ژۆرنالیزم و ئه‌و ته‌رمه‌ی كه بڕیاره نه‌مرێت..
عه‌تا محه‌مه‌دی چیرۆكنووس له‌ڕۆمانی (خواجه نه‌سره‌دین…)دا به‌شێوه‌یه‌كی سیمبوڵی باس له‌كوشتنه‌كانی وه‌ك سه‌رده‌شت عوسمان ده‌كات. عه‌تا، فه‌رمانڕه‌وایی كۆن و نوێ له‌وه‌دا به‌راورد ده‌كات، كه پاشا كۆنه‌كان گوێیان له خواجه و به‌هلول و نوكته‌بێژه‌كان ده‌گرت و له‌ڕێگه‌ی گاڵته‌كردنه‌وه ره‌خنه‌كانیان پێده‌گه‌یشت. ئه‌مجۆره كاره‌كته‌رانه له‌مێژووی ئه‌وسادا زۆرن و به‌دیدی عه‌تا ده‌كه‌ونه نێوان شێت و عاقڵه‌وه. به‌كورتییه‌كه‌ی، جاران به‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به قسه‌ی خه‌ڵكانی خواره‌وه ده‌كه‌وتنه پێكه‌نین، به‌ڵام له دونیای نوێ‌دا په‌یوه‌ندییه‌كه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه. ده‌سه‌ڵاتدار و دیكتاتۆره‌كان نوكته و گاڵته ده‌كه‌ن و پێویسته ره‌عیه‌ت و هاووڵاتیان پێبكه‌نن. ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س له‌سه‌ر ئه‌وه ئیعدام كراون كه نوكته‌یان گێڕاوه‌ته‌وه، گوایا نوكته ئیشی ئه‌وان نییه. عه‌تا، مردنی سه‌رده‌شت وه‌ك خه‌له‌لێك له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا پیشان ده‌دات. سه‌رده‌شت له سه‌رده‌مێكدا شۆخی و گاڵته‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كاندا كرد، كه مافی گاڵته‌كردن تایبه‌ته به ده‌سه‌ڵاتداره‌كان.
له‌م درزه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین تۆزێك له فه‌زای ژۆرناڵیزم دووربكه‌وینه و چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر مه‌رگی سه‌رده‌شت بخه‌ینه ڕوو. ژۆرناڵیزم و رۆژنامه‌نوسیی كوردی، مردنه‌كان كورت ده‌كاته‌وه بۆ رستێك كڵێشه‌ی وه‌ك: سه‌رده‌شتیش یه‌كێكه له شه‌هیدانی ئازادی و قه‌ڵه‌م، سه‌رده‌شت سه‌لماندی كه ئازادیی بیروڕا بوونی نیه و هتد. ئه‌م كڵێشانه، گه‌رچی ڕاستیی سه‌ره‌تاییان تیایه، به‌ڵام غه‌دری ژۆرناڵیستیشییان تیایه. گه‌ر ئه‌م كڵێشانه تا دوا سنوری لۆژیكی ڕابكێشین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌وه به‌م ده‌ره‌نجامانه: پێویسته رێگه‌ی ئازادی هه‌میشه دوور بێت، هه‌ر كوژراوێك یه‌ك دانه‌یه و تاكه ژماره‌یه‌كه، هه‌ر قوربانییه‌ك ده‌چێته‌وه پاڵ قوربانییه‌كانی تر و ده‌بێته چه‌ندێتییه‌كی رووت، دادگاییكردنی بكوژانی سه‌رده‌شت جۆرێكه له عه‌داله‌ت و قه‌ره‌بوو. گه‌ر تۆزێك وردبینه‌وه، په‌یوه‌ندیی عه‌داله‌ت و مردن له‌مه ئاڵۆزتره به دادگا قه‌ره‌بوو بێته‌وه، جگه له‌وه‌ی كه مردن خۆی دۆخێكی موتڵه‌قه و زۆرجار به‌راورد و چه‌ندێتی و قه‌ره‌بوو هه‌ڵناگرێت. دادگاییه‌كه له هه‌ولێر بێت یان لاهای، نیشانه‌كانی سه‌ر ته‌رمی سه‌رده‌شت چاره‌سه‌ر ناكات. كه‌واته چی له ته‌رمه‌كه‌ی سه‌رده‌شت بكه‌ین؟
ره‌نگه ئه‌م پرسیاره ساده‌یه تا سه‌رده‌مێكی دوور بمێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌رمێكه. له‌ڕ‌استیدا ئه‌م ته‌رمه هێشتا غه‌ریب و تۆقێنه‌ره. وه‌ك بڵێی ناتوانین توخنی بكه‌وین. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه تا ئێستا كوشتنی سه‌رده‌شتی وه‌ك زه‌ربه و تراومایه‌كی ده‌روونی لای هه‌موومان هێشتووه‌ته‌وه. مه‌به‌ست له ته‌رم، له‌شی بێڕۆحی قوربانییه‌ك نیه. به‌ڵكو جۆره ماتریاڵێكی موقه‌ده‌سه كه خۆمان داومانه به كوشتدا و ئێستاش ده‌یپه‌رستین. ئه‌مه له تیۆری ته‌وته‌می فرۆیدیشه‌وه نزیكه. خێڵه سه‌ره‌تاییه‌كان، گیانه‌وه‌رێك ده‌كوژن و پاشان له‌ده‌وری كۆده‌بنه‌وه و ده‌یپه‌رستن. به ته‌عبیره‌كه‌ی ژیژه‌ك، بڕیاره ته‌رمی سه‌رده‌شت نه‌مرێت، یان ئه‌و ته‌رمه‌ی كه بڕیاره نه‌مرێت. ئه‌مه به‌پێچه‌وانه‌ی گوتاری ژۆرناڵیزمه‌وه، كه سه‌رده‌شت ده‌مرێنێت و چاوه‌ڕوانی قوربانیی دواتره. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه لیستی كوژراوه‌كان له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن درێژببنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پتر بیسه‌لمێنن كه ئازادی بوونی نییه و هه‌موومان ئاماده‌ی قوربانیدانین. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه مه‌رگدۆستی له ئینسانی ئێمه‌دا ده‌جوڵێنێت و زۆرێك هه‌ن ده‌خوازن «شه‌هید» بكرێن. ته‌نانه‌ت وه‌سیه‌تی پێش كوشتنیش، لای هه‌ندێك رۆژنامه‌نووس ئاماده و بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
ته‌رمه‌كه بیرده‌برێته‌وه. ده‌نگێك هه‌یه كه حه‌سره‌ت به‌وه‌وه ده‌چێژێت كه سه‌رده‌شتی نه‌بینیوه و نه‌ناسیوه. ئه‌مه ته‌وه‌ری به‌شێك له نووسین و هه‌ڵوێسته‌كان پێكدێنێت. وه‌ك بڵێی، چێژی مه‌رگدۆستییه‌كه له قووڵاییدا تێر نه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م چێژه تێر ببێت، ده‌بێت قوربانییه‌كه بناسین و یاده‌وه‌ریمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت و پاشان مردنه‌كه‌شی له‌مس بكه‌ین. مردنه‌كه‌ی ببێته دیمه‌نێكی كامڵ له زاكیره و یاده‌وه‌ریماندا. به‌ته‌نیشتی ئه‌م هه‌سته‌وه، ریزێك میتافۆری مه‌رگدۆستانه‌ی دی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت: سه‌رده‌شت حه‌لاجێكی تره، سوقراتێكی تره، خاوه‌نی شه‌هاده‌تێكی تره.
خوێنی سه‌رده‌شت پێویستی به‌م ئه‌فسانه و قه‌ڵه‌وكردنانه نییه. سه‌رده‌شت و كاوه و سۆران، پێویستیان به‌و به‌راورده ئه‌فسانه‌ییه نییه. ئه‌مانه گه‌نجی ساده و دڵسافن، له نزیك ژیانه‌وه كوژران، ته‌نانه‌ت ئاستی نووسین و ده‌ربڕینیان ده‌لاله‌ت له‌م خاڵسی و ساده‌ییه‌یان ده‌كات. به‌راوردی ئه‌مان به فڵان ئایكۆنی مێژوویی، نیه‌تێكی شاراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌پشته‌وه‌یه و كۆمه‌ڵگا بۆ هه‌ستی تر ده‌گه‌ڕ‌ێت، بۆ تێركردنی غه‌ریزه‌ی شاراوه‌ی تر.
سه‌رده‌شت پێشتر ده‌یزانی ده‌كوژرێت، كه ده‌شكوژرێت له‌ناوناچێت و وه‌ك مردنه‌كه‌ی تا رۆژگارێكی دی كامڵ و پڕ نابێته‌وه. واته هه‌ندێك مردن تا سه‌رده‌مانێكی دی، درێژده‌بنه‌وه و پڕ نابنه‌وه. مانا و خه‌رمانه و ده‌لاله‌ته‌كانی خۆیان نادۆزنه‌وه. به‌م پێیه، كوشتنی سه‌رده‌شت جۆرێكه له دیاله‌كتیكی مان و نه‌مان، كوژران و نه‌كوژران. گه‌ر دیوێكی سه‌رده‌شت بۆ ئازادیی قسه‌كردن كوژرابێت، ئه‌وا دیوه‌كانی تری به شاراوه‌ی ده‌مێننه‌وه. ئه‌م جۆره مردنانه له سه‌ره‌تادا جۆرێكن له تراوما به زمانه فرۆیدییه‌كه، یان ریاڵ به زمانه لاكانییه‌كه. واته وه‌ك شۆكێكی ته‌عبیرنه‌كراو رووده‌ده‌ن و پاش زه‌مه‌نێكی تر دێنه ناو سیسته‌می ره‌مزی و ماناوه. واته هه‌وڵی ژۆرناڵیزم و جه‌ماوه‌ر، نه‌مركردنی سه‌رده‌شت نییه، به‌ڵكو زوو مراندنێتی.
ده‌یانه‌وێت قوربانییه‌كه كۆتایی بێت و بینێرن بۆ مێژوو و بیكه‌نه سیمبوڵ. ئه‌مه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌وه كه، قوربانییه‌كه پارچه پارچه ده‌مرێت و مه‌دلوله‌كانی یه‌كسه‌ر خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه. هه‌ر لێره‌وه، ره‌نگه سه‌یر نه‌بێت كه هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژه‌كان، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به ئازادییه‌وه نه‌بێت. چونكه لانیكه‌م بكوژه گه‌وره و ره‌مزییه‌كان دیارن. تا ئه‌و راده‌یه دیارن كه قوربانییه‌كی تریش به‌ڕێوه‌یه. ئه‌و هۆشیارییه‌ی كه خۆی له دۆزینه‌وه‌ی بكوژه‌كاندا كورت ده‌كاته‌وه، هۆشیارییه‌كی ژۆرناڵیستی و پۆلیسی و كاتییه. په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هۆشیارییه له شاشه و گۆڤاره‌كانه‌وه بۆ ناو خه‌یاڵی جه‌ماوه‌ر، په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی راسته‌وانه و روون و به‌رچاو نییه. گواستنه‌وه‌ی هۆشیارییه‌كه به كه‌ناڵی پیچاوپێچدا رووده‌دات: ئایا جه‌ماوه‌ر واقیع كورت ناكاته‌وه بۆ فیلمێك و بكوژه‌كانی ناوی؟
پاش رۆمانه‌كه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د، ورده ورده ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه سیاسییه‌كان نه‌ك هه‌ر ته‌نز و نوكته ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵكو ده‌شتوانن ره‌خنه له خۆیان بگرن. نوكته راسته‌قینه‌كه ئه‌مه‌یه. ئه‌و ده‌مه‌ی ره‌خنه له خۆت ده‌گریت، ئیدی سیحری ره‌خنه‌گرتن ته‌واو كاڵ ده‌كه‌یته‌وه. هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك وه‌ك نوكته‌یه‌كی بێتام و به‌تاڵی لێدێت.
یادكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌شت بریتی نیه له كۆپیكردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌ك، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ر ئۆبێكتێك، ته‌رمێك، رووداوێك كه قوربانییه‌كه‌ش ته‌فسیری ته‌واوی بۆی نه‌بوو. ده‌توانیت یاداشت و بابه‌ته چكۆله‌كانی سه‌رده‌شت عوسمان بخوێنیته‌وه و بیپشكنیت. قوربانییه‌كه‌ش تا جێیه‌ك ده‌یتوانی له مردنی خۆی تێبگات…ئازادی هه‌میشه ده‌سكه‌وتێكی پله پله نییه، كه به‌سه‌ر ته‌رمی قوربانییه‌كاندا پێی بگه‌یت. زۆرجار مردنه‌كان، وه‌ك جوڵه و ژێستێكی خاڵی ده‌مێننه‌وه و هیچ نرخێكیان له‌مێژوودا نییه.
سەرچاوە: دەستور