ئێمەو خەڵکی کوردستان لە خوێنی ئازیزانی تیرۆرکراومان خۆش نابین!

bakr osmanشەش ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشتی ئازیزدا تێدەپەرێت، شەش ساڵە هەموو رۆژێک ئومێد دەخوازین و  لە چاوەڕوانی ئەوەداین بکوژانی سەردەشت بخرێنە قەفەس و دادگایی بکرێن و بە سزای عادلانە بگەیەنرێن. شەش ساڵە هاوار دەکەین دادگاکان لە کوردستاندا یاری بە دۆسیەی خوێنی ڕژاوی ئازیزانی ئێمە دەکەن. دادگاکانی کوردستان بوونەتە شوێنی داڵدەدانی تیرۆرستان. شەش ساڵە بەئەندازەی گەورەیی مەسەلەی سەردەشت ئازار و زووخاو دەخەنە دڵمانەوە.

من لێرەدا بەدوای شەش ساڵ لە تاوانی تیرۆری سەردەشت، بەپێویستی دەزانم جارێکیتر چەند خاڵێک لە دۆسییەی سەردەشت بخەمەوە بەرچاوی هەموو لایەک.  سەردەشت زوو لە کاتی خۆیدا ڕاگری کۆلیژی ئاداب  و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێری لە هەرەشەکان بۆسەر ژیانی ئاگادار کردۆتەوە. تەنانەت بەپێی قسەی ڕێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوە کردووە لەو کاتەی کە هەڕەشەکانی لێکراوە، چەند جارێک لەلایەن بەرپرسی حیزبی قوتابیان، بانگکراوە تەحقییق و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. ئەوکاتە ئەو بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاندووە “من گومانم هەیە کە بەرپرسی حیزبی قوتابیان لە پشتی هەڕەشەکانەوەن”.

لە 2010-05-04 دا کاتژمێر (  8:25 – 8:20  ) دا، لەبەردەم ” پەیمانگای هونەرە جوانەکان ” و بەرامبەر “کۆلێژی ئاداب”، بە بەرچاوی ٣پۆلیسی زێرەڤانی (دووری نێوانیان چەند مەترێک بووە) و بەبەرچاوی چەندین کەس لەسەر شەقام . لەلایەن ٢ کەس بە زۆر و لێدان سواری سەیارەیەکی “کیای سپی ژمارە کاتی دهۆک دەکرێ و دەرفێندرێ. ژمارەی کەسەکانی نێو کیاکە (٤ ) کەس بوونە و ٤ کەسی تریش وەک پاسەوان لەنیو ئۆتۆمۆبێلێکی ڕەشی بی ئێم بەشدار بوونە.

هەر ئەو کاتە لە کاتژمێر 8:30  دا پۆلیس و ئاسایش و تەواوی خاڵەکانی پشکنینی هەولێر لەم ڕووداوە ئاگادار دەکرێنەوە. لە ڕێگای تەلەفۆن و جیهازی ئاسایشی بەشی سەیتەرات.

لە ئێوارەی  2010-05-05 دا لە ڕێگای تێکست لە “کوردستان تیڤی” ژمارەیەک بڵاو دەکرێتەوە بۆ هەواڵی سەردەشت. بەدوای پەیوەندیکردن بەو ژمارە تەلەفۆنە، خاوەنی ژمارەکە دەڵێ: کاتژمێر  5:30   ئێوارە  لە گەرەکی ” حی الوحدة” لە موسل جەنازەی سەردەشتی دۆزیوەتەوە، بەدەستو قاچ بەستراوەیی و فیشەک نراوە بە دەمیەوە و عەلاگەیەکی ڕەش کراوەتە سەری.

ئەگەر بگەرێینەوە بۆ رۆژەکانی سەرەتای تیرۆری سەردەشت، نزیکەی هەفتەیەک بەسەر ڕفاندنەکەی و سێ رۆژ بەسەر تیرۆری ئەو تێپەڕی… بەڵام دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر هیچ پەروەندەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە و دۆسیەکەی نەبوو.

لەژێر فشاری نارەزایەتی جەماوەری و خەڵک بوو، لەلایەن سەرۆکی هەرێم لێژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەی تیرۆری سەردەشت پێکهات…. سەرەتا بە ئێمەیان ڕاگەیاندن کە لێژنەکە بریتیە لە بەرپرسی پۆلیسی هەولێر، بەرپرسی ئاسایشی هەولێر، بەرپرسی دژەتیرۆری هەولێر و بەسەرپەرشتی وەزیری ناوەخۆی حکومەتی هەرێم. بەدوای ٢ رۆژ لە ڕاگەیاندنی هەواڵی پێکهاتنی لیژنەی لێکۆڵینەوە… دواتر لێژنەکە بە نهێنی کرا و مەعلوم نەبوو لە چ کەسانێک پێکهاتووە.

کارەکانی لیژنەی لێژنەی لێکۆڵینەوە:

یەکەمین کارێک کە لیژنەی لێکۆڵینەوە کردی، لێکۆڵینەوە لە رۆژنامەنووسان و سەرنوسەری رۆژنامە ئەهلیەکان بوو. لێکۆڵینەوە لەوەی کە بۆچی واتان نوسیوە؟ بۆ وا هەڵوێستتان گرتووە؟ بۆچی ئەو بابەت و وتارانە لەسەر تیرۆری سەردەشت بڵاوکراوەتەوە؟ بۆ ئەو قەزیەتان ئەوەندە گەورەکردۆتەوە؟ بۆ هانی خەڵک دەدەن بۆ خۆپیشاندان؟ بۆچی پارتی و بنەماڵەی بارزانی تۆمەتبار دەکەن؟ و بۆچی و بۆچیتر…

لە کاتی لێکۆڵینەوەدا کاتێک کە لیژنەکە خوێندکارانی زانکۆ و هاوڕێیانی سەردەشتیان بانگکردبوو، زیاتر لێکۆڵینەوە و فشار هێنان بوو بۆ قوتابیان و هاوڕێیانی سەردەشت، زۆرێک لە قوتابیەکان پەیوەندیان پێمانەوە کردو هاتن بۆ لامان باسیان لەو شيوە ناشیرینەی مامەلەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کرد، کە بێڕێزی زۆریان پێکراوە و چۆن بە بێڕێزی تەحقیقیان لێکراوە. هەتا تەنانەت ئەو زانیاریانەی هاوڕێیانی سەردەشت بۆ لێکۆڵەوەرەکانیان باسکردبوو بە گاڵتەوە وەرگیراوە.

لەڕاستیدا لیژنەی لێکۆڵینەوە، هەموو کارەکەی لێکٶڵینەوە لەوکەسانە بوو کە لە تیرۆری سەردەشت هاتبوونە دەنگ، نەک تیرۆرستان و بکوژەکانی سەردەشت.

ڕوونکردنەوەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە:

ڕوونکردنەوەی یەکەم: 2010-05-26: به‌دوای 4 هه‌فته‌ له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت “لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانی رفاندن و كوشتنی  (سه‌رده‌شت عوسمان)” ، یەکەمین ڕوونکردنەوەی بەناوی ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ لە دۆسیەی سەردەشت بڵاوكرده‌وه‌.

لە ڕوونکردنەوەکەدا دوو خاڵ باس کرابوو، هەردوو خاڵەکە پێچەوانەی ڕاستیەکان بوو. له‌ ڕونکردنه‌وه‌که‌دا هاتبوو‌” تاوان لێكراو به‌ یه‌ك گوله‌ی ده‌مانچه‌ كوژراوه‌ كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌ری دراوه‌ و له‌ پشت ملی گیر بووه‌ و هیچ ئاسه‌وارێكی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان پێش كوشتنی له‌سه‌ر لاشه‌ی كوژراو به‌دی نه‌كراوه‌.” ئەوە سەرەتای هەوڵێک بوو بۆ شاردنەوەی ڕاستی ڕووداوه‌کە‌‌‌. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌بوو‌ “که‌ سه‌رده‌شت به‌ لێدانی گولله‌ له نێو‌ ده‌می و ده‌رچونی له‌ پشتی سه‌ری تیرۆر ئه‌کرێ. هاوکاتیش ئاسه‌واری لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی سه‌رده‌شت زۆر و ئاشکرابوو” بۆ هەردوو خاڵەکەش بەڵگەی وێنە و ڤیدیۆیی و چەندین شایەد هەیە.

bakrosman3ڕونکردنەوەی دووەم: 2010-09-10: به‌ دوای 4 مانگ و 10 رۆژ، لێژنەی لێکۆڵینەوە  ڕوونکردنەوەی دووەمی بڵاوکردەوە. “لەپاش کۆکردنەوەو تاوتوێکردن‌و شیکردنەوەی‌ چەندین زانیاری لەسەرچاوەی‌ جیاجیا لەلایەن لێژنەی‌ لێکۆلینەوە دەرکەوت کەسێکی سەر بەگروپی‌ انسار الاسلام بەناوی‌ (هشام محمود اسماعیل)تەمەن 28 ساڵ بەرەگەز کورد، دانیشتوی‌ شاری‌ موسڵ پیشەی‌ فیتەرە لەپیشەسازی‌ شارۆچکەی‌ بێجی‌ دەستی‌ هەبووە لەشەهید کردنی‌ ناوبراو”. ئینجا هاتن دانپێدانانی کەسی ناوبراو بە ڤیدیۆ لەسەر کەناڵی “کوردستان تیڤی” بڵاوکردەوە.

سیناریۆی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کەی بارزانی تاوانێکی زۆر گه‌وره‌ی ئەنجامدا. یەکەم وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوە و پەنادانی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت. دووەم هەوڵدان بۆ  تیرۆری شه‌خسیه‌تی سه‌رده‌شت و دووباره‌ تیرۆرکردنه‌وه‌ی. ئەوە هەموو دۆسیەکە و ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە بریتی بوو لە چیرۆکێکی عەنتیکەی ٤٠٠ وشەیی، کە لە قوتوی هیچ عەتارێ نادۆزرێتەوە.

پرۆسەی دادگاکە:

ئیتر لەوکاتەوە دادگای هەولێر دەبێتە شانۆی پێشکەشکردنی سیناریۆکە…

لێرەدا شتێک گرنگە بە وردی سەیری بکەین. هەموو دۆسیەکەی لای لێژنەی لێکۆڵینەوە و دادگای هەولێر بریتیە لە دوو ڕاپۆرتی ٤٠٠ وشەیی و ٣ دانیشتنی ناڕۆشنی دادگا.

دانیشتنەکانی داگا لە ڕۆژەکانی ( 2012-03-27، 2013-01-7، 2013-02-13 )

لەدانیشتنی ڕۆژی 13ی‌ شوباتی ٢٠١٣ لەدادگای تاوانەکانی هەولێر، ئەو تۆمەتبارەی بەکوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تۆمەتبار کرا بوو لەقسەکانی پەشیمان بووە‌و ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە کە دابویانە پاڵ”. تۆمەتبارەکە لەقسەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئەو “نە سەردەشت عوسمانی بینیوە‌و نە ناسیویەتی‌و نە دەستیشی لەکوشتنیدا هەیە“. بەپێی زانیاریەکان و هەواڵی گۆڤاری لڤین کە لە ١٤-٥-٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە. ناوبراو پێش تیرۆری سەردەشت لە زیندادابووە. واتە تۆمەتبارەکە لەو کاتەدا لە زیندان بوە کە سەردەشت تیرۆر کراوە.

ئیتر لەو بەروارە بەدواوە هەموو شتێک سەبارەت بە دۆسیەی سەردەشت لە دادگای هەولێر بە نهێنی کرا و ڕاگەیەندرا کە تۆمەتبارەکە ئازاد کرا.

دەبێ ئەوە بڵێم کە ڕاپۆرتەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و سیناریۆکانی دادگای هەولێر لەلایەن ئێمە سەرلەبەری ڕەتکرایەوە و لە کاتی خۆیدا ڕامانگەیاند ئەوە له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تاكو یای هه‌ڵبه‌ستراوو چه‌واشه‌کارانه‌یه‌‌ وهه‌وڵێكه‌ بۆ شێواندنی حه‌قیقه‌ت و شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ و ڕزگاركردنی تاوانباران له‌ سزا.

سەردەشت ڕۆژنامەنووس بوو یا قوتابی؟

ئینکاری ڕۆژنامەنووسی سەردەشت خاڵێکی گرنگی نێو پرۆسە و دۆسیەکە بوو. سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێم بە شەخسی و ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەوە کاریان دەکرد “سەردەشت عوسمان قوتابی زانکۆ بوو نەک ڕۆژنامەنووس”.  ئەم ڕستەیە لە چەندین لێدوانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێم بۆ ڕاگەیاندنەکان تەئکیدی لێکراوەتەوە. ئامانج لەو مەسەلەیە چی بوو؟ چ شتێک لە مەسەلە و دۆسیەی تیرۆرەکە دەگۆرێ؟ ئەو لوغزە چی بوو بۆ لێسەندنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی لە سەردەشت؟ بەڕاستی ئەوە بەڵگەیەکی مەڵموستر دەخاتە سەر دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان.

پەیکەری سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی:

پەیکەری سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی، یەکێکیتر لەو مەسەلانەیە دەسەڵاتی هەولێربە حەساسیەتێکی زۆرەوە مامەلەی لەگەڵ کرد. بەدوای ئەوەی لەلایەن کەمپینێکی سەراسەری و جەماوەری هاوکاری و کۆمەک بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە پشتیوانی لێکرا. بەهەوڵی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی دڵسۆز و دەستڕەنگین و خۆبەخش پەیکەرەکە دروستکرا. بەشێوەی فەرمی داوای مۆڵەتی دانانی پەیکەرەکەمان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرد. تاکو ئێستاکەش وەڵامی نوسراو بە داواکاریەکەمان نەدرایەوە. بەڵام وەڵامێکی ڕاستەوخۆ درایەوە ” پێویست ناکات خۆتان ماندوو بکەن، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دانانی ئەو پەیکەرە نادرێ لە هەولێر”.

رۆژ و ساڵ تێدەپەڕێ، ئەو دەسەڵاتە سیستماتیک کار لەسەر ئەوە دەکات، هەر کەسێک دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی بێت. سەرکوتی دەکات یا تیرۆر دەکرێ. لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هیچ تیرۆرێکی ڕۆژنامەنووسان یا سیاسی ئاشکرا نەبووە و دادگایی نەکراوە. لەوەتەی لە کوردستان تیرۆری هەڵسوراوانی سیاسی و رۆژنامەنوسانی رەخنەگری دەسەڵاتی گەندەل و زۆردار دەکرێ، هیچ تیرۆرێک ئاشکرا نەبووە و نابێ. شاپورو قابیل بکوژەکانیان لەسەر تۆری ئەنتەرنیت دان بە تاوانەکەیان دەنێن و وردەکاریەکانی دەگێرنەوە، نەک کەس لە گوڵ کاڵتریان پی ناڵێت بەڵکو هەیانە لە دەسەڵات جێگایان پێدراوە. نەزیر عمر، ڕەئوف ئاکرەیی، رێناس، فرانسیس، عەبدولستار تاهیر شریف، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، بەکر عەلی، فەرهاد فەرەج، حەمەی حەلاق و هاورێکانی، قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، تا دەگاتە تیرۆری بە ئاشکرای پۆلێک هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست لە ناوجەرگەی شاری سلێـمانی و بە رۆژی رووناک… ئەمانە و دەیان و سەدانی تر.

بۆ هەموو ئەوانە یەک کەسیش لە تاوانکارانی ڕاستەقینە ئاشکرا نەکراون و دادگایی نەکراون. ئەوەی کراوە شاردنەوەی ڕاستیەکان بووە بە هێنانی کەسێکیتر و بە هەڵبەستنی سیناریۆ کۆتایی بە مەسەلەکان هێنراوە. بۆ؟ بۆچی تاوانکارانی ڕاستەقینە دادگایی ناکرێن؟ چونکە ڕاستەوخۆ دەسەڵات خۆیەتی و خۆی لە پشتی تیرۆرەکان وەستاوە.

ئەمرۆ ڕاشکاوانە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کوردستان ڕادەگەیەنین. ئێوە هەزار و یەک ڕێگەتان لەبەردەمدابوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕووتان کرایەوە لە تیرۆری سەردەشت دا. هەموو کردەوەکانی ئێوە، هەموو وەڵامەکانتان، سیناریۆکانی نێو لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی هەرێم. هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانتان. هەموو ئەوانە بۆ خەلکی کوردستانی سەلماند کە ئێوە خۆتان ئەو کارەتان ئەنجامداوە. سەردەشتتان بە شێوەیەکی رەزیلانەو دڕندانە تیرۆرکرد، تەنها لەسەر ئەوەی پەردەی لەسەر ستەمکاری و گەندەڵی و ڕاوروت و چەپەڵی دەسەڵاتەکەی ئێوەی لابردوە. تەواوی سیناریۆو مامەلەتان لەگەڵ ئەم مەسەلەیە و وەڵامەکانتان بە تۆمەتەکان، ئەوەی سەلماند کە دەزگا تیرۆریستە تاوانکارەکانی خۆتان بە سەرپەرشتی و فەرمانی ئێوە سەردەشتیان تیرۆرکرد. ئەمە راستیەکە کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە بۆ ئێمەو بۆ خەلکی کوردستان وەکو رۆژی روناک دیاربوو. بەڵام دیسان ویستمان ئەم راستیە بە کردەوەو سیناریۆو وەڵامەکانی خۆتان لەبەرچاوی خەلکی کوردستان و جیهان لە محەک بدەینەوە. بەڵێ ئەمرۆ بە ئاشکرا دەبینین، خوێنی سەردەشت دیواری دیوەخانی دەسەڵاتی کوردی ڕەنگ کردووە. بکوژان و جەلادی کورەکانی ئێمە دەسەڵاتی یەکەمی ئەمرۆی کوردستانن. ئێوە بە کردەوە سەلماندوتانە بکوژانی سەردەشت لە بازنەی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر کورسی دانیشتوون.

ئێمە چ وەکو کەس و کارو بنەماڵەی ئەو قوربانیانەی کە تیرۆرکراون، چ وەکو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لە خوێنی هیچ یەک لەو ئازیزانەمان خۆش نابین. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ دەبێ لە پاڵ باجی سەرجەم ستەمکاری و نقوم کردنی کۆمەلگای کوردستان لە کارەسات و بێدەرەتانی، باجی کارە تیرۆسیتەکانی و تیرۆری سەردەشت و ئەوانی دیکەش بداتەوە. رۆژێک دەبێ لە دادگای عادلانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆرو سەرکوتگەرەکانیتر سزای عادلانەی خۆیان وەربگرنەوە.

ئێمە ئیتر رێگایەکمان لەبەردەم نەماوە جگە لەوەی دەعوای خۆمان لەگەڵ سەرجەم دەعواکانی خەڵکی ستەمدیدە لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێستا بکەین بەیەک، بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە تیرۆریست و سەرکوتگەرە و دادگایی کردنی سەرانی تاوانکاری.

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت عوسمان.

شکۆدارە یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو  ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیان دەبەخشن.

ریسوای و سەرشۆری و مەرگ بۆ ئەوانەی کە دەسەڵاتی بنەماڵەییان بە تیرۆر و خوینرێژی ڕاگرتوە.

بەکر عوسمان

2016-05-05

Leave A Reply

Your email address will not be published.