سەنگەر چۆڵ نابێت

یەحیا بەرزنجی:

 

دوایی تیرۆرکردنی سەردەشت،نینۆکی خوێناوی ئەو بەرپرسە دڵرەقە بەسەر کێیترەوە دەنیشێتەوە؟! نۆرەی سەردەشتێکیتر کەی دێت؟! چونکە ئەمە پرۆسەیەکی دوور و درێژە،پێدەچێت لەبەرامبەر نووسین لەم هەرێمی کوردستانە،رێژەی کوشتنی رۆژنامەوانی چالاک و نوسەران و رۆشنبیرانی سەربەخۆ بەرەو زیاتر بڕوات،هەرچەندە بەم ترس و هەڕەشە و کوشتنانە و رێگریانە سەنگەر ئاوا بەئاسانی چۆڵ ناکرێت،بەقەولی سەردەشتی جوانەمەرگ کە لە نامە بەجێماوەکەیدا نووسیویەتی((تا ئەو شوینەی کە ماوین ئەبێ قسە بکەین،لەم شوێنەش،کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوریکەم خاڵیکم بۆ دابنێت و ببێتە سەر دێرەکی نوێ و سەرلەنوی دەست پێبکاتەوە )).ئەوە ئێستا خۆپیشاندانەکانی دژی تیرۆری ئەو قەڵەم بەدەستە تەواوی کوردستانی گرتۆتەوە ،داواکەی ئەو لاوە خێر لەخۆنەیدیوەی هێنایەدی .

سەرۆکی هەرێم،ئەوە رۆژنامەنوسێکی پایتەختەکەت بە رۆژی نیوەڕۆ و هەر زووش لە شارێکی وەکو موسڵ تەرمی پیرۆزی فڕێدرا.لەبیرمە لە رۆژی کۆبوونەوەت لەگەڵ رۆژنامەنووسان وابزانم رەمەزان بوو تۆش زمانت بەرۆژوو بوو،وتت(ئەوا یاسایەکمان دەرکردوە،جنێوی خۆت بدە و بەقەدەری ئەوەش پارە بدە و بڕۆ ) بەڵام سەردەشت تەمەنی گەنجێتی لێفێندرا،سەردەشت کوژرا ئەوەی بە ووتارەکەی ئەو قەڵس بوو،لەبڕی دادگا و سکاڵا ،لەبری قەرەبوی مادی لە سەردەشتی گیرفان بەتاڵ،ئەو خوینمژە، خوینی ویستووە.لەم سەردەمی حکومرانیەی تۆدا خوێنی رۆژنامەنوسیکیتریش وەک سۆرانی مامە حمە ڕژا .

ئەمجارە دوای کوشتنی ئەم رۆژنامەنووسە،چۆن دڵمان بەم گفتە خۆش بکەین ،کە لیژنەتان پێکهێناوە و بکوژانی دەدۆزنەوە ؟هێشتا دۆسیەکەی سۆرانی مامە حەمە ، ئەو کورە کەرکوکیەی لەبەر ماڵەکەیدا کوژرا ،هیچ ئەنجامیکی ئاشکرا نەکراوە .

سەرۆک ، ئەو رۆژنامەنوسەی کوژراوە باب و خوشک و برا و کەسوکاری هەیە،قۆناغی چوارەمی کۆلێژ بوە،هەموو دایک و بابێک بەخۆشتەوە،دەبی موچڕک بەلەشییاندا بێت،چونکە هەر ئەوان دەزانن کە گەیاندنی منداڵی بە کۆتایی قۆناغی زانکۆهەروا ئاسان نیە ،ئەو کەسەی ئەو کارە قیزەوەنەی کردووە،سەردەشتی بەتەنها تیرۆر نەکردوە ،هیوایی خێزانیکی کوشتووە،لەو سەرزەمینەی ناوی هەرێمی کوردستانە،هەموو بانگەشیەکەی ئازادی بیرورا و دیموکراسیەتی مایەپوج کردووە،هەموومانی خستە ژێر بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقیەوە !

رۆژنامەنوسی ئازاد ئەوەی لەدەستی ئەدات رۆحێکە و ئەروات،بەڵام لە دوایی خۆی نوسین و هەڵویستەکانی دەمێنێ! سەردەشت وێرای نوسینەکانی ،نامەیەکی بۆ هەموومان جێهێشتوە،کە باس لە ئازایەتی و سووربونی کەسێک دەکا کە هەڵگری باوەڕێک بوە،کەسێک کە باکی لە مردن نەبوە،ئەو زانیویەتی دەیکوژن تەنانەت وەک لەنامەکەیدا هاتووە،تروسکایەکی گاڵتەئامێژی بە وەلامەکەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پایتەخت هەبووە کە وتویەتی هەولیر ئارامە و شتی وای لێ ناقەومێت !

ئەو نامەیە بەجێماوە هەڵویستی رۆژنامەوانیکی سەرەتایی ئەو وڵاتەیە،نامەی ئاوا مەگەر لە پیاوێکی وەکو قازی وەشابیتەوە کە میللەتەکەی لەنێو لیقەماندا بەجێنەهێشت.ئەو نووسینە کتومت لە نوسینەکەی عەبەی مەلا ئەجیت،وەڵی ئەو لە زیندانی بەعسیان نووسیبوی و سەردەشتیش لە پایتەختی هەرێمی کوردستان .

لە ژمارە ٢٢٣ ی رۆژنامەی ئاوێنە لە ١١\٥\٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.