ئه‌م نامه‌یه بگات به‌سه‌رده‌شت عوسمان
سەردەشت گیان ئه‌م ئێواره له‌چایخانه‌که‌ی ئیسکان بیرم له‌پێنج ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ ده‌کرده‌وه، ده‌زانی له‌و ماوه‌یه زۆر شت گۆڕاوه‌و زۆر هەواڵ هه‌یه ڕه‌نگه حه‌زبکه‌ی بزانی دوای تۆ چی ڕوویدا. نازانم لەکامەیان دەست پێبکەم، ئەگەر تامەزرۆی دۆخی سیاسی ئەوا گەیشتومەتە باوەڕێک بەقسەکردن لەسەر سیاسەت مرۆڤ هەیبەتی دەشکێ، هەرچەند دۆخەکە هەروەک خۆیەتی‌و خراپتریش بووە. ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەکان بوونەتە برابەش، ئەوەی بەشی نەبێ تەنیا خەڵکە، خەڵکەکەش لەساتی بێ ئومێدی خۆی دەژی‌و بڕوای بەهیچ لایه‌ک نەماوە. شۆڕشگێرترینیان کە بەدیدی ئێمە بەختیار عەلی بوو وەک کامۆ دەڵێ مرۆڤی یاخی کە لەیاخیبوونی دەستەجەمعی نا‌ئومێد دەبێ ئیش لەسەر ئەزموونی تاکەکەسی دەکا، پێموایە ئەویش گه‌یشتۆته ئه‌و قۆناغه‌و ئیش لەسەر مێژووی خۆی دەکا، دەیەوێ لەو دۆخە لەنێوان خۆی‌و تێکستەکانی هەر هیچ نەبێ تێکستەکانی قورتار بکا، بەڵکو لەداهاتوو شایەتی ئەوەی بۆ بدەن مرۆڤێکی هەمیشە یاخی بووە. بەڵام خۆ ئەو لەوە بەئاگایە مێژوو چەند بێبەزەییەو تێکست‌و نووسەر لێکناتەوەو هەمووجار پەیوەندییە ژێربەژێرەکەی ڤۆڵتێر دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ڕۆسۆدا، لە بەراودکاری نێوان گەورەیی ئەو دوو بیرمەندە باڵانسی ڕۆسۆ هه‌مووکات بەوە بەرز دەبێتەوە دوورەپەرێز بووە له ده‌سه‌ڵات. ناڵێم بەختیار لە پەیوەندی ژێربەژیردایە لەگەڵ دەسەڵات بەڵام بە بیانووی پڕۆفێشناڵێتی لەو دەزگایانە دەنووسێ کە کاتی خۆی بە ئێمەی دەگوت ئەوانە جاسوسن، تۆ بڵێی ئەو نەزانێت پڕۆفێشناڵێتی تەنیا ئۆپۆرتۆنیست بەرهەم دێنێت!
نازانم بۆ له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌بدوڵڵا په‌شێوم بیرکه‌وته‌وه، ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێ هه‌ردووکیان ئه‌نتی سیسته‌م بوون. ده‌زانی لەکاتی تیرۆرکردنه‌که‌ت پەشێو ماوه‌یه‌کی زۆر بێ هەڵوێست بوو، ڕۆژێکیان لەپڕێک هاتەوەو هه‌ر له‌دوور بینیم پیاوانی دەسەڵات پێشوازیان لێ ده‌کرد، هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ش کۆڕیان بۆ بەست، قەت پەشێوم ئاوا بەلاوازی نەبینیبوو، وه‌ک بڵێی ئه‌و هاتنه‌وه‌یه‌ی به‌زۆر ناچار کرابێ، له‌کۆڕه‌که‌ی چەند قسەیەکی ساردوسڕیشی لەسەر تۆ کردبوو به‌س بەشێوەیەک نەشیش بسووتێ نەکەباب. نازانم بۆ به‌ناوی په‌شێو شێرکۆ بێکه‌سم هاته‌وه یاد، ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌بێ هه‌ردووکیان شاعیرن. ده‌زانی شیرکۆش کۆچی دوایی کرد. ئەویش بەو دواییه زۆر بێزار دیاربوو، لەبیرەوەریەکانی هەستم بەپەشیمانییەک کرد لەوەی دوابیست ساڵی تەمەنی خۆی بەخەسار داوە. فاروق رەفیقیش هیچی تازەی نییە تەنیا کتیبێکی لەبارەی لۆژیک نووسییە ئەویش هەر بۆ ئەوە باشە فڕێیدەیتە ناو ڕەفەکانی زانکۆ نەک لەسەر شەقام بخوێنرێتەوە. نازانم هەر لەخۆمەوە بەناوی فاروق فەرهاد پیرباڵم بیرهاتەوە، ڕه‌نگه لێکچوونێک له پرچیان هه‌بێت. فەرهادیش حاڵی خراپە نەک خراپییەک لە بێهودەیی بەرانبەر بوون و گەردوون بەڵکو لە تێکشکانێکی دەروونی دەژی، دەیەوێ دڵی خۆی بەوە بداتەوە که وه‌ک گۆته ڕیسکی کردووه و به‌وه‌ی تازه ژنێکی گەنجی هێناوە. ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه‌ی دڵخۆشم ده‌کا، بەڵام ئەوە دەردی ئەو تیمار ناکا چونکە دەردی ئەو ئەوەیە کەس ئەوی بە تێکست نەناسی، خەڵک هەروەک له‌یبوکێکی سەرشاشە ته‌ماشای ده‌که‌ن، نازانن بۆ ڕۆدانی کوڕم و حیکایەتەکانی باوکم و هۆتێل ئەورپا شیعر‌و ڕۆمان و نووسینی ئەون، با وای لێبێت پێمناخۆش نییە! ئەو چووبوو بۆ فەرەنسا لەباتی قسەکانی کامۆو سارتەرو مۆدێلی ئیندیفیجواڵێتی بێنێتەوە داوای حوکمی لویسەکانمان بۆ دەکا!
سه‌رده‌شت گیان نازانم به‌ده‌م ئه‌و قسانه‌وه ئه‌وه چه‌نده‌مین چای و جگه‌ره‌مه که‌چی هێشتا بیرم لای پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ره، ئه‌وکاتی ئێمه جۆرێکی تر بووین. ده‌زانی هه‌موومان سه‌ر و سیمامان گۆڕانی تێکه‌وتووه و ته‌مه‌نمان هه‌ڵکشاوه و تاڵه‌مووی سپیمان لێ په‌یدابووه، به‌ڵام له خه‌یاڵدانی هه‌موومان تۆ هه‌ر له ته‌مه‌نه گه‌نجه‌که‌ی خۆتی وهیچ گۆڕانێکت به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.