سەردەشتی ئازیز لە گۆڕەکەشت دەترسن

مەریوان ووریا قانع:
ئەوانەی کێلی سەر گۆڕەکەی سەردەشت عوسمانیان شکاند لە ھەمووان باشتر لەو ڕاستییە تێگەیشتون کە ژیانی ڕاستەقینەی ھەندێک کەس لە دوای مردنیانەوە دەستپێدەکات. ھەندێک مرۆڤ لەدوای مردنیانەوە ڕۆژانە و بەشێوەی تازە، لەدایکدەبنەوە. بە لەدایکبوونەوەشیان ھێما بۆ “سەرەتای نوێ“ و ”ئەگەری تازە“ و ”ژیانی تر“، لە فۆرمە ھەرە نەمرەکەیدا، دەکەن. 
ھەموو مرۆڤێک ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێت ڕۆژێک دێت دەمرێت و شوێنی خۆی و بەشە ھەناسەکانی بۆ ئەوانی دوای خۆی بەجێدەھێڵێت، بەڵام ھەموومان ناتوانین دوای مردنمان لە ژیاندا بەردەوام بین، ھەموومان ناتوانین لە ناو گۆڕەکانمانەوە ”سەرەتای نوێ“ و ”ئەگەری نوێ“ دروستبکەین و بۆ دونیای مرۆڤە زیندووەکانی بنێرین. ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانیی ھانا ئارێنت لە شوێنێکدا باس لەوەدەکات چۆن لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر منداڵێکدا ئەگەری ھاتنەکایەی ”سەرەتای نوێ“ و ئەگەری گۆڕان و دەسکاریکردنی جیھان لەدایکدەبێت. دەکرێت لەسەر ھەمان ھێڵی بیرکردنەوەی ئارێنتیانە و لەپاڵ مەرگی کەسانی وەک سەردەشت عوسمانیشدا بڵێین: لەگەڵ مردنی ھەندێک مرۆڤی تایبەتدا بەردەوام سەرەتای تازەی تر و ئەگەری نوێی گۆڕان و دەسکاریکردنی دونیا، دێتەکایەوە. دەشێت گۆڕ وەک منداڵدانی دایکی لێبێت و توانای لەدایکبوونی نەوەی تازە بەئەگەری تازەوە بێنێتەکایەوە.
گۆڕەکەی سەردەشت عوسمان لەو جۆرە گۆڕە تایبەتانەیە، لەڕاستیدا ئەم گۆڕە وەک منداڵدانی مێژووی ئێمە وایە، سەدجاری دیکەش تێکیبدەن و بیسڕنەوە، ئەو ھەر بەردەوامدەبێت و ئەگەری نوێ و سەرەتای تازەی دەسکاریکردنی دونیای ئێمە لەگەڵخۆیدا دەھێنێت.
سەردەشتی ئازیز و برا، ئارام بنوو، لەوە دڵنیابە تا گۆڕەکەی تۆ بوونی ھەبێت، وزەیەکی نوێ بۆ بەرگریکردن بە ناو لەشی مێژووی ئێمەدا دەگەڕێت. برا گەنجەکەم، ھەوڵبدە لەو ژێر خاکەدا بەختەوەر بیت، چونکە ئەوەی تۆ تیایدا بۆ ھەتاھەتایە پاڵکەوتویت، گۆڕ نییە، بەڵکو منداڵدانی مێژووی ئێمەیە، منداڵدانێک پڕ لە ئەگەر و وزەی تازە و بەردەوام.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.