هۆنراوەیەکی رەفیق سابیر بۆ سەردەشت عوسمان

لە یادی حەوت ساڵەی شەهید بونی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا، د.رەفیق سابیر هۆنراوەیەک بۆ ئەو رۆژنامەنوسە شەهیدە دەنوسێت ..

ئەو ئاوێتەی رووناکی بوو

بۆ شەهید سەردەشت عوسمان

کەسێک لە تاریکیدا مۆمێکی داگیرساند
بە پەنجەیەک،

کە رووناکیی لێ دەچۆرا
رێگایەکی نوێی پێشان داین.
ئەو لەبەر هەمووان و بە ناوی ئازادی و ژیان
مۆمەکەی داگیرساند و چوو
ئەو ئاوێتەی رووناکی بوو.

 

ئەو دەستەی مۆمەکەی داگیرساند
بیری هێناینەوە مۆمێ،

تاکە مۆمێ
لەوانەیە شەو بگۆڕێ بە چراخان،
دەشێ دەستێ باخی جوانی ئاوا بکا و
مانای نوێ بدات بە ژیان.

 

ئەو ئینسان بوو
دۆست و هەڤاڵی هەمووان بوو
شەوێ بە بێدەنگی هات و
بێدەنگانە بە رێی خۆیدا گەڕایەوە
ئەو چوو
رووناکی مایەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.