هیچ شتێك لە ئازادی بەنرختر نیە

تالیب ڕەسوڵ:Talib-Resul

پێنج ساڵ لەمەوبەر لەناو جەرگەی پایتەختی هەرێمەکەماندا کوڕێکی گەنجی خوێن گەرمی خاوەن تەنها قەڵەمێك و هەستێکی ناڕازی لە ژینگەو کۆمەڵگاکەی، ڕفێنرا. ئەو ڕەخنەی دەگرت، دەیویست گوێی لێ بگیرێت و وەکو گەنجێكی خێرلەخۆ نەدیوی کوردستان خەونی بە وڵاتێکی هێمن و ئارام و خاوەن سەروەرییەوە دەبینی. دوای دوو ڕۆژ لە ڕفاندنی تەرمەکەی دۆزرایەوەو بۆ هەمیشە قەڵەمەکەی نووکەکەی شکێنرا و لە نووسین خرا. سەردەشت باش دەیزانی کە ژیانی بەرەو کۆتایی دەڕوات و ئەوانەی کە ئەو ڕەخنەیان لێ دەگرێت تەنها زمانی چەك و کوشتن دەزانن ، بۆیە تەنها داوای ئەو دوای نەمانی خۆی ئەوەیە کە هاوڕێکانی بێ دەنگ نەبن و بەردەوام بن لە ڕەخنە و قسە کردن.
وەکو هاووڵاتییەکی ئەو هەرێمە “نادرەی” خۆمان ، من سەردەشتم نەدەناسی، بەڵام شێوازی لەناو بردن وڕفاندنی گەنجێکی خوێن گەرمی وڵاتەکەم لە ناخەوە ڕایچڵەکاندم. بێگومان ئەمە تەنها بۆ سەردەشی نیە بەڵکو بۆ هەموو هاوزمانەکانم ئەو هەستەم هەیە. ئەوەی زیاتر لەلای من ناخۆشەو بێئومێدم دەکات ئەوەیە کە تا ئێستا نەمدی بکوژێك بدۆزرێتەوەو سزای خۆی وەربگرێت. هەمووشمان دەزانین یان کەسانی شارەزا وتوویانە ” لە هەر شوێنێك تاوانبار نەدۆزرایەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لەو تاوانەدا بەشدارە”. هەروەکو نەمر سەردەشت ووتی ” دەسەڵاتێك باکی بە کوشتنی ڕۆڵەکانی خۆی نەبێت” دەبێت چ ئومێدێکت پێی بمێنێ؟
بە داخەوە باش دڵنیام کە هەتاکو خاوەن چەك و هزر تاریکەکان وڵات بەڕێوەبەرن ئەوا سەردەشت دوا قوربانی نابێت و ژیانی سەرجەم سەردەشتەکانی تر لە مەترسی ڕفاندن و لەناوبردندان. خەبات کردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەك کە سەرجەم مرۆڤەکان ژیانیان پارێزراو بێت و شکۆی مرۆڤ تێایدا لەسەروو هەموو شتەکانی ترەوە بێت ئەرکێکی هەنووکەیی و پێویستە. کوردستانێك بەمن چی کە نەتوانم بە ئازادی تیا بژیم؟ لەو بڕوایەدام لەدوای نەمانی سەردەشتەوە هەندێ گۆڕانکاری ڕوویداوە بەڵام لەچاو قوربانی و ماوەکەیدا زۆر کەمەو دەبوایە زۆر باشتر بوایە. تەنها داوام لەم ڕۆژەدا دۆزینەوەی بکوژەکان و سزا دانیانە!

ئەم هۆنراوەیەم لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە لای خۆم هەڵگرتووە. نووسینی کەمال میراودەلی یە و بە هاوکاری بەڕێزان کاك ئامانج یەحیا و کاک شازاد لە بەرنامەی ڕۆژباش کوردستان، ڕاستەوخۆدا لە کەناڵی ستێرك، پێشکەشمان کرد.منیش لەم ڕۆژەدا پێشکەشی دەکەم بە ڕۆحی نەمر سەردەشت و سەرجەم پاکڕەوانانی ڕێگای ئازادی مرۆڤەکان.

**هۆ دایـــــــــە**
هــــــۆ دایـــــە مەڵێ ڕۆڵەکەم
بەبێ کەسی سەری نایەوە
ئەوە نیـــــە ئاســـــمان
بە بارانی چاوەکانی خۆی ئەمشوات؟
ئەوە نیە خــــەزان
گەڵای زەردی درەختەکانی
بۆ کردوومەتە کـفـــن
ئـــەوە نیـــە زەوی
باوەشی گەرمی بۆ کردوومەوەو
توند توند بە سنگی خۆیەوە گوشیوم
نـــا دایە گیان، هەرگیز مەڵێ
کوڕەکەم بەبێ کەسی سەری نایەوە
ئەو خاکەی بە درێژایی تەمەنم
عاشقی سەوداســـەری بووم
ئەوەتا تك تك خوێنم دەمژێ و
لە دڵی خۆیدا جێـــم دەکاتــــەوە….

هۆنراوەی: کەمال میراودەلی

Leave A Reply

Your email address will not be published.