڕاگوزەری ئاسایی، کردوونی بە باسێك یان هەواڵێکی سارد و سڕ و بێ‌گیان. تا ئەو ڕاددەیە ئاسایی کردوونەتەوە، ئەو کەسەی بۆ تیرۆری داهاتوو هەڵدەبژێردرێت، ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌نجامدانی تاوانه‌که به‌رامبه‌ری، پێی دەزانێت و هه‌ستی پێدەکات. ئیتر ده‌سه‌ڵات باکی لەوە نەماوە داخۆ خه‌ڵکی چی ده‌ڵێن و تا چ ئاستێك تووڕە دەبن، چونکە لەوە دڵنیایه که‌ف و کوڵی هه‌ر جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له داواکاریه‌کانی مه‌حکومکردنی تاوانباران و دادگایی‌کردنیان تێناپه‌ڕێت. جا ئیتر بۆ بەرپرسەکانیش ئیمزای نه‌کەن و ده‌نگی خۆیان نه‌خەنە پاڵ جه‌ماوه‌ری ناڕازی که داوای دۆزینه‌وه و دادگایی‌کردنی تاوانباران ده‌کەن؟ داوایه‌کی زۆر ئاشتیخوازانه له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکدا که ده‌ستی له هه‌موو مۆراڵکان هه‌ڵگرتووه و چیتر جه‌ماوه‌ر و هه‌موو شته‌کانی تر به ڕابردوو ده‌بینێت و خۆشی به ئاینده.
چی هەیە وا لەو دەسەڵاتە فاشیستە بکات له ده‌نگی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره تووڕه‌یه بترسێت؟ ئەو چه‌ندین فه‌رمانبه‌ری هه‌یه ته‌نیا بۆ ڕاهێنانی دەروونی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ڕۆژ بە ڕۆژ له که‌مبوونه‌وه‌دایه، ڕاهێنانیان لەسەر ئەوەی تا چ ئاستێك دەبێت گوێرایەڵ بن و تا چ ئاستێك بۆیان هەیە تووڕە ببن. لە لایەکی ترەوە دەسەڵات خۆی چه‌ندین ده‌نگی ناڕازی دروست دەکات و چەندین فەرمانبەری خۆی دەکاتە پاڵەوانی پێش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان، ئەو فەرمانبەرانەی به‌شێکی سەرەکین لە هۆکاره‌کانی پته‌وتربوونی ئەم ده‌سه‌ڵاتە فاشیستە. ده‌سه‌ڵات ته‌نیا ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێویست نییه که ستایشی ده‌که‌ن، به‌ڵکو زۆر پێویستی به‌و ده‌نگانه‌شه که له‌چوارچێوه‌ی له‌یه‌کگه‌یشتن و ڕێککه‌وتندا ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن، بەمەش توانیویەتی هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی و خاوه‌ن ڕه‌خنه‌ی ڕیشه‌یی له هەیکەلی ده‌سه‌ڵات، پەراوێز بخات و نەهێڵێت ببیسترێن. لەناو ئەو ئاژاوە و فەوزا بەردەوامەی میدیاکان و شەقام و حیزبەکاندا، ناهێڵن دەنگە ڕاستەقینەکان سەردەربێنن و بە هەموویان لەناوی دەبەن و تیرۆری دەکەن.
ئەگەر ئێمەش له‌به‌رامبه‌ر تیرۆرکردنی قه‌ڵه‌مه‌کاندا؛ له‌به‌رامبه‌ر تیرۆرکردنی هه‌ر ووشه‌یه‌کدا به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌ربکه‌ین بۆ ئەوەی تاوانبارانی تیادا مه‌حکووم بکه‌ین، بەیاننامەیەك دەربکەین و ئیمزای بکه‌ین بێئەوەی هیچ پلانێکمان هەبێت بۆ درێژەدان بە ڕووداو، بێئەوەی هیچ نییەتێکی ڕاستەقینەمان هەبێت کە “لەدوای هاوڕێکەمان خاڵێك دابنێین و لەسەری دێڕەوە دەست پێبکەینەوە” ئیتر دەسەڵات دەبێت باکی له‌چی بێت؟ بێگومان ئەویش وەك ئێمە دێت وئیمزای ده‌کات. وەك ئەوەی زۆرجار له‌پاڵ ئیمزاکاندا و له‌پاڵ ناوی خۆتدا ناوی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌بینیت که خۆیان پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتن و بڕیاره به‌یاننامه‌که دژی ئه‌وان دەرکرابێت.
من ئیتر ئیمزای ناکه‌م، هیچ داوایه‌کیش له‌ده‌سه‌ڵات ناکه‌م تا تاوانباران بدۆزێته‌وه و بیاندات به دادگا، چونکه فیگه‌ری هیچ تاوانبارێکی تر نابینم له ده‌ره‌وه‌ی خودی ده‌سه‌ڵات. پێموانیه هیچ دوژمنێکی کوردیش هێنده‌ی فیرعه‌ونەکانی ناو ئەم حیزبانە (به‌وانه‌شه‌وه که ئه‌مڕۆ له‌ژیر چه‌تری ئۆپۆزیسیۆندا کۆبوونه‌ته‌وه و پێیان وایه مێژوو تاوانه‌کانیانی بیرچۆته‌وه) خیانه‌ت و کوشت و کوشتاریان له خه‌ڵکی کوردستان کردبێت. بۆیه من به ڕاشکاوی ده‌ڵێم، وه‌ستانه‌وه به‌دژی هه‌ڕه‌شه‌و فتوای مزگه‌وته‌کان و تیرۆر و تۆقاندن له‌گۆڕینی ئه‌م ڕژێمه کوردییه‌دایه به هه‌موو دام و ده‌زگاکانیه‌وه. ئه‌مه‌ش به ئیمزای سه‌ر به‌یاننامه‌کان نا ،به‌ڵکو به به‌رده‌وامیدان به ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه و خۆپیشاندانه سه‌راسه‌ریه‌کان. ئه‌مه‌یان خه‌ون نییه، به ئه‌به‌دی بینینی ئه‌و پاوانخوازی و ژیانه شاهانه‌ییه‌ی فیرعه‌ونه‌کان خه‌ونه نه‌ك ڕوخاندنی. ئه‌گه‌ر ئەوەشمان پێناکرێت، کەواتە با خۆمان بدەین بەدەستەوە و لێگه‌ڕێین تائه‌وانیش به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان هەستن ، له ڕامکردنی نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانێکی زۆره‌وه تا هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن و تیرۆرکردنی نه‌وه‌ی نوێ و کێشانی هێڵی سووری زیاتر به‌ده‌وری ژیانماندا.
سه‌رده‌شت عو‌سمان تاکه قوربانیی ده‌ستی ئه‌م ڕژێمه نییه و هۆکارەکەیشی ته‌نیا نوسینێک نییه بە ڕێکەوت هاتبێت بە خەیاڵیدا، بڵکو له‌ماوه‌ی ٢٠ ساڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ده‌یان و سه‌دان تاوانی له‌م جۆرەیان ئه‌نجامداوه تا گەیشتوون بەوەی پله و پایه‌که‌یان ئه‌م شکڵه‌ی ئێستا وه‌ربگرێت. ئێستاش بۆ پاراستنی ئەم ژیانەی ئێستایان پێویستیان بە ڕیزکردن و چاوترساندن و لووتشکاندنی ئه‌م نه‌وه‌یه هەیە که خوێنیان گه‌رمه و پڕ پڕن له ناڕه‌زایه‌تی وئازایه‌تی و سه‌رکه‌شیی. ئێستا ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م نه‌وه‌یه سه‌رکوت بکەن که له‌م ووڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ره‌دا له باڵه‌فڕه‌ی ئازادییان داوه و خه‌ون به مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤه‌وه ده‌بینن. نه‌وه‌یه‌کی بێزار، که دڵنیایه ئەگه‌ر خۆی شه‌ڕی ئازادی و مافه‌کانی خۆی نه‌کات هیچ ده‌سه‌ڵاتێك و نه‌وه‌یه‌کی تر بۆی ناکات. نه‌وه‌یه‌ك که ئیتر شه‌رمده‌کات له‌وه‌ی خه‌ڵکانێکی نه‌خۆش سه‌رۆکایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی بکه‌ن.