ئازار 29, 2024

دواین بابەت

تەنیا خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی دەتوانێ رێگە بگرێ لە خوێنڕشتن و تیرۆر!

Baker_Osmanبەکر عوسمان:
ئامادەبوانی بەڕێز سڵاوتان لێبێت!

سەرەتا سەری رێز و نەوازش بۆ کاوە گەرمیانی و ڕۆژنامەنووسانی گیانبەختکردوو و گیانبەختکردوانی ئازادی دائەنەوێنم…

بۆ هەموولایەک ڕۆشنە کە تیرۆری ڕۆژنامەوان کاوە گەرمیانی لەسەر کاری رۆژنامەوانی و ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانە بووە کە لەسەر گەندەڵی و ناعەدالەتی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە بڵاوی کردۆتەوە و مەبەستی بووە بڵاویان بکاتەوە.

تاوانی دڕندانەی کاوە بەو بێباکی و سادەییە، کوشتنی کاوە لە باوەشی دایکیدا زۆر مەترسیدارە. ئەو تاوانە بە پشتیوانی لە دۆسیەی تیرۆرەکانی پێشووتر ئەنجام درا. تێپەڕاندن و بە ئازاد سورانەوەی تاوانبارانی تیرۆرەکانی پێشووتر، دەستئاوەڵایی دا بە تیرۆرستان کە ئاوا بێبەزەییانە کاوە لەبەرچاوی دایکیدا تیرۆر بکەن. بێ وەڵام مانەوەی داخوازیەکانی خەڵک بۆ سزادانی بکوژانی سەردەشت، نەبوونی چارەسەری لە کەیسەکانی سەردەشت و سۆران، بووە ئیلهامی ئەو کەسانەی نەخشەیان بۆ تیرۆری کاوە گەرمیانی کێشاوە، بۆ ئەو کەسانەش تاوانەکەیان ئەنجام داوە.

تیرۆری کاوە گەرمیانی ئێمە دەخاتە بەربەرپرسیاریەتیکی گەورە و لەگەڵ چەندین پرسیاری هەستیار ڕووبەر دەبینەوە…

کێ کاوە گەرمیانی کوشت؟

کوشتنی کاوە کردەوەی ئەوانەیە کە چەکیان بەدەستەوەیە، کردەوەی ئەوانەیە مۆڵەتی ئەوەیان هەیە چەکیان بەدەستەوە بێت. کردەوەی ئەو هێزە میلیشیایانەیە کە حزبەکانی دەسەڵاتدار دروستیان کردوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان. هەموو کەس دەزانێ ئەوانە کێن!

تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان لە کوردستان بۆچی و چ مانایەک دەگەیەنێ؟ ئەوە پرسیارێکیترە بەدوای تیرۆری کاوە گەرمیانی، زۆربەمانی سەرقال کردووە.

ئەوەی تیرۆری ڕۆژنامەوانان لە تیرۆرەکانی تر جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە تیرۆری ئەوان بە مانای هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەژاری، گەندەڵی، ناعەدالەتی و قاچاخی نەوت و پێشێلکاریەکانی دەسەڵاتی کوردایەتیە. تیرۆری ڕۆژنامەوانان پێمان دەڵێ نابێت خەڵکی کوردستان هاوار بکەن و قسە بکەن. تیرۆری ڕۆژنامەوانان بەشێکە لە کۆی ململانێ و هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتی نارەزایی خەڵکی کوردستان لەسەر ماف و داخوازیەکان و ئازادیەکان. تیرۆری ڕۆژنامەوانان ڕاستەخۆ پەیوەستە بە ئایندەی کۆمەڵگا و چارەنوسی گەنجەکان و ڕۆلەکانمان و خەبات بۆ ژیانێکی باشتر.

گەنجانی گەرمیان، گەنجانی سلێمانی، گەنجانی هەولێر و گەنجانی دهۆک…. لەبەرچاوی ئەوان سەروەت و سامانی ئەوان لە ژێر زەوی و سەر زەوی و دەردهێنرێن و بەبەرچاوی ئەوان دەفرۆشرێ و بەتاڵان دەبرێ و دەچێتە سەر کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەسان و چەند بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتداری میللیشیایی لە کوردستاندا. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە بێکاریدا ڕاگیراون و بێبەش لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیاندان…. ئا لێرەدا بوونی رۆژنامەنوسی ئازا و بوێر بۆ ئەو دەسەڵاتە مەترسیدارە. بۆیە تیرۆری رۆژنامەنوسان لە کوردستان ڕاستەخۆ بەشێکە لە سیاسەت و سیستەمی نەوتی دەسەڵاتدارانی کوردستان.

بۆیە دۆسیەی کاوە دۆسیەی هەموو ئازادیخوازان و ڕۆژنامەوانان و خەڵکی کوردستانە، دۆسیەی ئێمە هەموومانە. لە تیرۆری سەردەشت ئەوە تاقی بۆوە کە تەنها خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی و خەباتی مەدەنی دەتوانێ بەربەست دروست بکات و ڕێگە بگرێت لە خوێنڕشتن و تیرۆر. ئەو نارەزاییە جەماوەری و خەباتە مەدەنیەی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان، تاکە ئومێدە بۆ بەستنی دەستی تاوانکاری دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی کوردستان لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر.

نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەو کەیسەی کاوەش بەلاڕێ داببرێت و بە سیناریۆ کۆتایی پیبهێنرێ. بەدوای ناڕەزایەتی چەند هەفتە و چەند مانگ و ساڵ بگەرێینەوە سەر هەمان خاڵی کۆتایی کەیسەکانی پێشوو.. ڕاستیەکەی ئەوە بەستراوەتەوە بەکاری ئەو جولانەوەیە. بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو جولانەوەیە فراوانتر ببیتەوە و شیوازی کارسازتریش لەخۆ بگریت، ئەو جولانەوەیە ڕێگایتر بگرێتەبەر.

ئەو جولانەوەیەپێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا بچێتە ئاستی پەناگیری و مانگرتن لەبەردەم دام و دەزگاکانی دەسەڵات و بە تایبەت دادگاکاندا، پێویستە ئەوە ڕابگەیەنریت کە تاکو تاوانبارانی ڕاستەقینە و بکوژانی کاوە گەرمیانی ئاشکرا و دادگایی نەکرێن و سزا نەدرێن ئێمە ڕیگا نادەین دادگاکان هیچ کارێکی تر بکەن. چ شتێک لە ژیانی ڕۆڵەکانمان گرنگترە؟ دادگایەک نەتوانێ سکاڵای کەسوکاری کاوە بگرێتەخۆی و بەئەنجامی نەگەیەنێ کاری چییە و بۆچیمانە؟

من پەیامم بۆ گەنجانی کەلار و شارەکانیتر هەیە، بچن بەردەمی دامودەزگاکان بگرن، بەردەمی دادگا بگرن و بڵێن ئێمە چاوەڕوانی سیناریۆ نابین بۆ کەیسی کاوە گەرمیانی…! بەزوویی تاوانباران و ئەنجاممان دەوێ…! نابێ چاوەڕوانی سیناریۆکانی ئەوان بکەین ئینجا هاوارمان لێ بەرز بێتەوە…! تەجرەبەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە ئەو دەسەڵاتە بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری یەخەی پێ نەگری وەڵام ناداتەوە…!

یا لەدەرەوە ئێمە لە ئێستاوە بریار بدەین لێرەبەدوا ناڕەزایەتیەکانمان ببەینە بەردەم نوسینگە و ناوەندەکانی حکومەتی هەرێم و یەکێتی و پارتی لەدەرەوە، لەهەر شوێنێک سەرانی حکومەت و یەکێتی پارتی دەربکەون ئێمە بەردەمیان بگرین و بە وێنەکانی کاوە و سۆران و سەردەشت و قوربانیانی دەستی ئەوان، پێشیان پێبگرین. تەسلیمی پۆلیسی وڵاتانی ئەوروپایان بکەین و بڵێین ئەوانە بکوژانی کوڕەکانی ئێمەن.

ئەگەر دەمانەوێ ئەم کەیسەش بەڵاڕێدا نەبردرێ، دەبێ بڕیاری ئەوە بدەین و لە ئێستاوە ڕای بگەیەنین و بڵێین بەرپرسانی حکومەت و یەکێتی و پارتی. بوەستن و هەموو کارەکانتان لەدەرەوە ڕاگرن. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژانی کاوە تەسلیمی دادگا نەکەن. لە هەر کوێیەک دەربکەون ئێمە لە پێشتانین و ویەخەگیرتانین و ڕاپێچی دادگاکانی ئەوروپاتان دەکەین، وەک بکوژانی ڕۆڵەکانمان دەتانناسێنین. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژانی ڕۆڵەکانمان ئاشکرا و تەسلیم بە دادگا نەکەن. ئێوە لەلایەن ئێمەوە تۆمەتبارن بە کوشتنی کوڕەکانی ئێمە. ئەوانە بەشیکن لەو ڕێگایانەی کە دەکرێ کارەکانمان سەمەری بێت و ئەم کەیسە بەلارێدا نەبردرێ.

باسی سومعەی حکومەت دەکرێ!

کە باسی ئەو کارانە دەکەین باسی ئەوە دەکەن ئەرێ بەڕاست ئەوە خراپ نییە بۆ سومعە و ناوی حکومەتی هەرێم…؟ ئەو درۆ گەورەیە و چاوبەستیەی کە لە تیرۆری سەردەشتیشدا بەخەڵک گوترا. لە تیرۆری کاوەشدا هەمان شتمان پێ دەڵێنەوە. بڕۆن ئەو قسانە بە تیرۆرستان و بکوژانی کوڕەکانمان بڵێن. ئێمە ئیتر بەو نوکتە بێتامانەتان پێکەنینمان نایەت. قسەکە ڕۆشنە ئەوە تیرۆر و بکوژانی سۆران و سەردەشت و کاوەیە سومعەی حکومەتەکەتان دەشێوێنێ نەک خەبات و ناڕەزایەتی لەدژی کوشتن و تیرۆر. بەڕای من ئەو خەبات و ناڕازایەتیانەی خەڵکی کوردستان لە دەرەوە و ناوەوە، ڕوخساری مۆدێرنانە و مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان بە دەرەوە و دونیا دەناسێنێ. بێدەنگی لە تیرۆر و کوشتن سومعەی کەس ناپارێزێ تەنها دەبێتە پشتیوانی و پاراستنی سومعەی تیرۆرستان و بکوژانی کاوە. بۆیە چەندمان کردوە دەبێ لەوە زیاتر بکەین. ئێمە هەر بەڕاستی بەو کارانەمان دەمانەوێت سومعەی بکوژانی ڕۆڵەکانمان رێسوا و زەلیل بکەین، بەردەوامیش دەبین تا ئەوکاتەی بەسزا و دادگای عادلانەیان بگەیەنین.
___________________________________

• وتەی بەکر عوسمان لە مەراسیمی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە شاری یۆتۆبۆری لە سوێد.

١٥\١٢\٢٠١٣ – یۆتۆبۆری

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *