نەعلەتی سەردەشت !

سامان کەریم:
دوێنی جارێکی تر سەردەشت تیرۆر دەکەنەوەو گۆڕەکەی بە بلۆک دەشکێنریت. شێوەی شکاندن و بەبەکارهێنانی بلۆک نیشانەی ئەوەیە کە کارەکە عەشوائی نەبوە. کێ کردویەتی لە ڕوانگەی منەوە گرینگ نیە. ئایا ئەو هێزەی تیرۆری کردوە، جاریكی دیکە ویستیویەتی تیرۆری بکاتەوە؟! یان لایەنێکی دیکە ویستویەتی هەڵیواسێت بە ملی پارتیدا. کرۆکی ڕەوش و نەریتەکە گرینگە بۆئێمە و نەوەی تازە. ئەمە چ ڕەوشو نەریتێکە. ڕەوشو نەریتی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە لە ٢٧ ساڵی ڕابوردودا مۆدێل و ڕوداو دیاردەو نەریتی هێجگار سەرسوڕ‌هینەریان داهێناوە. نەریت و مۆدێلەکان بەشیکیان هێجگار کۆنن. بەشێکیان دەمەزەردکردنەوەی نەریتەکانی فیودالیزمە، لە ئێستادا بە شیوەیەکی دیکە پیادەی دەکەن. بڕینی کلکی کەر، سوتاندنی خەرمان، دزینی ئەسپ، بڕینی ئاوی ئاودێری…. بەشیکی دیکەیان نەریت و بارگەکراوی لیبرالیزم و نیولیرالیزمە. بەڵام ناسیونالیزمی کورد تا ساڵێ ١٩٩٠ لە هێستر و بارگیرو کەر و جار بەجاریش سواری تراکتۆر هیچی دیکەی نەدیبوو، یان تەنها ئەمانە بۆ ئەم بزوتنەوەیە ئامرازی گواستنەوە بوون. بۆیە لێبرالیزمی نوێ و نەریتەکانی لە کوردوستان کە ڕاستەوخۆ بەبی هیچ دەستپێکێک دەبێتە ئەمری واقعی ئەم ‌هێزانە، خۆشی دەبێتە کاریکاتیرێکی ترسناک و مەترسیدار. موچە برین نمونەیەکە، بەلام سەیر لەوەدایە پێی بلێێ ‘ ڕیفۆرم”… بەهەرحال لە ڕوانگەی ئەم لیبرالیزمەوە ڕیفۆرمە.
ئەم کارە قێزەون و ناشیرینە، ئەمکارە ستەمکارەی کە دژ بە گۆری سەردەشت کراوە، تەنها لە چوارچیوەی سیادەتی ئەفکارو سیاسەتو نەریتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی دا مومکن دەبێت. ئەم بزوتنەوەیە و حزبەکانی بە دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتەوە ڕیگری گەورەی بەردەم ئازادی و خۆشگوزەرانی خەلکی کوردوستانن. بەمکارەیان سەردەشتیان گەورەتر کرد، بەم هەنگاوەیان نەعلەتیان لە خۆیان و نەریت وفەرهەنگەکانی خۆیان کرد بەڵام لەلایەن ئێمەو ملیونەها لە ئینسانە ئازادیخوازەکانەوە، دەنگی بژی ئازادی و بژی سەردەشتەکان دەچرێت. دروست ئەوەیە جێپەنجەی ئەم نەعلەتە وەک خۆی بمێنێتەوە. هەر بە شکاوی ئەم گۆڕو بمێنێتەوە، بەڵکو لە گؤڕیکەوە ببێت بەمۆزەخانەیەکی ئازادی.
بژی سەردەشت.

١٠.٨.٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.