بۆ سەردەشت ی رۆح سپی

ستارە عارف:stara arf
هەمو پێواژۆ سەختەكانی ژیانی هەر كۆمەڵگەیەك، كە سیستەمە ڕامیاریەكەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی خۆی دەژێنێت و لەشوێنی ئەوەی ببێتە مایەی ئارامی و ژیانێكی بە كەرامەت، بە پێچەوانەوە دەبنە زوحاك و بەڵا و تەوق بۆ گیانی هاوڵاتیانی خۆیان، ئەو كاتە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەو سیستەمەدا بێتە كایەوە و خۆری ئاوەدانی و ئازادی هەڵبێت، دەبێت قوربانی بە گیانی پاك و بزێویی گەنجە وریا و بیر ڕونەكانیانەوە بدەن و باجی قورسی پێشكەش بكەن.

پێشەنگ و ئەو گیانفیدایانەی خۆت ئاسا سەردەشت گیان، بە مەرامی باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان و چاكەی گشتی قوربانی بە بەهاترین بەهایان دەدەن، كە جەستە و ڕۆحیانە، لەهەمو كۆمەڵگەیەكدا بە بەها و ناوازەن، كە توانستیان هەبێت، خۆ نەویست و گیانفیدا خەون بە باشكردنی ژیانی وڵاتەكەیانەوە ببینن و سڵ لەفیدا كردنی گیانیشیان نەكەنەوە.

تۆی ڕۆژنامەنوس و چاو و دڵی هاوڵاتیانی كورد، زوتر دەركت بە نادادی سیستەمی ڕامیاری و دەبەنگی سیاسیە بازرگانەكان كرد، زوتر و ئازاتر و خێراتر هەستتكرد، ئەگەر ئەم گۆمی مەنگی گەندەڵی و قۆرخكاری و دەبەنگیەی ڕامیاریی و سەركردە نەوتفرۆش و وڵات هەراجكارەكانی ئەم وڵاتە نەشڵەقێنرێت، ئەوا بێدەنگی و بە مێگەلكردنی هاوڵاتیان و سڕكردن و زیندانیكردنی ئازادی بیروڕا دەبێتە كلتور و ڕۆتایی ئاسایی وەردەگرن.

لەبەرئەوە تۆی چاپوك زو دەستت بۆ هەڕەمی نا پیرۆز و قاڵبگیری بە ناو سەركردە و سیاسیە بازرگانەكان برد و شڵەقاندت، تۆ ئێستا سیمبۆڵی گیانفیدایی گۆڕانكاری سیستەمی ڕامیاری و ئازادی ڕا دەربڕین و پێنوسیت لەكوردستان، تۆ قیبلەی گۆڕینەوەی نادادی بە دادوەری و قۆرخكاری بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕونكاری و ئیرادەی پتەوی ڕۆژنامەنوسی بە ئاگا و گەنجی زرنگیت.

درود بۆ ڕۆحی پاک و ئازایت….
ستارە عارف

لە لاپەڕەی نووسەر وەرگیراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.