سەردەشت عوسمان بۆ هەمیشە لە یادماندا زیندووە!

سوهام عەلی:suham su
سەردەشت ئەو پەپولە ڕوح سوک و ئەو خوێندکارە زیرەک و ووریاو ووشیارەی دواین قۆناغی کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بەشی زمانی ئینگلیزی و ئەو ڕۆژنامەنوس و وەرگێڕە بوو کە بە کەمترین و کورتترین نوسین و وەرگێڕانەکانی عەرشێکی هێنایە لەرزین.
با بزانین سەرەشت لەسەر چی نووسی و بۆچی نووسی، ئەگەر بە خێرایی چاوێک تەنها بە ناونیشانی بابەت و وەرگێڕانەکانی سەردەشتدا بێ چوونە نێو ناوەرۆکی بابەتەکانەوە بگێڕین ئەوا ئەتوانین لەوە تێبگەین کە سەردەشت لە چ بەرەیەک بووە و داکۆکی لە خواست و خەون و ئارەزووەکانی کام توێژەی نێو کۆمەڵگای کوردستانی کردووە.
من بۆ وەبیر هێنانەوەو ناساندنێکی کورت و پوختی ئەو بلیمەتە تەنها ئاماژە بە ناونیشانی ئەو بابەتانە ئەکەم کە لە زمانی خامە و بیری سەردەشتی نەمرەوە هاتوونە دەر و داڕێژراون.  
١-داڵەكە دواى چەند مانگ و لەسەر شانى كێ دەنیشێتەوە؟
٢-مرۆڤه گهورهکان
٣-کارەســـــاتێک بەڕێوەیــە…
٤-لە گەنجێكى شەقامەكانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا
٥-داهاتووى عێراق بەرەو کوێ
٦-هەرێمى کوردستان، لەنێوان مەبەستى ئۆپۆزسیۆن و شەڕى بەغدا
٧-ئەوان هاتن و …
٨-دەرگاکان دامەخەن ، دنیا لەپەنجەرەوه دەمانبینێ !
٩-سڵاو مردن، زۆر لێتەوە دوور نیم !
١٠-هەموو ڕاكەن ئازادیی هات …
١١-شەڕی ژنەکان دهستی پێکرد !
١٢-ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان
١٣-هەولێر تورکیایەکی بچووکه!
١٤-من عاشقى كچەكەى بارزانیم
١٥-نە سەرۆك خوایە نە كچەكەی !
١٦-یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا
ئەمانە هەرچەندە چەند بابەتێکی کەمن بەڵام پوخت وپڕ ماناو پڕ فکرو عەقڵ ومەعریفەیەکن،کە هەڵقوڵاوی فکری کەسێکە کە لە بەرەی چەپ و ئازادی خوازانە و نە تەنها رۆشنفکرە بەڵکە ئەیەوێت و بە تەواوی ڕۆ بچێت بە ناخ و دەرونی خەڵکی کرێکارو بەشمەینەت ژنان لاوان و هەر مرۆڤێکی تری برسی و ڕەش و روت،هەر کەسێک بە دیقەتەوە بڕوانێتە ئەم بابەتانە وا هەست ناکات کە کەسێکی گەنجی ٢٣ بەهاری هەڵگری ئەم هەموو ڕۆشنبیریی و ئەم هەموو عەقڵ و فکر و سیاسەتە بێت کە لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە دەستی بردووە بۆ هۆشیار کردنەوەی خەڵک،هاتووە و ئەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی قوڵ لە ناعەدالەتیەک کە یەخەی بە زۆربەی خەڵکی بەشمەینەتی مەملەکەتێک گرتووە کە تەواوی سەروەت و سامانەکەی لە لایەن کەمینەیەکی کەمی بنەماڵەکانەوە بە ناوی سەرۆکایەتی کوردستانەوە داگیریان کردوە و سەرۆکایەتییان وەک مەملەکەت لە نێوانی کور و باوک و براو برازا و نەوە وخزم وعەشیرەتدا دابەش کردووە و بە حەقی خۆیان نەبێت بە کەسی تری بە ڕەوا نابینن وەک ئەوەی کە بە تەنها ئەوان لە سەردەمانێک شۆڕشیان کردبێت وبە تەنها و تەنها ئەوان بووبن سەرما و گەرما وبێ نانی و بێ خەوی شاخەکانی کوردستانیان چەشتبێت بۆیە کەوا ئەم دەسەڵاتەیان بە زەبری چەک و ترس و تۆقاندن دابەش کردوە لە نێوانی خۆیان و هەر کەسیش رەخنەی هەبێت لە شکڵ و شێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بەهەدەردانی بەشی خەڵكی بەشمەینەتی ئەم کوردستانە ئەوە بێ سێ و دوو و بە رۆژی ڕوناک و لە ناو ئاپۆرای بەرزترین توێژی خوێندکاران کە زانکۆیە دەفڕێنن و بەم دەردەی ئەبەن کە بۆتە هۆی ئەوەی ئێمەش قەڵەمەکانمان بگرینە بە دەستەوە و بڵێین بەڵێ ئەزانین کە بە ئاگاهیەوە پلانتان داڕشت بۆ فراندن ولەناوبردنی ئەم کەڵە مرۆڤە نەمرە.
پیت بە پیتی بابەت و وتارو وەرگێرانەکانی سەردەشت خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و لەوە تێگەیشتبوون کە گەنجێکی نەک هەر وشیارو وریایە بە ماف و خەون و خواست و ئارەزووەکانی گەنجانی کوردستان سەرباری ئەمانەش خاوەنی زمانێکی پاراوی ئەدەبی بوو کە هەموومانی ئەخستە بەردەم بیرکردنەوە و تێڕامان… بەڵێ ئەم جۆرە کەسانە دەگمەن هەڵئەکەون بەم هەموو سیفاتەوە، گومانی تێدا نییە کە ئەم  جۆرە  مرۆڤانە و بارکراو بە فکر و ئەدەب و مەعریفەی ڕۆشن بەردی بناغەن بۆ شۆڕشی داهاتووی گەنجانی بەشخوراو و هاوتای لەشکرێکی بێشومارو مەشقپێکراو و پڕ چەک و ئامادەباشن لە کۆمەڵگادا. ئا لەم روانگەیەوەیە دەست برا بۆ فڕاندن و تیرۆری کەسێک کە بناغەی شۆڕشیک بوو بۆ سەر دەسەڵاتێک کە تا کاتی تیرۆرکردنی ١٩ ساڵ بەسەر گەندەڵی وناعەدالەتی و بێ سەرەو بەرەی ئەو دەسەڵاتەدا تێپەڕی.
بەڵی سەردەشت هەروەک خۆی وتی لە خەمی برا بچوکەکانی و نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو بوو کە خوازیارن وەک مرۆڤی هاوچەرخ بژین،بۆیە ئێمە بە گەنج ولاو پیر و ژن و منداڵەوە خۆمان بە قەرزاری سەردەشت و بە هاوخەم و  هاودەم و هاوئازاری خانەوادەو کەس و دۆستی سەردەشت ئەزانین و هەردەم و بۆ هەمیشە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی سەردەشتین و ئەچینەوە سەری دێڕ و تەواوکەری بابەت وڕێبازەکەی ئەبین و ڕێگە نادەین نە قەڵەم و نە خوێن و نە بیرکردنەوە و یادەوەرییەکانی وون بکرێن لەبەرچاومان.
بەرزو بەڕێز بێت یادی سەردەشت و خامە بوێرەکەی!
١٩ ی ئاپڕڵی ٢٠١٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.