نیشتمانێک لە سەردەشت عوسمان
هونەر تۆفیق:
… هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە رۆژێک سەبارەت بە کەسایەتیەک بنوسم ، جا زیندوو بێت یان مردوو . بە ڕەخنەوە بێت یان ستایش کردن . بەڵام سەردەشت عوسمان وەک پەیام ، وەک مومارەسەیەکی ئازایانەی ئازادی ، زۆر زیاتر لەنوسین و یادکردنەوەمان لێ داوادەکات .
سەردەشت بە تەمەنێکی کورتی دنیای نوسین و گوزارش کردن لە خود و بەهاکانی مرۆڤ بوون ، بە تەنیا تەحەدای شمشێرەکانی نەکرد ! ، هێندەی فاسیلەی نێوان ملی خۆی و تیژایەتی شمشێرەکان ، ئەو فاسیڵەی نێوان واقیع و خەیاڵیشی جڵەوکردبوو .
باسکردن لە ئازادی ڕووبەرێکە زۆربەی نوسەرەکان قسەی تیادا دەکەن ، بەڵام ئەو قسانەی سەبارەت بەئازادی یە مومارەسە نەکرێت ، وەک ئەوەیە گوڵی باغە بفرۆشیت بە شەرتی گوڵی بۆندار . ئەوەیە فاسیلەی نێوان شمشێر و مل ، نێوانی خەیاڵ و واقیع چونکە بابەتی ئازادی وەک شەمەندەفەرێکە لەدوو هەڵبژاردن زیاتری نیە ، یان ئەوەیە سواری ئەبیت و لەگەڵ خۆی ئەتبات یان ئەوەیە دەکەویتە ژێریەوە و کۆتایت پێ دێنێت .
هەیبەتی عەقڵ لەدیاری کردنی ئەو ئیختیارەدایە ، لەو تاڵە باریکەدایە کە خەیاڵ لە واقیع جیادەکاتەوە . ئەقڵ ئەگەر کەرتێکی تەرخان بێت بۆ فەنتازیا و خەون بینین و نەست و خەیاڵ ، کەرتەکەی دیکەشی بۆ ئەزموون و فێربوون و ئیدراکەکانی مرۆڤ ، تێكەڵاوی ئەو دووکەرتە ، مانای لەدەستدانی هاوسەنگی نێوان خەون و ئاگایی ، تێکەڵاوی ڕاستی و درۆ ، ئازادی و کۆیلایەتی .. نزیکی هەردووکەرتەکە تەنیا بە فاسیڵەی کات ، هەستکردن بەکات ، دیاری کردن و گرنگی کات دێتەدی .
کات لە نوسینەکانی سەردەشتدا ئەو ئێستایەیە کە ئەو مەسولیەتە مرۆییەکەی خۆی تیادا بەجێ دەهێنێت ، هەرکاتێک کات تەواو بوو ، خاڵێکی بۆ دیاری دەکات و لەوێوە دەیسپێرێت بە نەوەکانی داهاتوو ، واتە ئەو بەر لەوەی ئەندامی خێزانێک بێت ، تاکێکی کۆمەڵگەیەکی مەزڵوم بێت ، لە هەست و بەرپرسیاریەکی مێژوویەوە کاتی نوسین و کاتی مومارەسە و کاتی جیاکەرەوەی خەون و ئاگایی دیاری کردووە .
کاتێک مێژووی نەتەوە و کۆمەڵگەیەک زیندوو و شکۆدارە وابەستەی هیچ کەسایەتی و گروپێک نەکرێت . سەردەشت بۆ ئەوەی لەمێژوویەکی زیندوو و ڕاستەقینەدا بمێنێتەوە دەبێت ڕووبەڕووی بتەکان ببێتەوە ، لەوەێوە جەنگێکی نابەرابەر دەست پێدەکات .
هێزی پەڕەیەک لە نوسین بەرانبەر هێزێکی زەبەلاح کە ئەزموونی شەڕی لەگەڵ هەموو شتێکدا هەیە ، تەنیا ئازادی نەبێت . بردنەوەی سەردەشت لەو شەڕەدا لەوێوە مسەوگەرە کە ئەو هێزەی لەبەرانبەریدایە بەهەمووشتێک دەوێرێت بە ئازادی نەبێت هێزی ئازادیش لەوەدایە کە پێوانەی هەموو شتێکی پێ دەکرێت ، بەڵام خودی ئازادی خۆی نەبێت هیچ شتێک نیە بتوانێت پێوانەی ئازادی بکات . سەردەشت نهێنی هێزەکەی خۆی دۆزیبویەوە کە ئاسوودەیی و ئازایەتی لەناو ئازادیدان . هەرگیز ستەم و ئازادی ناتوانن پێکەوە هەڵکەن ، شەڕنەبێت ئەو دوو ئەخلاقە لەیەک شوێندا کۆبکاتەوە ، هیج بەهانەیەکی تر نیە بتوانێت کۆیلایەتی و سەربەستی پێکەوە گرێ بدات . سەردەشت نایەت وەک ئەوەی هێزی ستەم ،تیئۆرەی دەکات ، لەبری ئازادی ، بە پلەکانی مافدا خۆی لە خشتەبەرێت . چونکە ماف دیاردەیەکە ، دەکرێت سازشی لەسەر بکرێت ، بەڵام ئازادی رادیکالانە فەرمانێکە ئەبێت مومارەسە بکرێت و بەجێ بهێنرێت . مرۆڤ یان ئازادە یان ئازادنیە ، لەوە زیاتر هیچ کەم و زیادەیەکی تری نیە
چونە مەیدانێکی وەها ترسناکەوە کە بۆ سەردەشت مەترسیەکانی ئازادی بەلاوە باشترە لە ئاشتیەکی کۆیلانە . جەنگێکە بۆ گەڕان بەدوای خود خۆیدا ، گەڕانە بەدووی دۆزینەوەی ئەرک و دۆزینەوەی ڕێگایەکی تر بۆ گەشەکردن . ئەگەر هەر نەوەیەک دروێنەی بەرهەمی نەوەکانی پێش خۆی بێت ، سەردەشت تۆوی ئازادیەکی وەشاند ڕاستەوخۆ تەسلیم بە نەوەکانی پاش خۆی کرد . ئیتر خۆی ڕووبارێکە تا درەنگتربێت ، تا ئارامتر و ڕێڕەوی درێژتربێت ، بەدڵنیایەوە قوڵ و قوڵتر دەگاتەوە بەو نەوەیەی ئەوەی ئێمە قبوڵمانە ئەوان لەبەریەک هەڵیدەوەشێننەوە.
زێڕ بە ئاگر ئیمتحان دەکرێت و مرۆڤیش بەزێڕ ، ئیمتحانەکەی سەردەشت بەسەر ژیانەوە بوو ، ئەگەر بەخۆی پاڵەوانی نوسینەکانی نەبوایە هێزی شەڕەکە و بردنەوەیەی نەدەبوو ، سەردەشت بەخۆی هەم نوسین و هەم ئیمتحانە . لە ڕێگەی مەرگی مسەوگەری خۆیەوە ، ملی لەبەردەم ڕەحمەتی شمشێرە بێ ڕەحمەکانی جەنگەڵدا دانابوو ، تا بیسەلـمێنێت ، ئەو دەستەڵاتەی ئازادی مرۆڤێک زەوت دەکات ، شایەنی ئازادبوون و حوکمداری نیە . ئەو ڕێگر نیە لەوەی کوندەپەپووکان بە ڕاسەریەوە بفڕن ، بەڵام قبوڵیشی نەکرد لەناوی سەری ئەودا هێلانە بکەن ، وەک چۆن لەسەری زۆربەماندا پڕیان کردووین لە هێلانەی شەمشەکوێرە و کۆندەپەپوەکان .
نرخی ئازاد بوونەکەی سەردەشت ، بەس تەنیا گوللەیەک بوو ، بەڵام نیشتمانێکی لەسەردەشت عوسمان خولقاند .