یادێک لە سەردەشت..

پاڵەوانەکان هەمویان لەیەکئەچن!kamal chomany
کەمال چۆمانی:
هەر رۆمان، دراما یان چیڕۆکێکم خوێندبێتەوە، یان هەر فیلمێکم بینیبێ کە پاڵەوانەکەی بە گژ بتەکانی کۆمەڵگە و شەیتانەکانی ناو جڤاکدا چوبێتەوە، جۆرێک لێكچونی گەورەم بینیوە لەنێوانیاندا.
هەفتەی رابردو، درامای ‘تاڵی داندا’ (سزادان بە سەرپەڕاندن) ی نوسەری بەناووبانگی هیندی ‘گریش کارناد’م خوێندەوە. لێکچونێکی زۆرم بینی لەنێوان پاڵەوانی دراماکە ‘باساڤاننا’ و سەردەشت عوسمان. باساڤاننا، ریفۆرمخوازی گەورەی سەدەکانی ناوەڕاستی هیندستانە. ئەو بەگژ کۆی بتەکانی کۆمەڵگەدا چوەوە و خۆی و هەمو پشتیوانانی بونە قوربانی. شۆڕشی باساڤاننا بوە سەرەتایەک بۆ تێكشکاندنی جیاوازیی ‘کاست-چینە کۆمەڵایەتی و دینییەکان’ کە وەک ئەهریمەنێكی کۆمەڵایەتی و ئاینی، ئێستاش کۆمەڵگەی هیندیی پێیەوە ئەناڵێنێ.
لەپاڵ دروستبونی مەترسیی لەناوچونی ‘شانشینی کالیان’ی ‘شا بیجێلا’ لەلایەن لایەنگرانی باساڤاننا کە ژمارەیان لە سەدان هەزار خەڵكی رەش و روت و ‘بێ کاست’ رەتیکردبو، زەماوەندی کوڕێکی ‘بێ کاست-بێ چینی کۆمەڵایەتی یان رونتر چین نزم’ بە ناوی شیلاڤانتا و کچێكی بەرزترین کاستی کۆمەڵگەی هیندی و ئایینی هیندوییزم کە ناسراون بە ‘بڕاهمین’ بە ناوی ‘کالاڤاتی’، بوە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی وا کە مێژوی ئەو وڵاتە کەم بە خۆیەوە بینیوە.
باساڤاننا و سەردەشت لەیەکئەچن. هەمو پاڵەوانەکان لەیەکئەچن. من زۆرجار وا بیرئەکەمەوە هۆکاری خۆشەویستبونی رۆمان لای خوێنەر، خۆدۆزینەوەیەتی لە رۆحی یەکێک لە کارەکتەرەکان، بەتایبەت پاڵەوانەکان.
لە خوێندنەوەی دراماکە تێئەگەین بەگژاچونەوەی بتە دزێوەکانی کۆمەڵگە، مەحاڵە بێقوربانیدان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.