سەردەشت عوسمان ڕەمزێک بۆ ئازادی!

جەمال موحسین:jamal muhsin
سەرەتای مەی ٢٠١٢
دوو ساڵ بەسەر ڕفاندن و تیرۆرکردن سەردەشت عوسماندا تێپەڕ ئەبێت و هێشتاش بکوژان نەک ئاشکرا نەکراون بگرە دەسەڵات هەمان سیناریۆی لیژنەی بە ناو لێکۆڵینەوەکەی بە دەستەوە گرتووە.
سەردەشت تەنها گەنجێک نەبوو کە فەنتازیا و خەیاڵەکانی بخاتە سەر پەڕە. سەردەشت لە وەتەرێکی حەساسی کۆمەڵگای دا، دەمی لە تابۆیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی کوتا! کە ئەویش دەستبردن بوو بۆ ڕەخنەی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بەرامبەر بنەماڵەی دەسەڵاتدار. سەردەشت گوزارشی لە خواستی دەیان هەزار لاو و گەنجی ئەم ووڵاتە کرد کە ئەیانەوێ بە یەکسانی بژین و نایانەوێ هەر چاوبڕکێیان بێ لەگەڵ ئەو هەموو پارە و پولەی کە ڕژاوەتە ناو گیرفانی دەسەڵاتەوە و تەواوی جەماوەری دەستەنگی کۆمەڵگاشی، کە زۆرینەن، لە بێبەشیدا ڕاگرتووە. سەردەشت دەنگی هەموو ئەو ئینسانانە بوو کە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری تەنگی پێهەڵچنیون و ڕۆژانە گوزارش لە ناڕەزایەتییان بەم دەسەڵاتە ئەکەن کە بێمافی پاراستووە. هەربۆیە قەڵەمی سەردەشت هەر تەنها قەڵەمێک نەبوو چەند ووشەیەک بڕازێنێتەوە و دایڕێژێ، قەڵەمی ووتنی حەقیقەتی دەسەڵاتی فیرعەونی بنەماڵە و دەسەڵاتی عەشیرەتگەری ناسیۆنالیزمی کورد بوو. قەڵەمێک بوو لە ڕوانگەی چینێکی بەرینی کۆمەڵگاوە دەنگی “نا” ووتنیان هەڵبڕیوە لە دژی دەسەڵاتێک کە تاکە خەمی کۆکردنەوەی سەرمایە و سەپاندنی بێمافییە بەسەر سەری خەڵکەوە. دەنگی “نا” ووتنی خەڵک بوو بە نەبوونی ئازادی و دەم کوتان لە تابۆ و شتە بڤەکان!
ئەگەر سەردەشت ئەو دەنگە بوو، ئەوەشی کە ڕفاندی هێندەی تر سەلمانی کە تا چ ڕاددەیەک دژی ئازادی و پارێزەری سەرمایەیە لە کوردستاندا. لای هەمووان لە ڕۆژی ڕووناک ڕۆشنترە کە ئەوەی ئەو کارەی بە نەخشەوە کرد پارتی بوو! پارتیش بەو کارەی لە لایەک هێندەی تر سەرکوتگەری خۆی نیشان دا و لەلایەکی تریشەوە حوکمی مەرگی خۆی لە نەزەری خەڵکی ئازادیخوازەوە هێندەی تر نزیک کردەوە. پارتی هەرچەندە سیناریۆیەکی سازدا کە وویستی ئازادیخوازی سەردەشت ناشرین بکات و خۆشی لەژێر ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەری و کۆمەڵایەتیە فراوانەی کە بە تیرۆرکردنەکەی هاتە کایەوە بدزێتەوە، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە ڕق و بێزاری خەڵک بەرامبەر بە خۆی بڕەوێنێتەوە. تیرۆرکردنی سەردەشت لە پاڵ تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە هەنگاوێکی تر خەڵکی لە دەسەڵات دوور خستەوە و نەک وەک “حکومەتی خۆماڵی” سەیری نەکرد بگرە مۆری دوژمنی ئازادیەکانی خۆی دایەوە لە ناوچەوانی دەسەڵاتەکەی. مەرگی سەردەشت کە ڕەنگدانەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەو پەیامەی دایەوە بە دەسەڵاتداران کەبەرەی ئازادیخوازی لە کوردستاندا فراوان و گەورەیە و هەر دەرفەتێکی بۆ هەڵکەوێ دەسەڵات لە بەردەم دادگای جەماوەری خۆیدا دائەنێت.
بەڵام یادکردنەوەی سەردەشت نابێ تەنها بو نووسینی بابەت و ووتار قەتیس بخوات بگرە ئەبێ ڕیزی ئازادیخوازی لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری پارتی ڕێکخراوتر و یەکدەنگتر بکات تا سەپاندنی ئازادی بیروڕا و ئەندێشە و بیرکردنەوە ڕادەربڕین.
یادی سەردەشت عوسمان هەمیشە لامان زیندووە و ڕێبازە ئازادیخوازەکانی ڕێبازی هەمووانە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.