سه‌رده‌شت عوسمان
ویستم ناونیشانی وتاره‌كه‌م گوزارشتێك بێت پڕ به باڵای بوێری ئه‌و لاوه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بۆنی هه‌ناسه‌ی ئازایه‌تیه‌كی بێ ئامانی لێدێت بێگومان وه‌ك ئاو وه‌ك ئاگر، نه‌مدۆزیه‌وه… چه‌ندین گوزارشتم سڕیه‌وه له دوا هه‌مینیاندا ته‌نها له‌سه‌ر ناوه‌كه‌ی وه‌ك خۆی (سه‌رده‌شت عوسمان) گیرسامه‌وه، چون ناوی ئه‌و له هه‌مو گوزارشته‌كان بۆ ناساندن و وه‌سفی ئازایه‌تی ئه‌و پڕ ماناتره و ئیدی كه گوتت سه‌رده‌شت عوسمان واتا وتوته ئازادی، ئازایه‌تی، وشه، قه‌ڵه‌م، بێده‌نگ نه‌بون، چونه‌وه به گژ بته‌كاندا، هاتنه ده‌ره‌وه له ئه‌شكه‌وتی نه‌بینین و ده‌ربازبون له كۆت و به‌ندی نه وتن… زۆر زۆری تریش…
سه‌رده‌شت عوسمان وه‌ك چۆن گوزارشتێكه بۆ نه‌مریه‌كی گه‌وره و خاوه‌نی مردنێكی جوانه، ئه‌گه‌ر چی وه‌ك خۆی داوایكردوه تراژیدیه، به‌ڵام كاره‌ساتی تیرۆر و غه‌دری سوركردنی ده‌می دیسان مێژویه‌كی ره‌شه بۆ ئه‌و دروشمه‌ی هه‌مو جارێك به‌ناوی ئارامی وڵات پێمان ده‌فرۆشنه‌وه…
له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه دیسانه‌وه دوای غه‌در و خوێنی به ناحه‌ق رژاوی سۆران و بێده‌نگبونی به‌رپرسان لێی و نه‌گه‌یاندنی تاوانباران به ده‌ستی دادگا، دیسانه‌وه ده‌نگه‌كانی كۆیله‌یی و هه‌ناسه خنكاوه‌كانی ناو ئه‌شكه‌وت و ده‌رباره‌كانی سوڵتان پێمان ده‌ڵێن: بۆ ده‌ڵێن: ((بێده‌نگ نابین)) پێویست بو بڵێن ئێمه یه‌ك وشه ناڵێین و فه‌رمون ئێوه خۆتان وه‌ك خوێنی سۆران بزری بكه‌ن یان له باشترین دۆخدا سیناریۆیه‌كی بۆ ئاماده بكه‌ن و بڵێن ئاگادارن ئێمه چ هێزێكی پاراستنی راسته‌قینه‌ی ئێوه‌ین…
تا سه‌رده‌شته‌كان زیندو بن ئێمه بێده‌نگ نابین، تا تاریكی ئۆغر نه‌كات مۆمی وشه هه‌ر دایسێت، تا ئازادی نه‌بێته ماف نه‌ك مه‌كره‌مه‌ی ئێوه، ئێمه له سه‌دان خۆپیشاندانی تردا پڕ به‌گه‌روی نه‌وه‌كانی داهاتوشمان هاوار ده‌كه‌ین ئازادی، ئازادی… ئازادی…
ترس له وشه ترسێك نیه له ئێوه‌وه دروست بوبێت، كه‌م نین ئه‌و دیكتاتۆر و خوێنرێژانه‌ی له نوكی خامه‌ی ئازاكانی وڵات ترساون و نه‌شیانتوانیوه بیشكێنن، ئه‌گه‌ر توانیاتان ئاسمان داگیر بكه‌ن ئه‌توانن هه‌مو قه‌ڵه‌كانیش داگیر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر توانیتان بیچنه ناو خه‌یاڵی ئازادیخوازانه‌وه ئه‌شتوانن نه‌هێڵن كه‌س هیچ بڵێت، به‌ڵام تا خه‌یاڵ و رۆحی پڕ له ته‌حه‌دای سه‌رده‌شته كورده‌كان هه‌بن هیچ هێزێك نیه بتوانێت بڵێت: من به‌ر به شاڵاوی وتن و هاواری حه‌ق ده‌گرم…
زوڵم و زۆر هی هه‌ر ناو سه‌ده‌مێك بێت هی بێگانه یان خۆماڵی، ته‌مه‌نی كورته، هاربون و نه‌خوێندنه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك و به هێند نه‌گرتنی وشه‌ی (نا) له راستیدا بێباكی نیه هێنده‌ی نه‌خۆشیه، نه‌خۆشی ده‌سه‌ڵات، به كوڕه هاره 5 ساڵه‌كه‌ی خۆمم وت كوڕم بۆ هێنده هاریت؟ وتی: ئاخر، چونكه نه‌خۆشم! سه‌ره‌تا پێكه‌نینم هات پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ستام و وتم: پاساوه‌كه‌ی حه‌مه‌ی كوڕم چه‌ند نا لۆژیكیه بۆ حاڵه‌ته‌كه‌ی خۆی، هێنده بۆ دۆخی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد راسته، هاربون، چونكه نه‌خۆشن.