سڵاو لە رۆحە ئاسودەکەت سەردەشت گیان ..

هۆشیار عەبدوڵا:

 

سەردەشت گیان ..

سڵاوت لێبێت ..
سڵاو لە رۆحە ئاسودەکەت ..

تۆ؛ ئێستا بۆ هەزاران گەنجی وەک من سیبولی ، سکێچی تۆ وەک ئازادیخوازانی دونیا شیوەی گیڤارا لە سەر سینگ و دڵی هەزاران گەنجە کە بە عەشق و بە هۆشیاریەوە بە گژ بتی بنەماڵەکاندا دەچنەوە .

تۆ؛ ساڵ دوای ساڵ باڵات لەناو دڵی ئەم نیشتیمانەدا بەرزتر دەبێت ، نەک بیر ناچیەوە بەڵکو یادت پڕشکۆ تر دەبێت .

هەن و زۆرن و منیش یەکێکم لەوانەی حەسودی بە شەهیدبونت دەبەم ، مردنێکی وا مرۆڤ نەک نابێ لێیبترسێ بەڵکو دەبێت بە مەیلێکی قوڵەوە باوەشی پیابکات .

لەوەتەی نەوشیروان مستەفا ئەو کاروانەی خستۆتە رێ ، لەوەتەی ئەو مۆمی ئازادی و ئازایەتی هەڵکردوە ، تاکە یەکجاریش سڵم لە وتنیی حەق نەکردۆتەوە ، خۆ دوای تیرۆرکردنیی تۆ بەتایبەت هەرجارەی دەنگ هەڵدەبرم وا دەزانم قسەکەی تۆم بە جێهێناوە و وەک هاورێیەکت دوای نوقتە دانانی تۆ هاتومەتەوە سەری دێڕ ، هەرجارەی دێڕیک دەنوسم رۆحم ئاگای لە عەشقی تۆیە بۆ وشەی بوێر ،بۆ دەربرینی بێمنەت، بۆ گەروی حەقبێژ .

سەردەشت گیان ، ئەو رەسمەی رۆژی تەخەروج گرتوتە ئەوەی بە قاتە ڕەشەکەوە ، ئەها لە رەسمێکا بزەیەکی قوڵت بەڕوی ئازایەتیدا کردوە ،ئەو رەسمەت ئێستا لە دڵی هەمواندا، لە لاپەرەی فەیسبوک و سایت و رۆژنامەکاندا بۆتە هێما بۆ وشەی شەهید ، بۆتە هێما بۆ خۆت ،ئاخر ئێستا هەر وتت سەردەشت عوسمان یەعنی وتوتە، ئازایەتی وتن ، وتوتە تیرۆری قەلەم ، وتوتە دەسەڵاتی مرۆڤ کوژی بنەماڵە ، ناوی تۆ دەلالەتی جوانیی و دەلالەتی ئازایەتیە !

رۆژێک دێت مەزارەکەت دەبێتە شوێنی دڵمەسکەنیی ئازادیخوازان ، رۆژێک دێت هەر وەفدێ بێتە هەولێر ، بێتە کوردستان حەز بکا سەرێک بدات لە تۆ ، وێنە لەپاڵ باڵای راکشاوی تۆ بگرێ .

سەردەشت گیان ..

دڵنیام رۆژێک دێ دەسەڵاتی ئەوانەی لەسەر وشە شەهیدیان کردی ، ئەوانەی بەدکاری نەماوە نەیکەن ، ئەوانەی مێژو و ئێستا و ئایندەیی نیشتیمانیان تاریک کردوە نەمێنن و لە جێگەی ئەوان مۆمی دەسەڵاتێکی ئازادیخواز لە سەر مەزارەکەت دابگیرسێ ، درەنگ یا زو دڵنیام ئەو رۆژە دێت و بەو هیوایەشەوە بۆ ئەو ئامانجە دەژیم و دەجوڵێم .

Leave A Reply

Your email address will not be published.