سڵاو سەردەشت گیان

yasna bookسڵاو سەردەشت گیان ، هێشتا بێزاریەکەم کۆتای نەهاتووە ، هێشتا پەنجەکانم ئازاریان سارێژ نەبوون ، وەلی وەک پەیمانم پێدابوویت هەموو ساڵێ یادت بکەمەوە گەر تەنیا پەنجەیەکیشم هێزی تیا مابێت . سڵاو کوڕە جوانەکەی هەولێرم، نەمتوانی بێدەنگ بم و چەند دێڕێکت بۆ نەنووسم لەگەڵ هاوڕێکانم ، نەمتوانی لە دوورەوە تماشای یاد و پرسەکەت بکەم ! وا تەنیا ئەمڕۆ لەبەر پیرۆزیی یادی تۆ هاتمەوە شاری فەیسبووک … شاری خەم … شاری پرسە … شاری گەشمردان … بێزارم سەردەشت گیان ، بێزارم لە درۆی گەورە و بچووک ، لە ترس و تۆقینی زۆرینەی نووسەر و هوونەرمەند و شاعیرە دوو ڕووەکان ، بێزارم لە وێنەی دەموچاوی ئەو پیاوە نەخوێنەوارە خۆسەپێنەی کە پێی دەڵێن سەرۆک ، لە زۆربەی سەرکردە و پیاوە نەزانەکانی حکوومەتە سەقەتەکە ، لە مافیاکانی حیزب ، لە ملیاردێرە بازرگانەکانی نەوت ، لەو کۆیلانەی کە پەتیان کردوونەتە ملیان ، لەو بێدەنگیەی زۆرینە . یادت پیرۆز دەکەم سەردەشت گیان ، بزانە …! بکوژەکانت چ هەڵەیەکی گەورەیان کرد ، ئێستا لە هەرێمەکەی تۆ کە ماڵئاواییت لێکرد ، هەزاران گەنج ئەڵێن … هەموومان سەردەشت عوسمان … یـــن ، هەزاران ئەڵێن … بێدەنگ نابیــــن … هەزاران لە نەوەی نوێ دێڕەکانت تەواو دەکەن و بەردەوامن . هەزاران ئەڵێن …. ڕیسوایی و لەناوچوون بۆ تاوانباران و بکوژانت ، خەباتەکەت هەر بەردەوامە ئارام بنوو ، هیچ خەمی دایک و بابی جەرگ سووتاوت نەبێ ، ئێستا ئەوان دایک و بابی هەزاران سەردەشت ن . ئەوسا هەر خۆت بوویت بە تەنیا داوای زاوایەتیت ئەکرد ، وەلی ئێستا هەزاران سەرردەشت ئەیانەوێ ببنە زاوا . ئارام بنوو کوڕە ئازاکەی هەولێری دێریـــن ، ئێستا لە ناخی هەر گەنجێکدا هەزاران سەردەشت ئارام ئارام نووستووە .

یاسنا خوولە بووک 

هانۆڤەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.