بەتەنیا جێیمەهێڵن !!

نوری بێخاڵی :

 

کە لەجیاتی خواو بەناوی خوا شیعر دادگایی بکرێ. کە بەحکومی شەریعەت چیڕۆک بدرێتە بەر مەقەسیی فەتوا. کە بەیاسای عەمامە رۆشنبیری و رۆشنبیران لغاو بکرێن ،کە بەفیتی سیاسەت ووشە لە قورگی گەنجێتیدا بکرێ بە مسی سورەوەکراو چزو نەناخی خاوەنەکەیدا بکات.کە راستی گوتن بکرێ بە گوللە و لە دەشتێکی بێ هاوار و بانگدا بنرێ بەناو دەم و تەوێڵی بەرائەتی گەنجێتیدا. کە لەبەردەم زانکۆدا ئازادی ئەتک بکرێ،ئیدی بوار بۆ بیرکردنەوە و ژیان نامێنێتەوە و ئەوەی کە من حزبیم و تۆ سەربەخۆی،نوکتەیەکی بێ مانایە برادەر !!

دوینێ سۆران و ئەمڕۆ سەردەشت و خوا دەزانێ سبەی چەند ( سین و شین و کاف و ڕێ و نون و دال و هێ و میم و بێ ..)ی رۆژنامەنووس بێ،بەبێ کەس لەم دەشتانەدا گورگان خواردوو دەکرێن و دوایی رۆژێک مۆمی ئیدانەکردنیان بۆ دادەگیرسێنین و دواجار هەر خۆیان بەتەنها دەمێننەوە و کەس !!

بەدوایی ناشتنی تەرمەکەشدا ،کە زۆرێک لە پەرلەمانتار و وەزیر و لێپرسراوی حزبی و بەرپرسی حکومی لەترسی حزب ناوێرن ئامادەی ناشتنەکە بن،رۆژی دواتر بەشەرمەوە دێنە فاتیحاکە !

ئیدی هەر بەیاننامەی سەرکۆنە و لافیتەی شەرمەزارکردن و لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کڵاشە دەکەن و دانیشن بەخێر !

ئەو رۆژنامەنوسەی ئەمڕۆ لە ترسی نان و مووچە لەو تاوانە بێدەنگ دەبێت ،بێ ویژدانە،یان ئەوەی لە ترسی پلەی حزبی و کورسی ئیداری لەم دڕندەییە خۆی لەگێلی بدات بودەڵە و ترسنۆکە،چونکە بەر لەهەموو شت ئەوە پەیوەندی بە کوشتنی مرۆڤەوە هەیە،پەیوەندی بە روشاندنی کەرامەت و بێبەهاکردنی کەسایەتی مرۆڤەوە هەیە ،پەیوەندی بە سوککردنی ووشە و بێنرکردنی قەلەمەوە هەیە .

کوشتنی سەردەشت بەتەنها کوشتنی گەنجێک نیە ،بەڵکو هەڕەشە و جاوسوکردنەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لەم وڵاتە بەجیاواز بیربکەنەوە و بەجیاواز لەوانیتر بژین !!

بۆ من گرینگ نیە سەردەشت کوڕی کێیە و سەر بەکام حزبە و چۆن بیری کردۆتەوە ،گرینگ مرۆڤێکە و کشتیان،گەنجێکە و مافی ژیانیان لێ زەوتکرد و خەونی ئایندەیان لێ دزی،من دڵنیام ئەو نە لەسەر دزی و نە لەسەر ناموس و نەلەسەر حزبایەتی و نەلەسەر دەستدرێژی سێکسی کوژراوە ،ئیتر چ حیکمەتێک لە بێدەنگیدایە ؟

سەیرە زانکۆ بەو حەشاماتی قوتابییانەی خۆی مان لەدەوام ناگرێ ،عەجیبە رۆژنامەنووسان بەردەرگا بە وەزارەتی ناوخۆ ناگرن !! خۆ ئێستا بابایەکی رۆژنامەنوسی بەتەمەنی حزبی بوایە ،نەک بەم شیوەیە ، بەڵکو بەر تەقینەوەیەک بکەوتایە ،شاشەکان لایەکیان رەش دادەگەڕا و رۆژنامەکان ماتەمیان دەگرت !

بەهەرحاڵ کە بەنوێژی نیوەڕۆ رفاندن ببێت بە عادەت ،ئیدی پیاو بۆ ترسی لە خۆتەقاندنەوەی تیرۆرستی بمێنێ ؟ کە دڵنیا بیت کەوەی جوامێرێک نیە شەری رووبەڕوو و دەستەویەخەت لەگەڵدا بکات ،پێوسیتی چمان بە هێزی ئامادەباشی و ئاسایش و دژە تیرۆر و دادگا هەس ؟ بۆیە ناهەموومان میلی کاتژمێرەکانمان لەسەر ئەجەلی ناوەختی رفاندن و جاوبەست و فەلاقە و کوشتنی نامەردانەمان میقات بکەین و لەگەڵ دوا وەسیەتمان ، قاتیعایەکیش بۆ خەونە چۆلەکەییەکانی شۆڕش و دورشمە بریقەدارەکانی ئازادی و  نوکتە بێ تامەکانی دیموکراسی بخوێنین !

ئەم بابەتە لە  ژمارە (٢٢٣) ی رۆژنامەی ئاوێنە بلاوکراوەتەوە لە ( ١١\٥\٢٠١٠)

Leave A Reply

Your email address will not be published.