ئامانجی دەوڵەتی سەربەخۆ بە بکوژانی سەردەشت نایەتەدی

نیاز عەبدوڵڵا:

‌بلۆک وەشێنە بانگەشەکارەکانی ریفراندۆم بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ، بە شکاندنی کێلەکانی گڵکۆی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان روونتر نەخشە رێگای داهاتووی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی” یان پێ پیشانداین.

‌ئاشکرا نەکردنی خواست و دیدگای بانگەشەکارانی ریفراندۆم بۆ سیستەمی سیاسی داهاتووی ئەو دەوڵەتە، بەشێکە لەو راستییەی داهاتووش وەک رابردوو و ئێستا بەڕێوە دەبەن.
‌هەڕەشەکانی بەرپرس و لایەنگرانی حیزبی لە رەخنەگران و رۆژنامەنووسان بەوەی “لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە کوردستان شوێنیان نابێتەوە و جاشنامەیان بۆ دەردەکرێت” بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ دەکرێت.
‌بۆیە ئەمڕۆ بە شێواندنی گڵکۆی سەردەشت عوسمان بە وەشاندنی دوو بلۆک، دەخوازن سیمبولەکانی ئازادی تێکبشکێنن.

‌حیزبێکی بنەماڵەیی ئامادەبێت سەردەشت عوسمان تیرۆر بکات، تووشی شۆکمان ناکات گڵکۆ بشێوێنێت و لە داهاتووش بۆ سووکایەتی و هەڕەشەی زیاتر لە خەڵکی کوردستان سەردەشت لە گۆڕەکەی دەربهێنێت و لەبەردەم کۆشکەکەی “سەرۆک” بە دوای قافڵەی ئوتۆمبێلە جامڕەشە مۆدیل بەرزەکانیان رایبکێشن.

‌‌لەبەرئەوەی پەیامی ئازادیخوازی و وەستانەوە بە رووی نادادپەروەری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە شکاندنی کێلەکان و گۆڕەکەی گەورەترن. پێشنیار دەکەم خانەوادەکەی سەردەشت وەک رەمزێکی پیشاندانی بەردەوامی ستەمکاری و تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، گڵکۆکەی نۆژەن نەکەنەوە، تاوەکو کرداری ترسنۆکانەی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە لە دوای مەرگی کوڕە هەولێرییەکە هەر دیاربێت.
‌ئەو پەیامەش باشتر بگات، کە دەسەڵاتی بنەماڵە حیزبییەکە لە دوای مەرگیشی لەو پەیامی ئازایەتییەی سەردەشت دەترسن. کە بۆتە پشکۆی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی لە ناخی خەڵکی کوردستان و رووناک کەرەوەری رێگایەک. رێگایەک، کە بە بڕوانامەی ئەمریکی و بریتانی کوڕی بەرپرسانی حیزبی د‌روست ناکرێت.
‌ بۆیە هێزێکی سیاسی رۆژنامەنووس کوژ و کێل شکێن ناتوانێت لە ئامانجەکانی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی راستەقینە تێبگات و، دەوڵەتێک لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبوڵ کردن و پاراستنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بونیادبنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.