لەیادی حەوت ساڵەی تیرۆری سەردەشت عوسماندا

هیدایەت مەلا عەلی:

حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕفاندن و تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان)دا، تیرۆرێک کە ئاستی سەرکوت و تۆقاندنی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بردە قۆناغێکی ترسناکەوە.
بە ڕفاندن و تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و (پارتی دیموکراتی کوردستان) بەتایبەتی وەڵامی ئەو پرسیارەیدایەوە کە ئایا کێرڤی سەرکوت و تۆقاندن لە کوردستاندا لەچ ئاستێکدایە؟.
دەستەڵات قسە و پەیامی خۆی بەئاشکرا ڕاگەیاند، ئامانج لە بەئاشکرا ڕفاندنی (سەردەشت عوسمان) و تیرۆرکردنی، سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندنی فاشیستانەبوو لە لایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان) و دەزگا نهێنی و تیرۆریستیەکانیانەوە.
ئەگەر بۆ دەستەڵات و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیان، تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) هەنگاوهەڵهێنان بوو بۆ ناو قۆناغێکی تازە لەسەرکوت، ئەوا بۆ بەرەی ئازادیخواز و ئینساندۆستی کۆمەڵگاش هەمان قۆناغ و هەمان هەنگاوبوو، بۆ وەستانەوە لەدژی پاکتاوکردنی جەستەی و مەعنەوەی ئینسانەکان، تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) کۆمەڵگای بەشێوە ئەکتیڤەکەی بەسەر دوو بەرە و دوو مەیدانی دژی بەیەک دابەش کرد، بەرەی تیرۆر و سەرکوت، لەگەڵ بەرەی بەرگری لە ئازادی و ئینسانیەت.
لەدوای حەوت ساڵ لە تیرۆکرنی (سەردەشت عوسمان)، شەپۆلی (تیرۆر، تۆقاندن، زیندانیکردن، دەرکردن، لێدان، سوکایەتی، سوتاندن، برۆتاشین) لەلایەن (یەکێتی و پارتی)یەوە بەردەوامە.
لەیادی حەوتەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) دا، گرنگترین پرسیار کە لەخۆمانی بکەین ئەوەیە، دەستەڵات بەردەوامە و درێژە پێدەری سیاسەت و پیلانە سەرکوتگەریەکانی خۆیەتی، بەڵام ئەی ئیمە چی؟.
ئەوەی بە بەرجەستەی دەبینرێت ئێمە نەمانتوانیوە وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو، وەک سەنگەری ئازادیخوازی و مەیدانی نمایشکردنی هێز و توانای ئینساندۆستی کۆمەڵگا دەربکەوین، نەمانتوانیوە جەمسەری عەدالەتخوازی وەک پێویست قایم و بتەو بکەین، لەکاتێکدا کە دەبێت ئەوکارە بکەین.
لەم یادەدا سەرەڕای ئەوەی کە جارێکی تر، هاودڵی و هاوخەمی خۆم لە خانەوادە و هاوڕێییانی (سەردەشت عوسمان) و سەرجەم ئازادیخوازان ڕادەگەیەنم، داوا دەکەم کە ئەم یادە بکەینە وەر چەرخانێک بۆ نواندی ئیرادە و کۆکردنەوەی هێز و توانا ئازادیخوازەکان، ئێمە ئەرکی گەورە و بەرپرسیاریەتی گرنگ لەسەر شانمانە، دەبێت کۆمەڵگا لەئاست ئەم مۆتەکە ترسناکە بەهۆش بێنین، کە سیمایەکی ڕەشی ترس و تۆقاندنی بەسەر ئومید و هیواکاندا کێشاوە.
وەڵامدانەوە بە دەستەڵاتێک کە داماڵراوە لەهەرچی بەهای ئینسانی و کەرامەت هەیە، پێویستی بە بوونی هێزێکی مۆدێرن و ئازادیخواز و ئینساندۆست هەیە، هێزێک کە هاوکێشەی کۆمەڵگا بە قازانجی پاراستنی شکۆی ئینسان بشکێنێتەوە، ئەم هەنگاوەش پێویستی بە ڕێکخراوبوون و چەقبەستنە لەدەوری یەکتر.

4-5/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.