پەیامەکەی سەردەشت بەردەوامە!

بەکر عوسمان:
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩/٨/٢٠١٧ کاتێک دایک و باوک و خانەوادەکەم وەک نەریتی هەفتانە سەردانی گۆڕی سەردەشت دەکەن لە گۆڕستانی گوندی گردعازەبان. كێلی سەر گۆڕەكەی سەردەشت شكێنراوە و گۆڕەكەی شێوێندراوە.
سەردەشت رۆژنامەوان بوو. ڕۆژنامەوانێکی بوێر و ڕادیکاڵ و ئینسان دۆست بوو. کاتی خۆی وه‌ک رۆژنامه‌وان بۆ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خستبووه‌ کار. لەسەر کاری رۆژنامەوانی، نوسین و ڕەخنەکانی لە ناعەدالەتی و گەندەڵی و دەسەڵاتی مافیای لە کوردستاندا وتاری نووسی. لەسەر دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی بنەماڵەی دەسەڵاتداری کودستان ڕەخنەی ساتیری نووسی. لەسەر گوتنی ڕاستیەکان تیرۆرکرا. تیڕۆڕی راسته‌وخۆی ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌کار و هه‌ڵوێستیه‌وه‌ هه‌یه‌.

٧ ساڵ لەمەوبەر چەتە و مافیاکانی دەسەڵاتی کوردایەتی، لە هەولێر بە ڕۆژی ڕووناک بەبەرچاوی خەڵک و بە ئاشکرا سەردەشت لەبەر دەرگای کۆلیژەکەی دەفرێنن و لە بارەگای ڕەش و مافیایی دەسەڵاتەکەی گولـلە دەنێن بەنێودەمیەوە. سەردەشت ئەو کاتە وتی ژیانی فیرعەونانە و شاهانەی ئەمانە لەسەر حیسابی هەژاری و بێبەشی زۆربەی خەڵکی کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەم هەژاریەی خەڵک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەسیستەمی گەندەڵی و دەسەڵاتی تالانکاری و مافیای ئەوانەوە هەیە. ئەوان بە فیشەک وەڵامیان دایەوە.

ئەمڕۆ دەبینین لە ژێر سێبەری ڕەشی دەسەڵاتی ئەواندا،کۆمەڵگای کوردستانی دووچاری کارەساتی برسێتی و نەداریەکی کەمەرشکێن بووە. نەداری موچە، بێکاری، دەرمان و نەداری سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و برسێتی دەستی ناوەتە گەردنی خەڵک. بە سیستەم کۆمەڵگای کوردستانیان نوقم کردووە لە گەندەڵی و تاڵانی و چەواشەکاری و کۆنەپەرستی و سەرکوت و دەمکوت و تیرۆر .سەردەشت تەنها بەشێک لەوانەی باس کرد، ئەوان تیرۆریانکرد، فیشەکیان لەنێو دەمیدا لەبەرئەوەی ئەو قسانەی کرد.

ئەو تاوانە بۆ کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا و گەنجانی کوردستان بوو. ئامانجی تیرۆری سەردەشت دەمبەستنی گەنجان و رۆژنامەنوسانی کوردستان بوو، لەبەرانبەر تاڵانی و گەندەلی و دزی ئاشکرای سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەلایەن بنەماڵەی حزبی دەسەڵاتداری کوردایەتیدا.

ئەمرۆ خەلکی بێدەرەتانی کوردستان لە ئاستیکی فراواندا پەیان بەو راستیە برد کە سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و دەیان رۆژنامەنوس و هەڵسوراوی سیاسی، بۆیە تیرۆر کران چونکە بەشێک لەلاپەڕە ڕەشەکانی دەسەلاتی ئەم حزبە بنەماڵەییە گەندەل و تالانچی و ستەمکارانەیان هەڵدایەوە.

شان خاڵیکردنەوەیان لە ژێرباری هەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک. ڕۆژێک بە بەهانەی شەڕ دژی داعش و ڕۆژێک بە بەهانەی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا، ڕۆژێک لەژێر ناوی “قەیرانی دارایی” و بێ ئیرادەکردنی خەڵک، ڕۆژێک لە ژێر بانگەشەی پرسی ڕیفرندۆم. هەموو ئەو واقیعیەتانەی ئێستای کوردستان، ڕاستی و دروستی گەواهی قسەکانی سەردەشت و پەیامەکەی سەردەشت لای ئێمە گەورەتر و بەرزتر دەبێت.

لە ئێستادا دەستبردن بۆ شکاندنی کێلی سەر گۆڕەکەی سەردەشت، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەوەی ناوی سەردەشت و گۆڕەکەی و پەیامەکەی بۆتە سیمبولی بوێری و ئازاداخوازی گەنجانی کوردستان. پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی فراوانی وتارەکانی سەردەشت و بەرگی یەکەمی کتێبی سەردەشت عوسمان لە هەولێر و شارەکانیتری کوردستان. ئەو کارە قێزەوەن و ترسنۆکانە و مۆڕاڵە دواکەوتوو و خێلەکیە، وەک هەڕەشەیەکی ترسنۆکانەیە لە ئازادیخوازانی کوردستان. هەڕەشەیەک بۆ دەمکوتکردنی ئەو “نا”یە فراوانە بەڕووی دەسەڵاتی کوردیدا بەرزکراوەتەوە.

ئەوانەی بەو کارە قێزەون و ترسنۆکانە هەڵسان، زۆر نەزان و ساویلکەن وەک ئاغاکانیان، کارنامەی ئەو دەستە ڕەشە، بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە لە هەموو بەها و ڕەوشتێکی مۆدێرنی کۆمەڵایەتی بە دوورن. سڵاو لە دانایی ئەو ئەقلەی کە پێی وایە پەیامی سەردەشت لە گڵکۆیەکدایە… سەردەشت لە ناو دڵی ھەزاران گەنجی کوردستاندایە و پەیامەکەی ئومێدێکە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاویان بەسەر خەڵکی کوردستان. پەیامی سەردەشت لەنێو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستان زیندووە، مەنزڵگای سەردەشت شوێنی هەزاران ئازادیخوازیی کوردستانە و پەیامەکەی سەردەشت بەردەوامە.

ئێستا بە دوای ٧ ساڵ و ٣ مانگ لە تیرۆری سەردەشت، چەندبارە پێ لەسەر مافەکانی خۆمان وەک خانەوادەی سەردەشت و مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان لە ئازادی و پاراستنی ئەمنیەت، دادەگرمەوە و تەئکید دەکەم کە دەسەڵاتێک مافی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ نەپارێزێت ناتوانێت هیچ شەرعیەتێکی هەبێت.
دۆسیەی سەردەشت لەلایەن ئێمە و ئازادیخوازانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە. تا ئەو ڕۆژەی داد و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. تا ئه‌وكاته‌ی بكوژانی سه‌رده‌شت و ئەوانەی لە پشتی بڕیاری تیرۆری ئەودان له‌ دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن.

بەرز و بەڕێزە یادی سەردەشت و پەیامەکەی
مەرگ و ریسوای بۆ دەسەڵاتی مافیایی بنەماڵەیی و تیرۆر

٩-٨-٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.