ئێمە خاڵەکەمان دانا و چووینە سەر دێڕێکى نوێ و بەردەوامین

حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ٤ ئایار، نوسەر و رۆژنامەنوسى ئازاد سەردەشت عوسمان لەنێو شارى هەولێر بە ڕۆژى ڕوناک لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە لەبەردەم کۆلیژەکەى دەڕفێنرێت و دواتر تەرمەکەى لە شارى موسڵ دەدۆزرێتەوە.

سەردەشت عوسمان وەک گەنجێکى یاخى لە بوارى نوسین و داهێنانى ئەدەبى و ڕۆژنامەگەرى دەرکەوت، کە دژ بە نادادپەروەریى کۆمەڵایەتى و گەندەڵى وەستایەوە.

تیرۆرکردنى سەردەشت لە ڕۆژگارى دەسەڵاتى کوردى، جارێکى تر ئەوەى سەلماندەوە، کە دیموکراسیەت و حوکمى یاسا لەم وڵاتە جگە لە وەهم و درۆیەکى گەورە زیاتر. هیچى دیکە نیە…

سەردەشت قوربانى دەستى سیستمێکى ستەمکار و گەندەڵ و عەقڵیەتێکى دەسەڵاتدارى خێڵەکى بوو، کە هیچ لە ماناى دیموکراسیەت و ئازادى بیرکردنەوەى ئازاد و نوسین و ڕادەربڕین نازانێت و تێناگات، لە کاتێکدا سەردەشت بەهۆى راستگۆیى و عەشقى بۆ نووسین و ئازادى ئامادە بوو گیانى خۆى بکاتە قوربانى، تاوەکو ڕووى راستى ئەو سیستمە بۆ ناوەوە و دەرەوە دەربخات.

جێگەى داخە بەر لە تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان و دواى ئەویش، تیرۆرکردنى یەک بەدواى یەکى دەنگە ئازادەکان و نەدۆزینەوە و دادگایی نەکردنى تاوانکاران، ئەو راستییەیان بۆ هەموو لایەک سەلماندوم، کە ئەم دەسەڵاتە حیزبى و بنەماڵەییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پشت تیرۆکردن و لەناوبردنى قەڵەمە ئازادەکانە.

ئێمە لە رێکخراوى “زار بۆ بەرگرى لە ئازادییەکان” هەر لە سەرەتاوە خاوەندارێتیمان لە پرسى قەڵەمى ئازادى سەردەشت عوسمان کردوە و بەتوندى شەرمەزارى کردەى تیرۆکردنى سەردەشت عوسمان و تەواوى ڕۆژنامەنوسە ئازادەکانى دیکەمان کردوە.

تیرۆرکردنى دەنگ و ڕەنگى سەردەشت بە تیرۆکردنى دەنگ و ڕەنگى ئازاد دەزانین، هەر بۆیە داکۆکیکردنمان لە دۆسیەى شەهیدى قەڵەم سەردەشت عوسمان بە ئەرکێکى ئەخلاقى زانیوە و بەم چەشنە بەردەوام دەبین، تاوەکو بکوژانى سەردەشت عوسمان دەدۆزرێنەوە و دەدرێنە دادگایەکى عادیلانە.

رێکخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادییەکان

٢٠١٧/٥/٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.