بەڵێ ئێوە سەردەشت عوسمانتان تیرۆر کرد

roj azizرۆژ عەزیز:

ئەوە ئەمرۆ ٦ساڵ تێدەپەرێت بەسەر رفاندن و تیرۆری سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوس ، ئەمرۆ ٦ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت هێشتا بکوژەکانی نەدۆزراونەتەوە .دەزانن بۆ رووی قسەکانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە ؟ چونکە کەس جورئەت ناکات بەرۆژی روناک و لەبەر چاوی پۆلیس وخەڵکەوە سەردەشتی رۆژنامەنوس وخوێندکار و گەنجە ئازاکە لە زانکۆ بهێننە دەرو دواتر بیرفێنن و دوای چەند رۆژ لە موصڵ تەرمەکەی فرێ دەدەن ، ئەم کردەوەیە کردەوەی دەسەڵاتداران نەبێت کردەوەی کەس نیە . ئەم کارە کاری دەزگا سیخورەکانی ئەحزابی کوردایەتی نەبێت هی کەس نیە ، مادام ئەم کردەوەیە بە ئاشکراو بە بەر چاوی پۆلیسەوە ئەنجام دراوەو کەس نەیوێراوە قسە بکات کاری خودی دەزگاکانی پارتیەو تا بکوژەکانی لە دادگای ئاشکرا دا نەدرێنە دادگا هەر دەڵێین پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کارەی کردوە . سەردەشت عوسمان گەنجێکی ئازاو خەمخۆرێکی خەڵکی بەشمەینەت و زەحمەتکێشی کوردستان بوو ، ئەو بۆ ئەوە قەڵەمەکەی گرتە دەست تا  ناعەدالەتی ستەم و چەوسانەوە کۆتای پێ بهێنێت و بە نوسینەکانی بتوانێت کاریگەری هەبێت وهێز لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرو ستەمکارو تاڵانچی  وەگەر بخات ، تا چیتر ئینسانەکان هەژار نەژین و ستەم وچەوسانەوەی چینایەتی بەرۆکیان نەگرێت .
سەردەشت عوسمان چونکە لە بنەماڵەیەکی هەژارو زەحمەتکێش چاوی بە دنیا هەڵهێناوە بۆیە هەمیشە بەئازاری خەڵکی زەحمەتکێشەوە بوولەگەڵ موعاناتی ئەواندا دەژیا هەر بۆیە هیچ کات کۆڵی نەدا تا شەمشەمەکوێرەکانی  دەسەڵاتی مافیای وتاڵانچی ئەم دەنگەیان بێ دەنگ  کردو وایان زانی ئیتر لە دوای بێ دەنگ کردنی ئەم دەنگە ئیتر سەردەشتەکان دەنگیان نامێنێت ، نەیانزانی لە دوای بێدەنگ کردن وتیرۆری سەردەشت عوسمان بەسەدان قەلەمی ئازاو سەدان سەردەشتی دیکە قەڵەمەکەی سەردەشتیان هەڵگرت و دەسەڵات و سەرکوتگەرو تاڵانچیان وا ریسوا کردوە کە لە مێژوودا ریسوای وایان بەخۆیانەوە نەدیوە . دەسەڵاتی خێڵەکی بنەماڵەی بارزانی و حیزبەکەیان بەرگەی یەک رەخنەی سەردەشتیان نەگرت کە تەنها لە نوسینێکیدا تەنها وەک  فەنتازیا تەعبیری  کردبوو  نوسبووی عاشقی کچەکەی بارزانیم  ، من دلنیام سەردەشت عوسمان بە وینەش کچەکەی بارزانی نەدیبوو ، بەڵام دەسەلاتی خێڵەکی بەنەمالە ئەمەیان پێ هەزم نەبوو سەرەنجام سەردەشتیان تیرۆر کردو دواتریش لە سیناریۆیەکی گاڵتەجاریدا کەسیکیان گرت کە گوایە ئەو سەردەشت عوسمانی تیرۆر کردوە کە هەموو کەس دەیزانی سەردەشت عوسمان ئەو کەسە تیرۆری نەکردوەو بگرە رفاندنەکەشی تەنها بەیەک کەس نەکراوەو ئەوانەشی سەردەشتیان رفاند چەند کەس بوون بە سەیارەی خۆیان بە بەردەم بازگەکاندا بەرەو موصڵیان بردبوو دواتریش لەخوێنیان هەڵکێشا .
لەو رۆژەوەی سەردەشت عوسمان تیرۆر کراوە دایکە جەرگ سوتاوەکەی وباوکە بەدبەختەکەی و خوشک وبراکانیان وکەسوکاریان هەموو ساڵێک لە لە پێنجی ئایاری هەموو ساڵێکدا برینەکانیان دەکولێتەوەو دەچنە سەر مەزاری سەردەشت عوسمان و بە قوڵپ دەگرین و نیگەرانی ئەوەن کە دوای شەش ساڵ بەسەر تێپەربوونی سەردەشتی ئازیزیاندا هێشتا بکوژەکانی ئازیزەکەیان نەدۆزراونەتەوەو نەدراونە دادگا تا کەمێک ئاسودە بن و چیتر سەردەشتەکانی دیکەش  وەک ئەوان دایک وباوکیان جەرگیان نەسوتێت . دەسەڵاتی تاڵانچی و سەرکوتگەر  سۆرانی مامە حەمەو دواتریش سەردەشت کاوەیان تیرۆر کرد تەنها لەبەر ئەوەی کەس باس لە تاڵانی و سەرکوتگەریان نەکەن بۆ ئەوەی بەئاسانی دەنگە ئازادەکان دەمکوت بکەن وخۆشیان خەریکی تاڵانکاری دزی بن . هەرکەسیش قسەی کرد وەک سەردەشت وسۆران وکاوەکانیان لێ بکەن . راستە سۆران سەردەشت وکاوە لەنیوماندا نەمان  بەڵام ئەوان مادام نوسینەکانیان تەعبیر بوو لە ئازادی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی بەشمەینەت وستەمدیدەی کوردستان هەمیشە بە بینینی نوسینەکانیان لەنێو دڵماندا زیندون و هەرگیز نامرن و نوسینەکانیشیان بۆتە چقڵی جاوی دزو تاڵانچیان و هێزە سەرکوتگەرەکان .
سەردەشتەکان رۆیشتن بەجێیان هێشتین بەس نوسیەنەکانیان لامان ماون وزیندون وئەوانەشی سەردەشتەکانیان تیرۆر کرد هەموو لەحزەیەکیان مردن و روو رەشیەو ساتێک بەئارامی ناخەون چونکە دەزانن رۆژێک دێت قەلای ستەمکاری دەروخێت وئەوسا بکوژەکان لەبەردەم دادگای خەڵکدا مل شۆر دەکەن . ئەوانەی ئەم گەنجە خوین گەرمانەیان تیرۆر کرد  کەسوکاریان ژیانیان لە سەردەشتەکان باشتر نیەو زۆر باش دەزانن سەردەشت وسۆران وکاوە نوسینەکانیان داوای مافی ئەوانیان دەکرد و هەمان موعاناتی سەردەشتەکان زۆربەی خەڵکی کوردستان یەک بوون . بۆیە تا ئەو رۆژەی ماوین هەموومان شانازی بە سۆران کاوەو سەردەشتەوە دەکەین و هەموومان بە ئازیزترین کەسمانی دەزانین و جێگای شانازین بۆ ئێمە مادام ئەوان لەسەر شتێک خوێنیان ڕژاوە کە کە خواستی ئێمەش بووە داواکاری ئێمەش بووە ، بۆیە هەموو ساڵێک وهەموو کاتێک لەم رۆژەدا بیر لەم گەنجە ئازیزانە دەکەینەوەو پەیمان دوپات دەکەینەوە دەنوسین خۆپیشادان دەکەین نارەزایەتی دەردەبڕین کە هەرگیز لە خوێنی ئێوە خۆش نابین و بەڵێن دوپات دەکەینەوە دەبێت ئەمرۆ یا سبەی بکوژەکانتان لەدادگای جەماوەریدا دادگای بکرێن وبەسزای تاوانەکانیان بگەن .
لێرەوە با دەنگی نارەزایەتی بەرز بکەینەوە یەخەی سەرانی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان بگرین تا بکوژەکان ئاشکرا بکەن ئەگینا هەموومان روومان دەکەینە پارتی دیموکراتی کوردستان ودەڵێین بەڵێ ئێوە سەردەشت عوسمانتان تیرۆر کردوە ، ئەگینا ئەگەر راست دەکەن ئیوە سەردەشت عوسمانتان تیرۆر نەکردوە ئەی کوا بکوژەکانی سەردەشت بۆ نەگیراون و  دادگای نەکراون ، لەکاتێکدا کاتێک تیرۆریستێک لە هەولێر دەنگی دەبێت کە خۆی شاردۆتەوە بە چەند سەعاتێک دەیگرن  ، یاخود کاتێک تاوانبارێک لە هەولێر بەدوایدا دەگەرین لە ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستگیری دەکەن . کەچی ٦سالە تاوەکو ئیستا بکوژەکانی سەردەشت عوسمان نەدۆزراونەتەوەو دەسگیر نەکراون ، هەر بۆیە هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان بە برپرسی رفاندن و تیرۆری سەردەشت عوسمان دەزانین .
لەکۆتایدا جارێکی دیکە لەگەڵ ئەم رۆژە تاڵەی تیرۆری سەردەشت عوسماندا  نارەعەتم و خۆم بە خەمی کەسواکری سەردەشت عوسمان دەزانم لەگەڵ ئازارو نارەحەتیاکەیاندام و دەزانم باوک ودایک و براو خوشک وکەسوکاری سەردەشت عوسمان لەم رۆژەدا چۆن برینەکانیان دەکولێتەوە بە قوڵپ لەسەر گۆڕی سەردەشت عوسمان بەقوڵپ دەگرین و وا دەزانن ئەمرۆیە رۆژی تیرۆر کردنەکەی . یادی سەردەشت عوسمان بەرزو بەڕێزبێت ریسوایی و شەرمەزاریش بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە گەورەیە کە دەرهەق بە سەردەشت عوسمان کردیان و ئەو دەست پەنجەیەش هەڵوەرێت کە سەردەشت عوسمانی تیرۆر کرد …

Leave A Reply

Your email address will not be published.