پێداگرین لەسەر داواو مافەکانمان، تاکو دادگایی کردنی بکوژەکان و ئەوانەی لە پشتی تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وەستاون!

بەکر عوسمان:

هەشت ساڵ بەسەر تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان تێپەڕی. هەشت ساڵ بەسەر پێداگری دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پاراستنی تاوانکاران و بکوژان. هەشت ساڵ پێداگیری ئێمە و ئازادیخوازان لەسەر مافی خۆمان بۆ ڕادەستکردن و دادگایی کردنی بکوژەکان و ئەوانەی لە پشتی تاوانەکەوە وەستاون تێدەپەڕێت. هەشت ساڵە باڵا و مەودای نەفرەت و ناڕەزایی لەم دەسەڵاتە ئازادیکوژ و گەنج کوژە بەرزتر و ئەستورتر فراوانتر دەبێت و بە هەمان ئەندازەش پێگەی سەردەشت عوسمان وەک سیمبولێکی ئەو ناڕەزاییە بەرز و بەرزتر دەنوینێت.

ئاخر سەردەشت هاوارێکی ناڕەزایی بوو لەدژی هەموو ئەو ناعەدالەتی و نایەکسانیەی لە گەردنی کۆمەڵگەکەمان ئاڵاوە. سەردەشت قریشەکەیەک بوو بۆ دەرهێنانی کەرامەت و مرۆڤبوونمان لەژێر داروپەردووی کۆشکی داڕماوی کوردایەتی، بۆ ڕزگارکردنی هەناسەی ئازادمان لە زەلکاوی عەشیرەتگەری و تاریکپەرستی. هاوارێک بوو کە بە فیشەکی تیرۆر و غەدر نەک تەنها کپ نەکرا بەڵکو دەنگدانەوەی گەیشتە هەموو گوێ و کەللەسەرە کاسەکان. ئەمڕۆ سەرتاپای ئەم کۆمەڵگایە گەرووی پڕ هاواری سەردەشت ئاسایە و لەسەردەشتەوە فێربووە کە لە گوللەی ناو دەمیش سڵ نەکاتەوە.

هەشت ساڵ تێپەڕی و ئەمڕۆکە بکوژانی سەردەشت هیچ دەوەنێک نەماوە خۆیان و تاوانەکانیانی لە پەنادا حەشار بدەن. چەندین ساڵە بە بالۆرەی پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستان پاساوی ناعەدالەتی و جەردەیی ئاشکرای سامانی خەڵک و سەرکوتی مافیائاسای دەنگە ئازادەکان دەدەن، بەڵام چەندین جار و لە سادەترین ڕوبەڕوبوونەوەدا ماهیەتی ڕاستەقینەی فیشاڵی ئەم داهۆڵانە دەردەکەوێت و هەمووان ئەوە دەبینن کە بکوژانی سەردەشت چەندە مۆڕاڵپوچ و ترسنۆک و بەزیون و چۆن بۆ هەڵاتن و جێهیشتنی خەڵک بۆ دوژمن لە ئاسک تیژڕەوترن. دوای هەشت ساڵ ئەمڕۆکە تاوانکارانی دەسەڵاتدار لەناو پارتیدا لە هەموو کات زیاتر ڕووت و ڕەجاڵ و لەبەرانبەر خواستی بە دادگایی گەیاندنیان لاواز و زەبوونترن. هەربۆیەشە لە هەموو ئاماژەیەک و ناوهێنانێکی سەردەشت لەرز دەیانگرێت.

هەربۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەرپەرسی یەکەمی تیرۆری سەردەشت عوسمانە و بکوژان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا ئازاد و دەسەڵاتدارن و هیچ هەلێک بۆ چەندبارەکردنەوەی پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی بکوژان لەدەست نادات. نەک تەنها ڕاستەوخۆ دژایەتی ئازادی دەربرین و یەکلابوونەوەی دۆسیەی تیرۆریکردنی سەردەشت دەکات، بەڵکو بەوپەڕی حەساسیەت و زەندەقچوونەوە مامەڵەی هەر ئاماژەیەک بۆ سەردەشت و ڕاستیەکانی پشت تیرۆرکردنی ئەوەوە دەکات. کاردانەوە و ترس و لەرزیان لە کتێبی سەردەشت عوسمان باشترین بەڵگەیە.

پاش ئەوەی کتێبی سەردەشت عوسمان، کە بەشی دووەمی کۆکراوەی دۆکیومێنت و نووسراوەکانە لەسەر تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت لە شاری سلێمانی لە چاپ دەرهات، بەهزاد موحسن کە ئەندامێکی ستافی ئامادەکاری کتێبەکەیە هەوڵ دەدات چەند نووسخەی کتێبەکە بگەیەنێتە شاری هەولێر. بەڵام ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە (١٩\٤\٢٠١٨) لەبازگەی بێستانە، وێڕای ئەوەی دەست بەسەر ٥٠ دانە لەبەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسماندا دەگرن بەهزاد موحسین بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر دەکەن. جێگای سەرنجیشە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کاربەدەستە ئەمنیەکانی پارتی دەڵێن: “کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی و بۆمب و تلیاک مەترسیدارترە بۆ ئێمە!”.

ئەو قسەیەی سەرەوە دەربڕی ڕاستەقینە لەو مەترسیانە دەکات کە ئەم دەسەڵاتە خۆی لەبەرانبەریدا دەبینێتەوە. ئەم دەسەڵاتە بەو مێژووە لە خوێنڕشتن و تاوانکاری کە بۆ خۆی نەخشاندووە بە ڕاستی هەقیەتی لە کتێب و ڕاستیەکان و ناوی سەردەشت عوسمانەکان بترسێت. کەسانێک کە دەستیان سورە بە خوێنی گەنجان،خوێندکاران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاساییە کە ناوی سەردەشت  دێوەزمەی ژیانیان بێت.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!

لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ئازادیخوازی وئینساندۆستی لە کوردستاندا تاوانە و سزای لەسەرە. لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا، سەرکوت و جەردەیی بووە بە سیستەم، هیچ کەسێک لەسەر گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی و کوشتن وتیرۆری ڕۆژنامەوان و  دەنگی ئازاد، بەرەوڕووی هیچ جۆرە لێپرسینەوە وسزایەک نەبۆتەوە. بەڵام هاوکات دەبینن دەیان ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی لەسەر گوتنی ڕاستی و ناڕەزایی و ڕەخنەگرتن تیرۆرکراون. لێدان و دادگایی و سزادانی رۆژنامەوان و چالاکوانی سیاسی و جەماوەری بووە بە نەریتێکی هەموو ڕۆژەی ئەو دەسەڵاتە.

لەم دۆخەدا ئەم دەسەڵاتە نەک هەر ناتوانێت هیچ جۆرە سەقامگیری و ئاسایشێک لە کوردستاندا بپارێزیت، بەڵکو مەترسی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش‌و ژیان‌و سەلامەتی هەر تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان. خوێنڕێژی ئەم دەسەڵاتە زۆر درێژەی کێشا، ئازاری دڵسوتان و جەرگسوتانی دایکان و باوکانی هەناسەسارد، کوژرانی ئاشکرای کوڕەکانیان بەدەستی چەتەکانی دەسەڵاتی کوردی و حزبی کوردی و عەشیرەت و بنەماڵەی مافیایی زۆر بەسوێیە. بەداخەوە ئەمرۆ ژمارەی قوربانیانی دەنگی ئازد و کارنامەی ڕەش و خوێناوی سەرکوتگەرانی کوردستان گەیشتۆتە سەدان کەس. شارو شارۆچکەیەک نەماوە لە کوردستاندا چەندین گەنجی بوێر لەسەر ئازادی و عەدالەت بەدەستی سەرکوتگەرانی کوردستان گوللەباران نەکرابێت.

ئایا بەڕاستی جیاوازی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە چییدایە؟ ئەو شەرعیەتە چییە ئەحزابی کوردی هەیانە بۆ کوشتنی گەنجانی کوردستان؟ ئەوانەی خوێنی کوڕەکانی ئێمە لەدەستیان دەچۆڕێ بە چ شەرعیەتێکەوە دەسەڵاتداری کوردستانن؟ تا کەی بازنەی دەسەڵاتداریتی لە کوردستان بازنەی کوشتن و بڕیاردانی کوشتنی مرۆڤی ئازادیخواز و شەرافەتمەندی کوردستان بێت؟ چ شوێنێک ماوەتەوە بۆ گرێدانەوەی خۆشباوەڕی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانی و مێژووەکەی؟ کوردایەتی چییە جگە لە ڕێبازی دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانی بۆ درێژەدان بە دەسەڵات و پاراستنی کورسی و کوشتنی دەنگە ناڕازیەکان و تاڵانی زیاتری سامانی گشتی نەبێت؟

هەموومان دەزانین پێکهاتەی دەسەڵات لە کوردستان چۆنە. لە زۆربەی تیرۆر و کوشتنەکانی دەنگی ئازادی و عەدالەت بەشێک لە دەسەڵات بکوژ بووە بەشەکەیتر پارێزەری بکوژ. ئومێد بەوەی ناکۆکیەکانی ناوخۆی بەشێک لەدەسەڵات مافە زەوتکراوەکانی خەڵک دەگێرێتەوە، خۆشباوەڕیە. ئەوەی هەر رۆژێک بەشێک بووە لە سێبەری مێژووی دەسەڵاتی کوردی، جێگای هیچ ئومێدیکی سیاسی نییە.

ئیتر ئەوە دادی کەس نادات بڵێین “یاسا نامانپارێزی!” ئەوە بەدەردی کەس ناخوات بڵێین” سەروەرنەبوونی یاسا هەڕەشە لە ئازادی و ژیانمان دەکات!”. ئەوەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێ سەروەری یاسای خێل‌و عەشیرەت‌و مافیای ئەوانە. دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانی زۆر دەمێکە خۆیان یەکلاکردۆتەوە، ئەوان دەسەڵاتی سەرکوت و مافیایی و بنەماڵەیین. ئامانجی ئەوان هەر ئەوەبووە ٢٧ ساڵە کردوویانە. ٢٧ ساڵە لە دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتن و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان داهێنانیان کردووە. ٢٧ ساڵە لە کوشتنی کوڕەکانی ئێمە پێشبرکێیانە. ٢٧ ساڵە ژیان و چارەنووسی خەڵکی کوردستانیان بەبارمتە گرتووە. کەسانێک بەدەستی سوور بە خوێنی گەنجانی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن، شەرعیەتی دەنگی خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردنیان هەیە… لە ڕاستیدا ئەوانە دەبێ دادگایی بکرێن و شوێنی ئەوان زیندانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و تاکی کوردی لە شەرانگێزی و دڕندەیی ئەوانە پارێزراوبێ.

سەردەشت هەر ساڵە لە یادی خۆیدا شتیکی تازەمان پێ دەڵێت. لە ڕابردوودا پێی گوتین: لە کاتێکدا بکوژەکانی ڕۆژنامەنووسان‌و گەنجان‌و دەنگی ئازاد ناسراوو ئاشکران، لەوەش ئاشکراتر پشتیوانی دەسەڵاتە لەو تاوانکارانەی کە خۆیان کەسانی سەرەکی ناو باندی فەرمانڕەوای کوردستانن، ئیتر لەژێر سیبەری دەسەڵاتێکی وادا، لە سایەی سێبەری چەقۆی ئەو دەسەڵاتە میللیشیایی و مافیاییەدا ئومێد بۆ هەڵهاتنی خۆری عەدالەت لە ئاسمان و زەمینی کوردستان لە سەرابێک زیاتر هیچی دی نییە. ئەمساڵیش پێمان دەڵێت کە هەڵهاتنی خۆری عەدالەت زۆری نەماوە، مەرگی چەقۆ و ڕەوینەوەی سێبەری چەقۆ نزیکە و ئەو ڕۆژە نزیک و نزیکتر دەبێتەوە کە تاوانکاران ڕاپێجی دادگایەکی عادیلانە دەکرێن و سزای موستەحەقی تاوانەکانیان وەردەگرن.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو  ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.

2018-05-05

Leave A Reply

Your email address will not be published.