دۆزەخی حەقیقەت

ئاسۆ جەبار:aso jabar

مەترسیدارترین و جەھەنەمیترین دۆخی زەبروزەنگ، ئەوکاتانەیە کە زەبروزەنگ دەبێتە فەنتازیا، ھەر لەفەنتازیای کوشتنەوە تا فەنتازیای لێدان و داپڵۆسین و رفاندن و کوشتن و شەرعیەتدان بە ھێشتنەوەی نھێنی و حەشارگە و کارائەکتەرء ھێزو جەبەڕوتی سڕینەوەی بەرامبەرو خامۆشکردنی ھەر جیھانبینی و کردەیەکی زیندووی شارستانی و رۆشنبیریی و ھەڕەشەکردن لەرۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و تەواوی کۆمەڵگە.
ئەو دەسەڵاتەی پێیوایە یاسا چەکێکی کوشندەیە بۆ خەفەکردنی میدیای ئازاد و رەخنە و دنیابینییە جیاوازەکان، بێگومان بێخەبەرە لەوەی کە ئەو دەسەڵاتانەی دەیانەوێت زەبری کوشندە بدەن لەمیدیای ئازاد بەر لەھەرشتێک زەبرێکی کوشندەتر دەدەن لەخۆیان، چونکە ئەگەر سەد ساڵ ھەڵپەرکێ بۆ دنیا پەخشبکەن ناتوانن کۆمەڵگەی نێودەوڵتی و رایگشتی چەواشەبکەن، پێکڕا ئەوانەی دەبنە کوشندەیەکی راستەقینە بۆ کوشتنی میدیای ئازاد وەک دەسەڵاتێکی ھەمەجی و پۆلیسی و ستەمکار لەراپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنوسان و راپۆرتی جیھانی لەسەر گەندەڵی و ناعەدالەتی تۆمار دەکرێن.
یاسا دەبێتە کۆیلەی حیزب و دەسەڵات، ئەوکاتە ئیتر یاسا دەبێتە ئامێرێکی حیزبی بۆ پەخشکردنی جەبەروت و چەواشەکاریی و شاردنەوەی راستییەکان، ئەوکاتە ئیتر زۆر ئاسان رۆژنامەنوسان دەکرێن بە تیرۆریست و پیاوکوژەکانیش دەبن بە فریشتە، گەندەڵ و تاڵانچییەکان دەبن بە نیشتیمانپەروەرو ئینساندۆستەکانیش دەبن بە خائین و دژەنەتەوە، دواجار داخستنی دۆسیەی رۆژنامەنوسە کوژراوەکان دەبێتە گرنگترین مەھامی حیزب و یاسا و دەسەڵات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.