هەموومان سەفەردەكەین بەڵام ..!

nabaz-goranنەبەز گۆران:

هەموومان سەفەردەكەین
بەڵام،هیچ كەس، وەك (كاوە) و(سۆران) و
(سەردەشت) بەجوانی سەفەرناكات.

لەوانەیە، بەخەیاڵی كەسماندا نەهاتبێت، رۆژێك بێت، دەسەڵاتێكی كوردیی نەوەكانی خۆی بكوژێت! من، لێرەدا تەنها شتتان بیردێنمەوە.
گرانیەكەتان بیرە؟ چۆن نەوەكانمان ڕێگای هاتوونەهاتیان دەگرتە بەرەو هەندێكیان لە دەریای (ئیجە) بوونە خۆراكی ماسیەكان و هەندێكی دیكەیان، بە دەست جەندرمەكانەوە ئاودیویی سنوور دەكرانەوە؟ كاتێك دەنێدرانەوە بۆ نیشتیمانەكەی خۆیان، لەبری ئەوەی رێزیان لێبگرن، زیاتر لە جەندرمەكان سوكایەتیان پێدەكردن.
سەیركە چەند نەوەیەكی بەدبەخت بووین، بە دەست ئەمانەوە.
بیرتانە بۆ تەپۆڵكەیەك، كە ئێستا ماریشی تیاناژی، چەند كوڕی جوانیان دابەكوشت؟ لەسەر جیاوازی ڕەنگەكان، چەند ماڵیان سوتاند و تاڵانكرد؟ چۆن بە مەقسەت نیشتیمانیانكرد بە دوو بەشەوە؟ خێزانەكان، گوندەكان، شارەكانیان دابەشكرد، بەسەر خۆیاندا؟
چ دۆزەخێكمان بینی بەدەست ئەمانەوە!
بیرتانە، كاتێك لە سەر مێزەكان دادەنیشتن، بە پێكەنینەوە، باسی یەك ماڵی كوردیاندەكرد و لە ژێریشەوە خەڵكیان هاندەدا، كە دوو ماڵین! كاتێك یەكیانگرتەوە، سامانی وڵاتیان دابەشكرد بەسەرخۆیاندا و نەوەكانی نیشتیمانیشان كرد بە پاسەوانی بەرژەوەندیەكانی خۆیان؟ كێ‌ بڕوای دەكرد، ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان داوای ئازادیاندەكرد، خۆیان بكوژی ئازادی بن؟ كێ‌ بڕوای دەكرد ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان خەونی خەڵك بوون، كە هاتنەوە دەبنە دژی خەڵك.
چ ئازارێكمان چەشت بەدەست ئەمانەوە.
بیرتانە، ئێوارەیەك بەناوی میوانیەوە، تەقەیان لە دەرگای ماڵی (سۆران) دا، تا هەواڵی مەرگی پێبدەن؟ بیرتانە، دەمەو بەیانیەك بەردەرگای زانكۆیان گرت و وەك چەتە (سەردەشت) یانبرد و لە كەنار دیوارێكی عەرەبیدا تەرمەكەیان جێهێشت؟ دەبێت چەند كوڕی تریان وا لێكردبێت؟ دەبێت ئەم پەیامنێرانەی مەرگ، نامەی مەرگی چەند كەسی بێگوناهیان بردبێتە ماڵەكەی.
چ كوشتنێكمان بینی بەدەست ئەمانەوە.
ئەو ئێوارەیەتان لەبیرە، لەبەر شوشەی باڵەخانەیەك، چەند گەنجیان خەڵتانی خوێنكرد؟ زنیدانە نهێنیەكان و هەڵكوتانە سەرماڵانتان لەبیرە؟ هەڕەشەكردن و كوشتنی خەڵكتان لەبیرە؟ بیرتانە دەستی ئەو گەنجانەیان دەبڕییەوە كە هاواریاندەكرد بۆ ئازادی؟ بیرتانە شەقامەكانیانكرد بە شوێنی تەرمی گەنجان؟
شوێن ما ئەوان ئەم نەوەیەی تیانەكوژن؟ كە لەشاخ بوون، چەند جوان بوون كە لەسەر كورسی بوون، چەند ناشیرین.
هەم منیش و هەم تۆ و هەر هەموومان، هەمووشتمان لەبیرە. ئەوەی ئەوان كردیان، هەر ئەوەبوو دوژمن ئەیكرد. هیچ شتێك ما بە ئێمەی نەكەن؟
بیرتانە كاتێك دەمەو عیشا، مەلا بانگی دەدا، لە باوەشی دایكیدا (كاوە) یان خەڵتانی خوێنكرد؟ ناڵەو گریانی ئەو دایكەتان لەبیرە؟ چیما پێمان نەكەن.
لەسەر هەڵهاتن لەم دۆزەخە، ئەیانگرتین. لەسەر ئازادی ئەیانگرتین، ئەیانكوشتین. لەسەر ماف ئەیانگرتین، لەسەر ماف ئەیانكوشتین. لەسەر وشە ئەیانگرتین، وەك چەتە ئەیانبردین، وەك چەتە ئەیانكوشتین. ئێوە بڕوا بەچی ئەكەن. ئەمانە هەر ئەوانەبوون ئەمانەیان دەكرد.
هەرچی خودا پێی ناخۆش بوو، ئەوانكردیان. هەرچی (بەعس) نەیكرد ئەوان كردیان. من هەر دەمەوێت بەبیرتان بێنمەوە، چیانكرد. ئێستاش خەریكی ئەوەن، خۆیان بكەن بەبت و ئێوەش سوژدەبەر. تۆزێك هۆش، بۆچی ئەمانەتان لەبیرنیە. كوڕی خەڵك و كوڕی تۆ و كوڕی ماڵی من، چە فەرقێكی هەیە، ئەگەر تۆ مرۆڤ بیت. بۆچی ئێمە ئەم شتانەمان لەبیربچێت. سەرباری ئەم هەموو برینانە…
بەڵام، هێشتا رۆحێكی ئازاد ماوە، هێشتا ئیرادەیەك ماوە. كەس لە (كاوە و سەردەشت و سۆران) ناچێت. هەركەسەو لەخۆی دەچێت. ئەما، بیرتانبێت ئەم چیرۆكە هەروا بە ئاسانی كۆتایی نایەت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.